نوچەنێت.ههولێر:
بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە ھەڵەبجە دەڵێت،ئەوان وەك پارتی چەند جارێك هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی پێکهاتەی پارێزگای هەڵەبجە بێتە ئاراوە، بۆ ئەو مەبەستەیش بەرچاوڕوونییان داوەتە هاووڵاتیان، بۆیە لە ڕوودانی هەرحاڵەتێكی نەخوازراودا لە 16/3، لایەنی دەستەڵاتدار لێی بەرپرسە.
فازڵ بەشارەتی،بەرپرسی لقی 12ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی ڕاگەیاندوە”لەگەڵ ئەوەی چەند ڕۆژێكی كەم بۆ یادی 27 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە ماوە،بەڵام پێناچێت لەم چەند ڕۆژە كەمەدا بتوانرێت پارێزگار دەستبەكار بێت و تەشكیلەی پارێزگا پێك بهێنرێت.
وتیشی”وەك پارتی لە كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا چەند پێشنیازێكیان خستووەتە بەردەم لایەنەكانی یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی پشكی پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە،بەڵام پێشنیازەكانیان بە ئەرێنی وەرنەگرتووە
بەرپرسی لقی 12ـی پارتی جەحتیشی كردەوە”وەك پارتی بەرچاوڕوونییان داوەتە هاووڵاتیان و چینوتویژەكانی هەڵەبجە لەبارەی پێكنەهێنانی ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە، بۆیە لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو لە 16/3، لایەنی دەستەڵاتدار لێی بەرپرسیار دەبێت
لە 13/3/2014 دا بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی)یەوە واژۆ كرا و دواتر لە 16/3/2014 لەلایەن سەرۆكی هەرێم (مەسعوود بارزانی)یەوە واژۆ لەسەر بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە كرا،بەڵام بە هۆی ڕێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانەوە هێشتا پارێزگار دەستبەكار نەبووە و هەیكەلی ئیداریی پارێزگایش پێك نەهێنراوە.