نوچەنێت.ههولێر:
بەڕێوەبەرى گشتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرى وەزارەتى پیشمەرگە،رایدەگەێنێت ماوەیەکە لە هەندێ میدیای عەرەبی و بیانی سەبارەت بە ڕەوش و ڕووداوە سەربازیەکان لێدوانی جۆراوجۆر بە ناوی ئێمەوە بڵاو دەکرێنەوە و دەشڵێت،لە بەرامبەر دووبارەبونەوەی ئەو کارە نا پیشەی و بێ بنەمایانە دا بێ دەنگ نابین و ڕێگەی یاسای دەگرینە بەر.
هەڵگورد حیکمەت بەڕێوەبەرى گشتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرى وەزارەتى پیشمەرگە،لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رونكردنەوەیەكی بڵاوكردوتەوەو ڕاگەیاندوە”ماوەیەکە لە هەندێ میدیای عەرەبی و بیانی سەبارەت بە ڕەوش و ڕووداوە سەربازیەکان لێدوانی جۆراوجۆر بە ناوی ئێمەوە بڵاو دەکرێنەوە تا ئێستا چەندین جار ئەم حاڵەتە هەست پێ کراوە،کە بە داخەوە بەشێک لەو لێدوان و زانیاریانە هیچ پەیوەندیەکی بە ئێمەوە نیە و دوور و نزیک لێیان ئاگادار نین“.
بەڕێوەبەرى گشتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرى وەزارەتى پیشمەرگە ئەوەشى وتوە”بۆیە بە پێویستی دەزانین بەو جۆرە کەناڵانە ڕابگەیەنین کە بە ناوی ئێمەوە لێدوان و زانیاری دروست دەکەن یان پێیان دەدرێت، ئیتر لە بەرامبەر دووبارەبونەوەی ئەو کارە نا پیشەی و بێ بنەمایانە دا بێ دەنگ نابین و دەرهەقی خۆیان و هەر سەرچاوەیەکی ئەو لێدوانە نا دروستانەیان ڕێگەی یاسای دەگرینە بەر“.
هەڵگورد حیکمەت ئاماژەى بەوەشداوە”بۆ هەموان روندەکەینەوە کە ئێمە زۆربەی لێدوان و بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵەکانمان بە تۆمارکراوی لایە. هەروەها شێوازی لێدوانەکانمان دیارە بە تایبەتی لای کەناڵەکان و هەر لایەنێکی پەیوەندیدار دەکرێ ناسینەوەیان و درک کردن بە راستی بوونیان ئاسان بێت،چونکە ئێمە هەموو کات بە پاندێتیەوە لێدوان و زانیاریەکان ڕادەگەیەنین کە بە تەواوی لە سنووری بنەماو نهێنیە سەربازیەکان و ئاسایشی هێزەکانی پێشمەرگەدایە و هەمیشە بە هەستیاریەوە هێڵ و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانمان ڕەچاو کردووە“.
بەڕێوەبەرى گشتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیرى وەزارەتى پیشمەرگە راشیگەیاندوە”هیوادارین ئەو حاڵەتانە دووبارە نەبنەوەو داواش لە هەموو کەناڵەکان و بە تایبەت ئەو جۆرە میدیایانە دەکەین هەر کاتێ ناڕاستەوخۆ لێدوان و زانیاریتان بە ناوی ئێمەوە دەسکەوت بەر لە بڵاو کردنەوەی پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ پشتڕاستکردنەوە و خۆ بە دوور گرتن لە هەڵە و ڕووبەڕووبونەوەی یاسایی“.