نوچەنێت-ئاژانسەكان
چەند ئەندامێكی دەستەی “فەرمان بە چاكە و رێگریی لە خراپە” لە سعودیە هێرشیان كردە سەر قسەكەرێك لە پێشانگای ریاز بۆ كتێب دوای ئەوەی ئیدانەی داعشی كرد لەسەر تێكشكاندن و لەناوبردنی شوێنەوارەكان ، كە پێیان وابوو بەرگری لە بتەكان دەكات و ئەمەش ئیسلام نەهی لێكردوە ، ژمارەیەك لە ئەندامانی دەستەكە چونە سەر سەكۆكە و داوایان كرد نوێژ بكرێت بۆ وەستاندنی كۆڕبەندەكە.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی سعودی رایگەیاند كۆڕبەندی ” گەنجان و هونەر … بانگەوازێك بۆ پێكەوە ژیان” كە لە میانەی چالاكیەكانی پێشانگای ریاز بۆ كتێب رێكخرابوو، دوێنێ ئێوارە جەنجاڵیەكی زۆری بەخۆیەوە بینی كە بوە هۆی وەستاندنی كۆڕبەندەكە دوای ئەوەی بەشێك لە بەشداربوان بایكۆتی كۆڕی دكتۆر ” معجب زەهرانی” یان كرد لەكاتی ئیدانە كردنی كاری تێكشاندنی شوێنەوارەكان لەلایەن داعشەوە لە موسڵ.
دكتۆر معجب زەهرانی وتی وێران كردنی شوێنەوارەكان لە عێراق و هەموو جێگایەكی تر دەستدرێژی كردنە بۆسەر میراتی مرۆڤایەتی ، تەنانەت ئاماژە دانیشی بە لێبوردەیی ئیسلامی ژمارەیەك لە بەشداربوانی رازی نەكرد(ئەندامانی دەستەكە) كە لەڕووی ئەوانە هەڵگەڕانەوە كە ئیدانەی لەناوبردنی شوێنەوارەكانیان دەكرد، پێیان وابوو ئەمە بەرگری كردنە لە بتەكان كە ئیسلام رەتی كردۆتەوە.
دكتۆر معجب زەهرانی كە بۆ رۆژنامەی “شەرقلئەوسەت” دواوە وتویشیەتی ” سەرم سوڕما بەو كۆمەڵە بەشداربوەی كە لە دژی قسەكانم بوون كاتێك وتم ئەو پەیكەر و شوێنەوارانە لە ماوەی چەرخی ئیسلامیشدا هەر بە پارێزراوی ماونەتەوە بەر لە 1400 ساڵ بێئەوەی كەس زیانیان پێبگەیەنێت پێش ئەوەی ئەو خوێنڕێژانە (داعش) بێن بۆ وێران كردنی كلتور و شارستانیەت، هەندێك لە بەشدار بوان دەنگیان بەرز كردەوە و هاواریان كرد بەڕومدا وتیان ئیبراهیم خەلیل بتەكانی شكاندوە”.
هەروەها لە كۆمێنتێكدا لەسەر رووداوەكە زەهرانی بۆ شەرقلئەوسەت وتی :” چەند توێژێك هەن لە كۆمەڵگەی دێرینی سعودیەدا بەرگەی قسە كردن لەسەر هونەر ناگرن و نازانن گرنگی جوانی چیە لە ژیاندا”.
یەكێك لە بەشدار بوانیش وتی كە بتەكان هەر لە سەردەمی ئیبراهیم خەلیلەوە رووبەڕووی تێكشكاندن بوونەوە هەتا پێغەمبەری ئیسلام محمد (د.خ) كاتێك چوە ناو كەعبەوە بتەكانی شكاند.
كاتێك زەهرانی وتی جیاوازیەكی زۆر لە نێوان ئەو دوو بابەتەدا هەیە دەنگەكان بەرز بوونەوە ژمارەیەك لە بەشداربوان كۆڕەكەیان وەستاند و چونە سەر سەكۆكە و داوایان كرد نوێژ بكرێت.