نوچەنێت- ئەلجەزیرە
هەندێك لە رۆژنامەكانی بەریتانیا و ئەمریكا گرنگیان داوە بە هێرشەكانی ئێستای سەر شاری تكریتی پارێزگای سەلاحەددینی باكوری بەغدا كە لە لایەن سوپای عێراق جێبەجێ دەكرێت.
رۆژنامەی ئۆبزێرڤەری بەریتانی لە سەروتارەكەیدا نوسیویەتی ئەم پرۆسەیە لە ڕووكەشدا بە بەرەوپێشچوونێكی پێشوازی لێكراو هەژمار دەكرێت چونكە رێكخراوی داعشی ناچار كردوە بچێتە باری بەرگری كردنەوە ، بەڵام وەك ئاشكرایە سوپای عێراق رووبەڕووی جەنگێكی دوور و درێژ و توند دەبێتەوە لە هەموو لایەكی شارەكەوە ، ئەمەش هەواڵێكی مژدەبەخش نیە بۆ تەحەددای گەورەی داهاتوو كە ئەویشت گێڕانەوەی شاری دووەمی عێراق موسڵە.
رۆژنامەكە ئاماژە بە زیادبوونی مەینەتیەكانی پێكهاتەی سوننە دەدات لە شارەكە بە هۆی ترسیان لەوەی ئەوان دەبنە قوربانی دەستی میلیشیا شیعەكان دوو لە سێی هێزی هێرشبەری عێراق بۆسەر تكریت پێكدەهێنن و نزیكەی 30 هەزار كەس دەبن، ئەو ترسەی دانیشتوانیش لەجێی خۆیدایە چونكە دەوترێت هێزی میلیشیای شیعە هەوڵ دەدات تۆڵەی توندوتیژی تائیفی رابردوو بكاتەوە لەگەڵ دەستەبەر كردنی سەركەوتنی ستراتیژی بۆ ئێران .
بەڵام رۆژنامەی “واشنتن تایمز” پێی وایە ئێران ئێستا لەناو زنجیرەیەك سەركەوتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژیت، كە بوەتە یاریزانێكی سەربازیی بە هەژموون لە عێراق ، هەروەها ڕزگاركەری رژێمەكەی بەشار ئەسەد لە سوریا و روخێنەری هاوپەیمانەكەی ئەمریكا لە یەمەن و گۆڕینی سوپای”حیزبوڵا”ی دەستكەلای خۆی بۆ هێزێكی سیاسی لە لوبنان و ناوچەكە.
واشنتن تایمز لەبارەی ئێرانەوە هەروەها دەڵێت لەگەڵ نزیكبوونەوەی رێككەوتنی لەگەڵ ئەمریكا و هێزە رۆژئاواییەكانی تر، پێدەچێت رێگەی پێبدرێت پارێزگاری لە پرۆژە ئەتۆمیەكەی بكات بێئەوەی زیانی پێبگات، بەمەش تاران سزا ئابورییەكانی لەسەر هەڵدەگیرێت و بەمەش داهاتێكی زۆری دەست دەكەوێت كە لە سوپاكەیدا خەرجی دەكات هەروەها لەو سوپایەشدا خەرجی دەكات كە لە دەرەوەی ئێران چالاكە و بە هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران ناو دەبرێت.