کۆمەڵی ئیسلامی داوا لەپەڕلەمانتارەکانی دەکات دۆخی کوردستان رەچاوبکەن… پەڕلەمانتارانی کۆمەڵ: پابەند دەبین

0

نوچەنێت . تایبەت

مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان داوا لەپەڕلەمانتارەکانی دەکات، لەگەڵ کاری پەڕلەمانیدا رەچاوی دۆخی کوردستان بکەن، و تەنها لەپێناوی وروژاندندا قسە لەسەر پرسەکان نەکەن، ئەندامێکی پەڕلەمانی کوردستانیش لەسەر لیستی ئەو حزبە، دەڵێت” پابەندین بەداواکەی مەکتەبی سیاسییەوە”.

بەپێی زانیارییەکانی نوچەنێت، مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، داوای لەپەڕلەمانتارانی سەربەحزبەکەی کردووە، لەقسەکردن لەسەر هەر پرسێک وردبن و تەنها بۆ ورژاندن و راگەیاندن کار نەکەن، لە هەر کارو لێدوانێکیشدا دۆخی ئەمرۆی هەرێمی کوردستان رەچاو بکەن.

نازم عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە، زانیارییەکانی نوچەنێت پشت راست دەکاتەوە، و لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت دەڵێت، تێبینیان لەسەر ئەدای پەڕلەمانتارانی کوردستان هەیە، بۆیە داوایان لەپەڕلەمانتارانی کۆمەڵی ئیسلامی کردووە، کە”هەرچیەك دەیڵێن با بەداتا بێت و وردەكاری تێدا بەكار بهێنن، واتە بەشێوەیەكی زانستی بێت و شتێك نەبێت تەنها بۆ راگەیاندن بێت، نابێت قسەکانیان تەنها بۆ راگەیاندن بێت، بەڵكو دەبێت پڕۆژەكانیان بۆ چارەسەركردن بێت، بۆ تەشخیس و نیشانەكردنی كەموكوریەكان بێت، گەڕان بێ بۆ چارەسەر لەپەرلەمان و لەشوێنی پەیوەندیدار، ئامانجی ئێمەش لەو داواکارییەمان لەپەڕلەمانتاران ئەوەیە کە کارو قسەی ئەوان تەنها هەڵای راگەیاندن نەبێت“.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ، تەئکید لەوە دەکاتەوە کە”ئێمە نامانەوێت ئێستا لەو هەلەومەرجەدا هەڵای راگەیاند دروست بكەین بەبێ چاكسازی، راستە داوە دەكەین لە پەرلەمانتارەكانمان کار بۆ چاكسازی فیعلی بكەن و دەست بخەنە سەر برینەكان، بەڵام نامانەوێت هەڵای ئیعلامی دروست بكرێت، و قسەکانیش هیچ ئەساسێکی نەبێت، تەنها بۆ راگەیاندن گەورە بكرێت”

شوكریە شێخانی پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنیت، هۆکاری ئەو داوایەی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە”هەرێمی كوردستان بە كۆمەڵێك قەیراندا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی قەیرانی دارایی و شەری داعش، ئێمە ئێستا لە هەموو كاتێك دوژمنمان زۆرترە بەتایبەتی شەری داعش کێشەیەکی گەورەیە بۆ کوردستان، لەلایەكی تریشەوە هەموو حیزبە سیاسیەكان ئەوانەی كە بەشداری حكومەتن، بۆ چونیان وایە، كە بەشداریكردن لەحكومەت مانای وایە، دەبێت ئەوانیش ئۆباڵی بەشێك لەو كەموكورتیانە هەڵبگرن“.

ئەوەشی راگەیاند کە پەڕلەمانتارانی کۆمەڵی ئیسلامی”پابەندین بەبڕیار و داواكەی مەكتەبی سیاسی“.

چونکە بەقسەی شێخانی”ئێمە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی حیزبەكەمان موتەفیق بوین لەسەر ئەوەو ئەوەمان یەكلایكردوتەوە هەندێك شت هەیە ئێمە وەكو پەرلەمانتار بۆچونمان لەگەڵ مەكتەبی سیاسی جیاوازە، ئەوان دەڵێن لەهەرشتێك كە بۆ چونمان جیاوازبوو دەكرێت رەئیی خۆتان بەو شێوازەی كەخۆتان پێتان باشە بیدەن، زۆر شتیش هەیە ئێمە بە گفتوگۆ یەكلایدەكەینەوە كە گونجاوبێت و پیچەوانەی شەرع نەبێت، لەهەمان كاتیش لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت “.

بەڕای ئەو پەڕلەمانتارەی کۆمەڵی ئیسلامی،”باشە هاوسەنگیەك رابگیرێت و چاوپۆشی لەگەندەڵیەكان نەكرێت و بەحكومەت بگوترێت، بەڵام بەدیدی چاككردن، ئێمە ناتوانین بڵێن هەموو گەندەڵییەكان ئەنجومەنی وەزیران كردویەتی، یان هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە كردویانە، بەشێك لەخەڵكی خوارەوەش گەندەڵی كردوە، بۆیە ئێمە لەسەرمانە گەندەڵیەكان رابگەێنین لەهەمان كاتیشدا چارەسەری بۆ پیشنیار بكەین، مەبەست تەنها وروژاندنی گەندەڵییەكان نەبێت، ئەوەی بەلای ئیمەوە گرنگە باسی كردنی خودی گەندەڵیەكان و دۆزینەوەی چارەسەریشە بۆ ئەو گەندەڵیانە و هەروەها بنبڕكردنیانە، چونكە تۆ گەندەڵی ئاشكرا بكەیت و بەخەڵكی رابگەێنێت، چارەسەری بۆ نەدۆزیتەوە، ئەوە تەنها برینی خەڵك دەكولێنیتەوە و تەنها ئازاری دڵیان دەدەی“.

شوکرییە شێخانی زیاتریش وتی”ناكرێت ئێمە وەكو پەرلەمانتار چاودێربین بەسەر حكومەت و چاوپۆشی بكەین لە گەندەڵییەكان، دەبێت گەندەڵیەكان رابگەێنرێت، بەڵام وەک وتم بەنیەتی چارەسەركردن و چاكسازی و نەهێشتنی ئەو گەندەڵیانەی كەكراون، ئەبێ مەبەست لەباسکردنی گەندەڵییەکان فەزحكردنی حكومەت نەبێت، بەشێوەیەک نەبێ دوژمنانمان دڵیان پێ خۆش بێت، بەڵكو دەبێت مەبەستمان چاكسازی بێت بۆ بنیاتنانی كوردستانێكی ئارام و پڕ لەسەروەری، کە لەرووی دارایشەوە بناغەیەكی ئەستوری هەبێت“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com