نوچەنێت.ههولێر:
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەڵامی برووسکەیەکی کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری،لەبارەی پێشڕەوییەکانی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک دەداتەوە و دەڵێت،سەركەوتنەكانی ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان زۆر ئومێدبەخشن و دڵی هەموو كوردستانیانی شاد كرد.
دەقی وەڵامەکە:
برای بەڕێز كاك كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان
سڵاوێكی گەرم..
بروسكەی بەڕێزتان لەبارەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە باشوور و ڕۆژئاوای كەركوك و تێكشكاندن و ڕاوەدوونانی تیرۆریستان گەییشت. سەركەوتنەكانی ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان زۆر ئومێدبەخشن و دڵی هەموو كوردستانیانی شاد كرد. سەرەخۆشیی لە خانەوادە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگە ئازیزانە دەكەم كە خوێنی ئاڵیان بووە هەوێنی سەركەوتنەكانی ئەمڕۆ و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازم.
دەستخۆشیی لە ئێوە و گشت پێشمەرگە و فەرماندە قارەمانەكان دەكەم كە ئەم سەركەوتنە مەزنانەیان تۆمار كردووە. سوپاسی دلێری و هیمەتی هەمووتان دەكەم و ئەم سەركەوتنە لەگەلی كوردستانیش پیرۆز بێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
9ـی 3ـی 2015