هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵات ره‌وشی هه‌رێم به‌ره‌و كوێ ده‌به‌ن؟
نوچه‌نێت: رێبوار ره‌زا چوچانی
له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانییه‌وه، لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان، زمانی هه‌ڕه‌شه كردن له پێش زمانی دایه‌لۆگه‌وه داده‌نێن، به‌ڵام وه‌ك رووداوه‌كان ده‌ری ده‌خه‌ن، هه‌ڕه‌شه‌كان ده‌رخه‌ری تێگه‌شتنی ده‌سه‌ڵاته، بۆ چۆنێتی چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانه‌كان، نه‌ك ته‌نها فشارێك.
خۆپیشاندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه له رۆژی 17 شوبات ده‌ستی پێكرد، توندوتیژی لێكه‌وته‌وه، چونكه له‌و خۆپیشاندانه‌دا، به به‌رد هێرش كرایه سه‌ر لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان، پاسه‌وانه‌كانی ئه‌و لقه‌ش به گوله وه‌ڵامی خۆپیشانده‌رانییان دایه‌وه و له‌و نێوانه‌شدا ژماره‌یه‌ك كوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و رۆژه له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه، زمانی هه‌ڕه‌شه ده‌ستی پێكرد، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، فازل میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند “ده‌ستی ئه‌و كه‌سه ده‌بڕین كه ده‌ست درێژی بكاته سه‌ر باره‌گاكانمان”، ئه‌و لێدوانه‌ی فازل میرانی ناكرێت وه‌ك سه‌رنجێكی تاكه‌كه‌سی به‌رپرسێكی پارتی وه‌ربگیردێ، به‌ڵكه ئه‌و لێدوانه خستنه‌ڕووی سیاسه‌تی ئه‌و حیزبه بوو، له‌به‌رانبه‌ر رووداوه‌كانی ئه‌و رۆژه‌دا.
هه‌ڕه‌شه‌كانی پارتی به ده‌ستپێكی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه داده‌نرێت، كه لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات به كاری ده‌هێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه، نه ئه‌وكات و نه ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌كان كاریگه‌رییان نه‌بووه و نه‌یانتوانیووه ره‌وتی رووداوه‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات بكشێنێته‌وه، چونكه هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئه‌و گوشارانه‌ی كه په‌نای بۆ ده‌به‌ن، نه‌یتوانیوه بارودۆخه‌كه هێور بكه‌نه‌وه.
پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێـتی نیشتیمانی كوردستان، دوو حیزبی چه‌كدارن و به‌شدار بوون له خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌لی كورد له باشوری كوردستان، ئه‌و حیزبانه ئه‌گه‌رچی به شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕی توانیویانه تا ئه‌مدواییانه ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی خۆیان بپارێزن و ئه‌و شه‌رعییه‌ته‌ش به كاربهێنن بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، به‌ڵام له دوای رووداوه‌كانی 17 شوباتی 2011، ئه‌و دوو حیزبه له‌به‌رده‌م دوو ریانێكدا مانه‌وه، یه‌كه‌مییان چوونه ژێر باری داواكارییه‌كانی جه‌ماوه‌ر و ئۆپۆزسیۆن، دووه‌میش به‌كارهێنانی هێز بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ماملانێكان، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات، پێده‌چێت رێگای دووه‌مییان هه‌ڵبژاردبێت، چونكه دوای زیاتر له 60 رۆژی به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كان، به زۆری هێز سه‌رای ئازادی داگیر كرا‌و و هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات نه‌ك ته‌نها له سلێمانی، به‌ڵكه له ته‌واوی شارۆچكه‌كانی ئه‌و پارێزگایه، بڵاوه پێكران و كه‌شێكی نا ئارامییان درووست كرد، كه تا ئێستاش مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆی لێده‌كرێت.
هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵات ته‌نها له لێدوانی به‌رپرسه‌كاندا نه‌مایه‌وه، به‌ڵكو بوو به هه‌نگاوێكی عه‌مه‌لی و به‌كارهێنانی هێز وه‌ك خیارێك له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدا مایه‌وه، بۆیه له دوای زیاتر له 60 رۆژ، ده‌سه‌ڵات جگه له خیاری به‌كارهێنانی هێز، هیچ خیارێكی تری له ده‌ستدا نه‌ما، ئه‌مه‌ش به لای چاودێرانه‌وه ئیفلاس بوونی ده‌سه‌ڵاته له متمانه، چونكه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات متمانه‌ی بمایه له‌لای خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ر و لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان، ئه‌وا هه‌نگاوه‌كانیان بۆ چاكسازی و نزیكبوونه‌وه، به هه‌ند وه‌رده‌گیران، به‌ڵام پاش چه‌ندین هه‌نگاو بۆ نزیك بوونه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، كه‌چی ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانی به‌و پێیه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت، بگاته خاڵێك بۆ كۆتایی هێنان به‌و قه‌یرانه قوڵه‌ی كه رووی له هه‌رێمه‌كه كردووه، بۆیه له رێگه‌ی هه‌ڕه‌شه و به‌كارهێنانی هێزه‌وه، قه‌یرانه‌كه‌ی به‌و ئاسته‌ی ئێستا برد.
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا و مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و فازل میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌و روخسارانه‌ن، كه هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵاتییان له به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران و لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن خسته‌ڕوو، ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ش به مه‌ترسیدار ترین هه‌ڕه‌شه داده‌نرێن، كه تا ئێستا خرابنه روو، چونكه هه‌ر له دوای خستنه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كانی فازل میرانی، باره‌گاكانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له سنووری ده‌سه‌ڵاتی زه‌رد سوتێنران و هێزی زێره‌ڤانی ره‌وانه‌ی سلێمانی كران، هه‌رزوو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش رایان گه‌یاند، كه ره‌وانه كردنی ئه‌و هێزانه، بۆ گرتنی گرده‌كه و سوتاندنی كه‌ناڵی ئاسمانی كه‌ی ئێن ئێن بووه، دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی مه‌حمود سه‌نگاویش، په‌لاماری په‌رله‌مانتاره‌كانی گۆڕان درا له شاری كه‌لار، له دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فاش، سه‌رای ئازادی كه خۆپیشاندانی لێ به‌ڕێوه‌ده‌چوو داگیركرا و سوتێنرا، جگه له‌م هه‌ڕه‌شانه، دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، سیاسییه لیبراله‌كه‌ی كورد، نانبرینی ئۆپۆزسیۆن و نه‌یاره‌كانی خۆی كرده گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژیانییان.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شانه نه‌یانتوانی هه‌یبه‌تی ده‌سه‌ڵات بگێڕنه‌وه بۆ رۆژانی به‌ر له 17ی شوبات، چونكه ئه‌و به‌رنامانه‌ی كه دانران بۆ درووستكردنی ئه‌و ره‌وشه، توانییان ئامانجی خۆیان بپێكن و هه‌ردوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه وه‌ك تۆمه‌تبارێك بخه‌نه پێش چاوی جه‌ماوه‌ر.
كه‌واته ده‌بێت بپرسین ئایا هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵات بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و كوێ ده‌بات، بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌بێت بڵێین، ئه‌وكاته‌ی ده‌سه‌ڵات بیر له رێگه‌چاره‌ی سه‌ربازی ده‌كاته‌وه، ده‌بێت بیر له‌وه‌ش بكاته‌وه كه لایه‌نه نه‌یاره‌كانیشیان به‌شێكن له رووداوه‌كانی پێشوو و هه‌موویان پێكه‌وه پاڵه‌وانی شه‌ڕی ناوخۆن، كه‌واته دوور نیه به هه‌ردوو لا، واته ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیۆن هه‌رێمی كوردستان ببه‌نه‌وه بۆ قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆ و مێژوویه‌كی تری خوێن رێژی تۆمار بكه‌ن.