نوچەنێت.ههولێر:
بەرپرسی میحوەری قەڵای ڕۆژهەڵات لە باشووری شاری كەركووك، ئاماژە بە سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە دەدات و، ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەی تۆمار كرد.
حوسێن یەزدانپەنا،جێگری سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان و بەرپرسی میحوەری رۆژهەڵات لە باشووری كەركووك بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندوە”هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (9/3/2015) سەعات 4 لە میحوەری سمائیل ئاوا و تەلوەرد دەستیان بە هێرش كردووە و پێشڕەوییەكی زۆرباش كراوە،چونكە هێرشەكە بە بەرنامە و هەماهەنگییەكی تەواو كراوە،ئێستایش پێشمەرگە هەردوو گوندی سمائیل ئاوا و بەرزاییەكانی باشووری كەركووكی ئازاد كردووەتەوە و داعش هیچ زانیارییەكیان لەسەر هێرشەكە نەبوو، بۆیە پێشمەرگە بە شێوەیەكی زۆر قارەمانانە و بە هاوكاریی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان تەواوی بنكە و بارەگاكانی داعشی لەو شوێنانە وێران كرد كە پێشمەرگە هێرشی بۆ كردبوون، ئێستایش چەكێكی زۆری داعش كەوتوونەتە دەست هێزی پێشمەرگەی كوردستان و لاشەیەكی زۆریشیان جێ ماون”.
یەزدانپەنا ئەوەیشی خستەڕوو،داعش پێش هێرشەكە ویستوویەتی خەندەق لەو میحوەرە لێ بدات، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان تەواوی ئەو پیلانەیان شكست پێ هێناوە و سەرجەم ئەو ئامێرانەی بۆ هەڵكەندنی خەندەق هێنرابوون، ئێستا كەوتونەتە دەست هێزی پێشمەرگە.
وتیشی”هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبێت و بڕیار لەسەر راوەدوونانی داعش لە باشووری كەركووك دراوە تا ئەو شوێنەی بۆمان دیاری كراوە”.
هاوكات فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری كەركووك عەمید (عوسمان رەمەزان) بە هەمان ماڵپەری راگەیاندوە”بەیانیی ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە لە سنووری ناوچەكانی مەلاعەبدوڵڵا و تەلوەرد هێرشیان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش دەست پێ كردووە و توانیویانە تاوەكو ئێستا پێنج گوند ئازاد بكەن و پێشڕەویكردنیش بەردەوامە”.
عەمید (عوسمان) وتیشی:تیرۆریستانی داعش توانای بەرگرییان نییە و ڕادەكەن، هێزی پێشمەرگەیش بۆ ئازادكردنی گوندی زیاتری ناوچەكە لە پێشڕەویدایە.