ئێران: بوینە ئیمپراتۆریەت و پایتەختەكەمان بەغدایە

0

 

نوچەنێت- ئیسنا

عەلی یونسی راوێژكاری حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران رایگەیاند كە ” ئێران ئەمڕۆ بوەتە ئیمپراتۆریەت وەك ئەوەی لە مێژوودا وابوە و ئێستا پایتەختەكەی بەغدایە، ئێستا مەڵبەندی شارستانیەت و كلتور و ناسنامەمانە هەروەك رابردوو”، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ دووبارە بنیات نانەوەی ئیمپراتۆریەتی فارسی ساسانی پێش ئیسلام كە عێراق لە چوارچێوەی سنوورەكەی دا بوو و مەدائنی كردە پایتەختی خۆی، كە لە سنووری پارێزگای بەغدای ئێستادابوو.

ئاژانسی هەواڵی “ئیسنا” ی خوێندكارانی ئێران لە زاری یونسییەوە گواستیەوەكە رۆژی یەكشەممە لە لێدوانێكیدا لە میانەی كۆڕبەندی “ناسنامەی ئێرانی” لە تاران دابووی ، كە وتبوی ” جوگرافیای ئێران و عێراق شایەنی دابەشبوون نیە و كلتورمان شایەنی لێكهەڵوەشان نیە، بۆیە یان شانبەشانی یەكتر دەجەنگین یان یەكدەگرین” وەك ئاماژەیەك بۆ بوونی سەربازی ئێرانی بە چڕی لە عێراق لەم دواییانەدا.
یونسی كە پۆستی وەزیری هەواڵگری هەبوو لە حكومەتی سەرۆكی ریفۆرمخواز محمد خاتەمی ، هێرشیشی كردە سەر هەموو ئەوانەی بەرهەڵستی هەژموونی ئێران دەكەن لە ناوچەكەدا، ئەو پێی وابوو كە ” هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هی ئێرانە” هەروەها وتی ” بەرگری لە هەموو گەلانی ناوچەكە دەكەین ، لەبەر ئەوەی وەك بەشێك لە ئێران سەیریان دەكەین ، هەورەها بەڕووی توندڕەوی ئیسلامی و تەكفیر و بێدینی و عوسمانیە نوێیەكان و وەهابییەكان و رۆژئاوا و زایۆنیەكاندا دەوەستینەوە”
ئەو راوێژكارەی سەرۆكی ئێران جگە لەوەی پشتیوانی خۆی بۆ حكومەتی ئێستای عێراق دووپات كردەوە، بە ناڕاستەوخۆش هێرشی كردە سەر توركیا و وتی ” ركابەرە مێژووییەكانمان لە نەوەكانی رۆمیی رۆژهەڵات و عوسمانییەكان لە پاڵپشتی كردنی ئێمە بۆ عێراق توڕەن” وەك ئاماژە كردنێك بە توڕەبوونی توركیا لە فراوانبوونی هەژموونی ئێرانی.
یونسی هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە وڵاتەكەیان دەیەوێت “یەكێتی ئێرانی” بنیات بنێت لە ناوچەكە ، روونیكردەوە كە ” مەبەستمان لە یەكێتی ئەوە نیە سنورەكان نەهێڵین بەڵكو هەموو وڵاتانی دراوسێی دەشتی ئێران پێویستە لە یەك نزیك ببنەوە، لەبەر ئەوەی ئاسایش و بەرژەوەندیەكانیان پەیوەستە بە یەكترییەوە”
هەروەها ئەوەشی گوت كە ” مەبەستمان ئەوە نیە دووبارە جیهان فەتح بكەین، بەڵام پێویستە پێگە و هۆشیاری مێژوویی خۆمان بگێڕینەوە ، واتە جیهانییانە بیر بكەینەوە و ئێرانیانە و نەتەوەییانە كار بكەین”.
ئەم لێدوانانەی راوێژكارەكەی سەرۆكی ئێران دوای دوو رۆژ لە لێدوانەكانی ئەمیر سعود فەیسەڵی وەزیری دەرەوەی سعودیە دیًَت لە میانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی جۆن كێری، تیایدا دووپاتی كردەوە كە ” ئێران دەست بەسەر عێراقدا دەگرێت” نمونەی پرۆسەكانی تكریتی هێنایەوە كە هێزەكانی عێراق لەگەڵ میلیشیا شیعەكان و هێزەكانی ئێران بە سەركردایەتی قاسم سولەیمانی جێبەجێی دەكەن.
چاودێران دەڵێن عێراق ئەمڕۆ لەلایەن ئێرانەوە داگیر كراوە ، سەربازەكانی تەنها لە تكریت بوونیان نیە ، بەڵكو راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە هێزە ئێرانیەكان گەیشتونە پارێزگای دیالەی باكوری رۆژهەڵاتی بەغدا لەژێر پەردەی دژایەتی كردنی رێكخراوی داعش.
لە رابردوودا جەنەراڵ مارتن دیمبسی سەرۆك ئەركانی سوپای ئەمریكا دەستێوەردانە سەربازیەكانی ئەم دواییەی ئێرانی لە عێراق یەمشێوەیە وەسف كرد كە ” لە ساڵی 2004 ەوە ئاشكراترین دەستێوەردانە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com