نوچەنێت- ئەلعەرەبیە
تۆمارێكی دەنگیی كۆنی جۆن محمد ئاموزای پاڵەوانی تۆمارەكانی سەربڕینی بارمتەكان لای داعش دەركەوتەوە كە تیایدا دەڵێت ئەو توندڕە و ڕادیكاڵ نییە.
لە تۆمارەكەدا جۆن هێرش دەكاتە سەر ئەنجامدەرانی هێرشەكانی یانزەی سێپتەمبەری ویلایەتە یەكگرتوەكان و تەقینەوەكانی ساڵی 2005 ی لەندەن و تاوانباریان دەكات بە كوشتنی خەڵكی بێتاوان.
لە تۆمارە دەنگییەكەدا باسی چاوپێكەوتنێك دەكات لەگەڵ پیاوێكی هەواڵگری بەریتانی ، جۆن دەڵێت :”لێی پرسیم رات چیە بەرامبەر هێرشەكانی لەندەن؟ منیش وتم خەڵكی بێتاوان دەكوژرێت ئەمەش توندڕەوییە، دیسان لێی پرسیمەوە لەبارەی جەنگی ئەفغانستان ، وتم من سەیری هەواڵەكان دەكەم، ئەوەی روودەدات شتێكی هەڵەیە، ئەگەر بتوانم دووبارە قوربانییەكان بگەڕێنمەوە بۆ ژیان ئەوا بێگومان دەمكرد”
تۆمارە دەنگییەكە بۆ ساڵی 2009 دەگەڕێتەوە كاتێك هەواڵگری بەریتانی ئاموزایان دەستگیر كردوە ، لە تۆمارەكەدا ئاموزای باسی لێكۆڵینەوەكانی دەكات لەلایەن ئەفسەرێكی دەزگای ئێم ئای 5 ی هەواڵگریی بریتانی”.
لە بڕگەیەكی تردا جۆن دەڵێت ” ئەفسەرەكە پێی وتم ئەو بڕوا ناكات كە من نەچووبم بۆ سۆماڵ بۆ مەشق كردن، منیش پێم وت : دوای ئەو هەموو شتەی كە وتم دەربارەی توندڕەوی و رەتكردنەوەم بۆ توندڕەوی، تۆ هێشتا سوری لەسەر ئەوەی كە من توندڕەوم”
ئەو تۆمارە دەنگییەی كە ئامۆزای تێیدا دەڵێت من باوەڕم بە ئازادی ئاینەكان هەیە لە بەرژەوەندی هەواڵگری بەریتانیادا نییە كە تۆمەتبارە بە فشار خستنە سەر ئامۆزای و بەو هۆیەوە گۆڕاوە بۆ كەسێكی توندڕەو.
ئەفسەرەكەی هەواڵگری بەریتانیا هەڕەشەی لە ئاموزای كردوە كە بەردەوام بە شوێنیەوە دەبێت و چاودێری دەكات ، لەمبارەیەوە دەڵێت : ” پێی وتم ئێمە لەژێر چاودێری توند و بەردەوامدا دەتهێڵینەوە كە ماوەیەك لەمەوبەر دەستمان پێكردوە “.