وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: له‌سه‌ر كوژرانی‌ سه‌ربازه‌ كه‌نه‌دییه‌كه لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان دروستكردوە

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگەی حكومەتی هەرێم بەبارەت بەكوشتنی سەربازە كەنەدیەكە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوەو دەڵێت،دەستبەجێ بڕیارمان داوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە پەلە لەم روداوە دڵتەزێنە بکۆڵێتەوە بە مەبەستی زانینی هۆکارەکان و رێگەگرتن لە دوبارەنەبونەوەی روداوی دڵتەزێنی هاوشێوە.

‌ بەرەبەیانی رۆژی (7)ی ئەم مانگە لەیەکێک لە میحوەرەکانی سنوری ژورەکانی ئۆپەراسیۆنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە هەرێمی کوردستان، گروپێك لە سەربازانی كەنەدا لە كاتی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان لە عێراق، گەیشتونەتە خاڵێكی پێشمەرگە و بە هۆی گۆمانلێکردن و نەبونی هەماهەنگی، لێك تێنەگەیشتنێك لە نێوان ھەردو لادا دروست بوە و لە ئەنجامدا شەڕ و پێكدادان لە نێوانیاندا ھاتوەتە ئاراوەو لەئاكامی شەڕەكە سەبازێكی كەنەدا كوژراوە و دوی دیكەش بریندار بون.

لەبەشێكی تری ئەو راگەیەنراوە كە وینەیەكی بۆ نوچەنێتن نێراوە هاتوە:هەڵوێستی جوامێرانەی حکومەتی کەنەدا بەرز دەنرخێنین کە وێڕای رودانی ئەم روداوە دڵتەزێنە بڕیاریانداوە بەردەوام بن لە هاوپەیمانێتییان بۆ شەڕی دژی گروپی تیرۆرستی داعش هەتاکو لە ناوبردنیان.

 راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی روداوێکی دڵتەزێن و نەخوازراو

سەعات (1)ی بەرەبەیانی رۆژی (7/3/2015) لە یەکێک لە میحوەرەکانی سنوری ژورەکانی ئۆپەراسیۆنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە هەرێمی کوردستان و بەهۆی هەڵەیەکی نەخوازراوەوە، روداوێکی دڵتەزێن رویدا، کە بوە هۆی شەهیدبونی یەکێک لە قارەمانانی دۆستان و پشتیوانانی گەلی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی پاراستنی هەرێم لە شەڕی دژی داعش لە هێزەکانی سوپای وڵاتی کەنەدا و برینداربونی دوکەسی تریان، کە ئێمە لێرەدا بە دڵگرانییەکی زۆرەوە سەرەخۆشی لە خێزان و کەسوکاری ئەو شەهیدە قارەمانە و حکومەت و گەلی کەنەدا دەکەین و هیواخوازین بە زوترین کات برینی بریندارەکانیش ساڕێژ ببێتەوە.

دیارە وڵاتی کەنەدا بە گەل و حکومەت و سوپاوە لە یەکەم رۆژی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و گەلەکەمان بە هەمو تواناوە هاوکار و پشتیوانمان بون لەگەڵ وڵاتانی تری هاوپەیمانان لەو شەڕەدا، گەلی کوردستان و حکومەتی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە هەمیشە سوپاسگوزاری ئەو هاوکاری و پشتیوانیە بون.

لێرەدا ئێمە وێڕای دڵتەنگی و خەم و پەژارەمان وەکو وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی پاراستنی هەرێم بە تایبەت و گەلی کوردستان بە گشتی، دەستبەجێ بڕیارمان داوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە پەلە لەم روداوە دڵتەزێنە بکۆڵێتەوە بە مەبەستی زانینی هۆکارەکان و رێگەگرتن لە دوبارەنەبونەوەی روداوی دڵتەزێنی هاوشێوە و هەڵوێستی جوامێرانەی حکومەتی کەنەدا بەرز دەنرخێنین کە وێڕای رودانی ئەم روداوە دڵتەزێنە بڕیاریانداوە بەردەوام بن لە هاوپەیمانێتییان بۆ شەڕی دژی گروپی تیرۆرستی داعش هەتاکو لە ناوبردنیان.

وەزارەتی پێشمەرگە

حکومەتی هەرێمی کوردستان

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com