نوچەنێت.ههولێر:
مسعود بارزانی،سەرۆكی هەرێمی كوردستان،بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان پەیامێك بڵاودەكاتەوەو دەڵێت، پیرۆزبایی لە ژنانی كۆبانێ دەكەم كە بە دلێری و خۆڕاگرییان لە شەڕی تیرۆریستان هەموو جیهانیان سەرسام كرد. پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی ئافرەت لە دایكی شەهیدان و ژن و كچ و خوشكی شەهیدە سەربەرزەكانمان دەكەم و هیوای شادی و ئومێدیان بۆ دەخوازم.
دەقی پەیامەكە:
پەیامی بارزانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
ئافرەتانی كوردستان نموونەی خۆڕاگری و فیداكاریی ئافرەتانی جیهانن. نموونەی وا كە لە یەك ڕۆژدا تەرمی سێ ڕۆڵەی شەهیدیان دەگرنە باوەش كەچی ورەی پۆڵایینیان لە دەست نادەن و هێشتا ئامادەی قوربانیدانن، مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستانیش تژییە لە نموونەی دایكە شەهیدی لەو شێوەیە. هەر بۆیەشە ئەو دلێری و قارەمانێتییەی لە پێشمەرگە دەبیندرێت سەیر نییە و دوور لە چاوەڕوانی نییە چونكە پەروەردەی شیر و دەستی ئەو دایكە ئازا و مەزنانەن.
ئێستا لە كاتێكدا یادی هەشتی مارس دەكەینەوە كە گەلەكەمان لە شەڕێكی سەختدایە لەگەڵ دڕندەترین جۆری تیرۆریستان. لەم شەڕە زاڵمانەی بەسەر گەلەكەماندا سەپێندرا خوشكە ئێزیدییەكانمان باجی ژنبوون و كوردبوون و ئێزیدیبوونیان دا و گەورەترین تاوانیان بەرانبەر كرا. دایكی شەهیدە قارەمانەكانمان ئازیز و خۆشەویستەكانیان لەدەست دا. لەم شەڕەدا بەشێكی زۆری ئافرەتانی كوردستان تووشی سەختییەكانی ئاوارەیی بوون. بەدرێژایی مێژووی خەباتی گەلەكەمان پشكی ئافرەتانمان ئازار و سەختی و خۆڕاگریی بووە. ئەو ڕۆڵەی ژن لە ژیان و خەباتی گەلی كوردستاندا بینیویەتی جێگەی شانازییە و هەموومان قەرزاری فیداكاری و خۆڕاگریی ئافرەتی كوردستانین. ئەركی سەرشانی هەموومانە وەڵامی مەزنیی ئەرك و ماندووبوونی ئافرەتی كوردستانی بدەینەوە و ماف و داخوازییەكانیان پێشێل نەكەین و ڕێز لە ئیرادەیان بگرین و كار بۆ مسۆگەركردنی یەكسانی نێوان ژن و پیاو بكەین.
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی كوردستان و جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە ژنانی كۆبانێ دەكەم كە بە دلێری و خۆڕاگرییان لە شەڕی تیرۆریستان هەموو جیهانیان سەرسام كرد. پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی ئافرەت لە دایكی شەهیدان و ژن و كچ و خوشكی شەهیدە سەربەرزەكانمان دەكەم و هیوای شادی و ئومێدیان بۆ دەخوازم.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
8ـی 3ـی 2015