هۆکاری بێدەنگی ئەمریکا لە ئاست دەستێوەردانەكانی ئێران لە عێراق

0

نوچەنێت-ئەلجەزیرە

هێزەكانی عێراق پاڵپشت بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی شیعە، بەردەوامە لە فشارەكانی بۆ پێشڕەوی كردن بەرەو شاری تكریتی باكوری عێراق.
ئەم پرۆسەیە بە سەرپەرشتی سەركردەی دیاری سوپای پاسدارانی ئێران، ” قاسم سولەیمانی ” بەڕێوە دەچێت، كە بەپێی ژمارەیەك سەرچاوە، لە بەرەی رۆژهەڵات بینراوە و پرۆسەكان ئاراستە دەكات، تەنانەت هەندێك ماڵپەڕ وێنەی سولەیمانییان بڵاو كردوەتەوە، كە لە بەرەكانی جەنگە.
پرۆسەكانی تكریتی باكوری بەغدا بە گەورەترین پرۆسە دادەنرێت كە هێزەكانی عێراق جێبەجێی دەكات، لە دژی رێكخراوی داعش، تارانیش رۆڵی سەرەكی دەبینێت لە هێرشەكانی ئێستادا، بەجۆرێك ئەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتیان دەكات، زۆربەی شەڕەكە بەڕێوە دەبەن.
هەڵوێستی ئەمریكا
سەرەڕای ئەو مەترسییە ناوچەیی و ناوخۆییەی كە رۆڵی ئێران لە تكریت دەیوروژێنی، ئەوەی جێگەی پرسیارە بێدەنگی ئەمریكایە لە ئاست ئەو دەستێوەردانە ئێرانییەدا، پرسیاریش ئەوەیە، ئایا بەڕاستی هاوكاری ستراتیژی لەنێوان ئەمریكا و ئێران لە عێراق، بوونی هەیە؟
مارتن دیمبسی سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكاش، رۆڵی ئێران و میلیشیا شیعەكانی لەو هێرشانەدا كە هێزەكانی عێراق ئەنجامیدەدات بۆ سەندنەوەی تكریت لە دەستی داعش، بە ئەرێنی وەسف كرد ، “ئەگەر بێت و نەبێتە هۆی بارگرژی تائیفی لەگەڵ سوننەكان”.
هەرچی ئاشتۆن كارتەری وەزیری بەرگری ئەمریكاشە، تەنیا هیوادارە هێرشەكانی سەر تكریت، نەبێتە هۆی بەخەبەر هێنانەوەی دێوەزمەی دووبەرەكی تائیفی لە عێراق.
لەگەل ئەوەی كە ویلایەتە یەكگرتوەكان بەردەوامە لە دووپاتكردنەوەی بەشدارینەكردنی هێزەكانی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆ پاڵپشتیكردنی هێرشەكان، بەڵام لە لێدوانەكانیاندا دەڵێن، كە ئارەزوویانە سەركەوتن بەدەست بهێنێت.
چاودێرە سەربازییەكان وای دەبینن، كە هاتنی ئەو رێژە زۆرەی چەكی قورس و جۆراوجۆری ئێران بە بەردەوامی بۆ میلیشیا شیعەكان، بۆ بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانیانە، بۆ ئەوەی توانای ئەوەیان هەبێت، كۆنترۆڵی باری سیاسی و ئەمنی عێراق بكەن و فشار بخەنە سەر حكومەتە یەك لەدوای یەكەكان و بەرژەوەندیەكانی ئێران لە عێراق بپارێزن.
نەخشەی ئێرانی
لەم بارەیەوە نزار سامەرائی راوێژكاری سەنتەری عێراقی بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی، دەڵێت، پێویستە بزانین ئامانجی یەكەمی پشت ئەو پرۆسەیەی كە لە شێوەی جەنگدا دەبینرێت، كیشانی نەخشەیەكی نوێیە بۆ عێراق.
ئەو وتی، ئێرانیەكان پێیان وایە، سنوری دەوڵەتی “سۆمەر”ی شیعەنشین لە نزیك تكریتەوە درێژ دەبێتەوە تا شاری فاو.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران دەیەوێت هەژموونی بەسەر عێراقدا هەبێت، بۆ بەدی هێنانی ژمارەیەك ئامانج، لەوانە لەدەرگاكانی نیشتمانی عەرەب دەدات لە رێگەی دەوڵەتێكی شیعەوە، بە هەمان شێوە لە دەرگای دەوڵەتانی كەنداو دەدات لە رێگەی شانە نوستوەكانی لەناوچەكەدا كە دەتوانێت دوای راگەیاندنی دەوڵەتی سۆمەر وەك خۆی دەڵێت بیانجوڵێنێت.
كاردانەوە خراپەكان

لای خۆیەوە مایكل باربیرۆی، جەنەراڵی پێشووی سوپای ئەمریكا كە لە سەردەمی جیاوازدا لە عێراق كاریكردووە، دووپاتیكردەوە، كە باجی هەژموونی ئێران لە عێراق بەم شێوەیەی ئێستا زۆر كارەساتبار دەبێت، بۆ ماوەیەكی دوور بەلەبەر چاو گرتنی كاردانەوە نەرێنیەكانی لەسەر سەروەری عێراق و ناوچەكە بەگشتی .
بێدەنگی ئەمریكا و هەندێك جار پێشوازی كردنیشی لە رۆڵی ئێران، بە شێوەیەك شیكردەوە كە هەندێك كەس بە ئەرێنی دەبینن، لەژێر رۆشنایی ئەو سەركەوتنانەی بەدەستی دێنن لە مەیدانی جەنگدا، بەڵام هۆشداریدا لەوەی، كە ئەمە زیانەكانی زۆر زیاترە لە سوودەكانی.
باربیرۆ ئەوەی دووپات كردەوە، كە بەم كارانەی ئێران بەرژەوەندی ئەمریكا دەكەوێتە بەر مەترسی، بۆیە لە بەرژەوەندی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا نیە ئێران قورساییەكی بەهێزی لە عێراق هەبێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com