نوچەنێت.ههولێر:
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێ،دوێنێ وتارخوێنی زیاتر لە 2000مزگەوتی كوردستان دوعای سەلامەتی و سەركەوتنیان بۆ پێشمەرگە كردوە.
لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 5200مزگەوت هەیە كە لەرۆژانی هەینیدا لە 2800مزگەوتیان وتاری هەینی پێشكەش دەكرێت و زیاتر لە نیو ملیۆن كەس لەم 2800مزگەوتەدا ئامادە دەبێت.
مەریوان نەقشبەندی،بەڕێوەبەری پێشووی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف،لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی پۆستێكی بڵاوكردوتەوەو نوسیویەتی”لەوتاری هەینی دوێنێ 6/3/2015بەشی هەرەزۆری وتارخوێنی مزگەوتەكانی كوردستان یادی راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991یان وەبیرهێنایەوە و لەناو (ئامین)ی سەدان هەزار نوێژخوێن و ئامادەبوی مزگەوتەكانی كوردستان “وتارخوێنی زیاتر لە 2000مزگەوت دوعای سەركەوتن و سەلامەتیان بۆ پێشمەرگەكانی كوردستان كرد و ستایشی یەكڕیزی گەلی كورد و خەڵكی كوردستانیان بەرامبەر شەڕفرۆشتن و تاوانەكانی داعش بە گەلەكەمان كرد“.
ناوبراو دەشڵێت”وتارخوێنی بەشێك لەمزگەوتەكان تەواوی وتاری دوێنێ هەینیان بۆ زەرورەتی یەك دەنگی و یەك دەستی خەڵكی كوردستان بەرامبەر دوژمنانی ئەم میللەتە تەرخان كرد و كردەوەكانی داعشیان بە تاوانی دژ بەئیسلام و موسڵمانان و تەواوی مرۆڤایەتی لەقەڵەمدا“.
نەقشبەندی راشیگەیاندوە”مامۆستایانی ئاینی و ئامادەبونی مزگەوتەكانی كوردستان پێكەوە لەدوعاكانی دوای وتاری هەینی داوای ئاشتی و ئارامیان بۆ خەڵكی كوردستان و تەواوی ناوچەكە لەخوای گەورە كرد“.