نوچەنێت-رۆم ریپۆرت
بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی كاسۆلیك ئۆرگ و چانێڵی فەرمی رۆم ریپۆت و وەك لە راپۆرتیكی ڤیدیۆییدا دەردەكەوێت، پاپای ڤاتیكان داوایەک لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات کاتێک سەرۆکی حکومەت نەخێر دەڵێت، تەئکید لەداواکەی خۆی دەکاتەوە.
سەرەتای ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان، سەردانی ڤاتیكانی كرد و لەگەڵ پاپای ڤاتیكان كۆبووەوە. بەپێی رپۆرتی ماڵپەڕی فەرمیی كاسۆلیك ئۆرگ و چانێڵی رۆ ریپۆرت، بارزانی پاپای ئاگادار كردۆتەوە كە بەهۆی ئەو هەموو ئاوارەی روویان لە كوردستان كردووە، فشارێكی زۆر كوتۆتە سەر حكومەتی كوردستان، داوای لە پاپا كردووە هانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بدات، هاریكاری كوردستان بكەن بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو فشارە زۆرە.
ئەو دوو ئاژانسە فەرمییەی ڤاتیكان دەڵێن، كوردستان تاكە ناوچەی عێراقە، كە بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ هەزاران مەسیحی هەڵاتوو لەترسی داعش.
وەك ئاژانسەكان باسی دەكەن و لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت، لەدوای كۆبوونەوەكەیان، پاپا بە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: دوعام بۆبكە… پێویستم پێیە. نێچیرڤان بازرانی وەک رێزێک بۆ پاپا، دەڵێت: نا..نا. پاشان پاپا تەئکید لەداواکەی دەکاتەوە و دەڵێت: با..با.. بیرت نەچێت.
