نوچەنێت- ئەلجەزیرە
پێدەچێت ئێران سندوقێكی پۆستە شك ببات بۆ گەیاندنی پەیامەكانی بە ئەمریكا ، ئەو پەیامانەش جراوجۆرن لە سیاسی و سەربازی ، وەك لە سەردانەكەی ئەم دواییەی سەركردەی فەیلەقی قودس ” قاسم سولەیمانی” بۆ تكریت بەرجەستە بوو لە شەممەی رابردوودا.
عێراقیەكان راهاتوون لەسەر بینینی وێنەی سەركردەی فەیلەقی قودس ” قاسم سولەیمانی” كە لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاكانی باشور و ناوەڕاستی بڵاو بوونەتەوە ، تەنانەت پێش ئەوەی ئاژانسی ” فارس” ی ئێرانی رایبگیەنێ و هەواڵی گەیشتنی بە شاری تكریتی سەنتەری پارێزگای سەلاحەددین شەممەی رابردوو رابگەیەنێت، وەك ئەوان دەڵێن بۆ پێشكەش كردنی راوێژ و ئامۆژگاری بە سەركردە عێراقیەكان لە جێبەجێ كردنی پرۆسەی سەربازی دژی داعش.
دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری عێراقدا بە یەكێك لە دیارترین هۆكارەكانی ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییە بەشدارەكانی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق دادەنرێت، عەبدولغەفار عوبێدی شیكەرەوەی سیاسی پێی وایە “هەژموونی ئێران لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری فراوان بوە، دەركەوتنە سەربازیەكانیشی ئەو بڕوایەی تۆخ كردەوە كە ئێران بونی خۆی لە عێراق توندو تۆڵ كردوەتەوە بە پشتیوانی كردنی ئەو گروپە چەكدارانەی كە لە ناو حەشدی شەعبیدا رێكخراون ، وەك بەدەمەوە چوونی فتوای جیهادی مەرجەعیەتی شیعەكان ، هەروەك چۆن ئەو حەشدە شەعبییە پشتیوانییەكی فەرمیشی وەرگرت دوای داڕووخانی سوپای عێراق لە پارێزگای نەینەوا”
پەیامەكان
عوبێدی وتی ئامانج لە دەركەوتنی ئاشكرای سولەیمانی لە تكریت بریتییە لە ئاراستە كردنی پەیامێك بۆ دەوڵەتە ناوچەییەكان و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە ئێران بە هەموو قورساییەكییەوە لە عێراق ئامادەیە بۆ دژایەتی كردنی تیرۆر، هەروەها ئەو لەپێشترە بۆ جەنگی دژی تیرۆر، لەبەر ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمریكا لەگەڵ ئەو هەموو توانایەی هەیەتی شكستی هێناوە لە پاراستنی گەلی عێراق لە گروپە تیرۆرستەكان.
هەورەها لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بەغدا و تاران چەندین سەردانیان بۆلای یەكتر كردوە بۆ بەهێز كردنی هاوكاری ئەمنی نێوان هەردوولا، چەندین لێدوان لە لایەن هەردوو سەرۆككۆمار و وەزیرەكان دراوە كە ستایشی هەڵوێستی ئێرانیان كردوە و دووپاتیان كردوەتەوە كە ” ئێران تاكە دەوڵەتە ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ پێشكەشكردنی هەموو هۆكارێكی پاڵپشتی كردنی جەنگ لە دژی تیرۆر بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ”
چەند زانیارییەك لە راوێژكاری ئاساییشی نیشتمانی عێراقەوە دزەی كردوە لە بارەی هەبوونی 8 هەزار راوێژكاری سەربازیی ئێرانی لە عێراقدا كە لە ژمارەی هاوتا ئەمریكییەكانیان زیاترن ، ئەوە جگە لەوەی چەكی ئێرانی لە پرۆسە سەربازییەكانی پارێزگای دیالە و كەركوك و سەلاحەددین و باكوری بابل و ناحیەی جەرف سەخەر بەكارهاتوە.
ئەبو عەبدوڵا رائیدی پێشووی سوپای عێراق دەڵێت :” لە میانی بەدواداچوونم بۆ ئەو بابەتانەی لە كەناڵە ئاسمانیەكان بڵاو دەبنەوە لە وێنە و ڤیدیۆ ، چەكی ئەوتۆ دەبینم لەدەستی گروپە چەكدارە شیعەكاندا كە لە پێشووتردا بەكار نەهاتوە لە عێراق ، ئەمەش مانای ئەوەیە سەرچاوەیەكی تری پڕ چەك كردن هەیە كە ئەگەری زۆری هەیە ئێران بێت”
چەك
سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان حاكم زاملی پەرلەمانتاری كوتلەی ئەحرار و نوێنەری رەوتی سەدر وتی ” چەندین زانیاریمان لایە كە فڕۆكە ئەمریكیەكان چەك و تەقەمەنیان بۆ داعش گواستوەتەوە و بریندارەكانیان گواستونەوە” بەڵام هیچ ئاماژەیەكیان نەدا سەبارەت بە رەتكردنەوەی دەستێوەردانی سەربازیی ئێرانی یان بوونی سولەیمانی لە تكریت.
فازڵ نەشمی راگەیەنكار لە جەزیرە وتی بوونی سولەیمانی لە عێراق ” هەستیاری زۆر لەلای كۆمەڵە و هێزە سوننیەكان دەوروژێنێت، هەروەك چۆن بوونی سەربازی ئەمریكی هەستیاری سیاسیە شیعەكان دەوروژێنێت، چیرۆكەكە بە شێوەیەكی گشتی پەیوەستە بە عێراقیەكان و نوێنەرە سیاسییەكانیان كە شكستیان هێناوە لە بەڕێوەبردنی وڵات بە درێژایی ساڵانی رابردوو، بۆیە ناچار بوون پەنا بۆ ئەم لایەن و ئەو لایەن بەرن بۆ بەڕێوە بردنی دۆسیەی ئەمنی”.
وەك باسدەكرێت یەكەم دەركەوتنی قاسم سولەیمانی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ساڵی پێشوو بوو لە شاری ئامرلی نزیك كەركوك ، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە ئاهەنگ دەگێڕن بەبۆنەی شكاندنی ئابڵوقەی سەر شارەكە.