نوچەنێت-ئەلوەتەن
سوپاسالاری ئەمریكا جەنەراڵ دیمبسی لە وتەیەكدا لە بەردەم ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا دەڵێت لە 2004 ەوە تا ئێستا، بەشداری ئێران لە شەڕەكەی تكریتدا بە گەورەترین دەستێوەردانی ئێرانی دادەنرێت لە كاربوباری عێراقدا.
دیمبسی وتوشیەتی هاریكاری ئێران بۆ میلیشیا شیعەكان شتێكی نوێ نییە، بەڵام پێشووتر ئێران بەم شێوە ئاشكرایە نەهاتۆتە جەنگە ناوخۆییەكانی عێراق.
جەنەراڵ دیمبسی نیگەرانی خۆی نەشاردەوە لەوەی ئەم دەستێوەردانە ئێرانییە ببێتەهۆی ئاژاوەی تایەفەگەری لە عێراقدا، بەتایبەت كە ئەو هێزەی هێرش دەكاتە سەر ناوچەكانی پارێزگای سەڵاحەدین و شاری تكریت دوو لە سێیان لە میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران پێكهاتوون و تەنها سێیەكیان سەربازانی فیقەی پێنجی سوپای نیزامیی عێراقن.
پێشووتر ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگری ئەمریكاش هەمان نیگەرانیی پیشاندا و هیوای خواست ئەو هێرشە بۆسەر تكریت نەبێتەهۆی زیندووكردنەوەی شەڕی تایەفەگەرایی نێوان شیعە و سوننە.