نوچەنێت- روسیا تودەی
رۆژنامەی “كۆمیرسانت” ئاماژەی بە پرۆسەیەكی سەربازی سوپای عێراقی داوە كە ئامانجی رزگار كردنی تكریتە لە دەست چەكدارانی داعش كە جەنەرالێكی ئێرانی بەشێكی پرۆسە سەربازیەكە بەڕێوەدەبات.
لە وتارەكەدا هاتوە:
ئێران بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ چوەتە ناو پرۆسە سەربازیەكانی دژی داعش لە عێراق، هەروەها جەنەراڵێكی ئێرانی بە پلەی لیوا گروپەكانی سەر بە ئێران بەڕێوەدەبات كە بوەتە هێزێكی كاریگەر لە پرۆسە سەربازیەكانی زەمینیدا دوای زیاد بوونی ژمارەی ئەو سەربازانەی لە خزمەتی سەربازی رایانكردوە لە سوپای نیزامی عێراقدا.
بۆیە شارەزایان هۆشداری دەدەن لەبارەی ئەم گروپانەوە لە جەنگی دژی داعش ، كە لەوانەیە دەرهاویشتەی پێچەوانەی هەبێت ( زیاد بوونی پاڵپشتی دارایی لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە بۆ داعش) ئەمەش دەبێتە هۆی خراپبوونی زیاتری دۆخەكە.
باس لەوە دەكرێت كە سوپای عێراق لە سێ لاوە پێشڕەوی كردوە لەو شوێنانەی كە داعشی لێیە، بە بۆچوونی دەسەڵاتدارانی عێراق پێویستە ئەم پێشڕەویە رۆڵێكی یەكلاكەرەوە ببینێت لەو هەڵمەتە سەربازییەی لە دژی تیرۆرستەكان بەڕێوە دەچێت و لەو ناوچانە بكرێنە دەرەوە، هێزە عێراقیە بەشدارەكانی ئەم شەڕە پێكهاتوە لە 30 هەزار سەرباز، لەناویاندا گروپەكانی حەشدی شەعبی و گروپی ئێرانی هەن كە لیوا “قاسم سولەیمانی” سەركردایەتیان دەكات كە پێكدێن لە هێزی تایبەتی پاسدارانی عێراق .
تیۆدۆر كاراسیك شارەزا لە دەزگای “risk insurance management” لە ئەبوزەبی دەڵێت ” لە ئەنجامی زیادبوونی هەڵاتوانی ریزی سوپای عێراق ، میلیشیاكان و بە تایبەت ” هێزی بەدر” بوەتە پێشەنگ كە ژمارەیان نزیكەی دوو ئەوەندەی ئەندامانی هێزی نیزامی دەبێت”.
هەروەها كاراسیك دەڵێت :” ئەمە بەهۆی پاڵپشتی دارایی بەردەوامەوە روودەدات ، رۆڵی تاران لە عێراق زیادی كردوە دوای ئەوەی عەبادی بوەتە سەرۆكوەزیران، بەجۆرێك كۆمپانیا و ئاژانسی زۆر دروست كراون بۆ پاڵپشتی كردنی میلیشیاكان، لە دەرەنجامدا تاران دەیەوێت بە تەواوی كۆنترۆڵی عێراق بكات بۆیە دژایەتی كردنی داعش زۆر گرنگە بۆی”.
هەروەها بەپێی زانیاریەكانی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن ، ژمارەی ئەندامانی سوپای عێراقی كەم بوەتەوە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی هەڵاتوان كە دەگاتە 48 هەزار كەس، لە كاتێكدا ژمارەی ئەندامانی میلیشیاكان دەگاتە 100 هەزار كەس و سێیەكی خاكی عێراقیان كۆنترۆڵ كردوە كە لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكەوە درێژ دەبێتەوە تا سنورەكانی باشوری عێراق.
ئەم بابەتە هەموو پێكهاتەكانی عێراق لەسەری رەزامەند نین ، بەتایبەتی كە ئەندامانی میلیشیاكان بە جۆرێك مامەڵە لەگەڵ هەندێك لە پێكهاتەكان دەكەن كە زۆر خراپترە لە داعش، كاراسیك لەم بارەیەوە دەڵێت :” ئەم دۆخە زیان لە ئاشتبوونەوەی نیشتمانی دەدات لە عێراق كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا داوای دەكات .