نوچه نێت، رووداو-هەولێر
فیلمی Stawberry flavour كە ژنە ئەكتەری كورد شەونم عادل تێیدا رۆڵێكی ورووژێنەر دەگێڕێت، رۆژی 27/2/2015 لە مەڵبەندی رۆشنبیریی عێراقی نمایش كرا.
شەونم عادل كە نەوەی جەمال عیرفانی مێژوونووس و رووناكبیرە و لە رادیۆی كوردیی بەغدا كاری كردووە، ئەكتەری سەرەكیی فیلمەكەیە.
شەونم بە(رووداو)ی رایگەیاند “ئەو فیلمە ماوەكەی 30 خولەكە و لە دەرهێنانی هونەرمەند جەعفەر مورادە و بە زمانی عەرەبییە. فیلمەكە چەند كێشەیەك دەورووژێنێ كە لە كۆمەڵگاكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەردەوام ئامادەیە”.
گوتیشی “من لە دیمەنێكی ئەم فیلمەدا جلێكی نیمچە رووتم لەبەرە، دیمەنی باوەش هەیە و دەچینە بن لێفە بەیەكەوە و گاڵتە دەكەین، ئەو دیمەنەش دەلالەت لە زۆر شت دەكات، من پێمخۆشە گەنجان و هونەرمەندانی كورد بتوانن هەندێ شت بكەن كە عەقڵی كۆمەڵگە قبوڵی ناكات”.
هەروەها گوتی كە ئەو دەزانێ خەڵك قسەی لەسەر دەكەن، بەڵام گوێ بە قسەی خەڵكی نادات “ئەگەر بە قسەی خەڵكی بكەیت نابێ یەك هەنگاو بنێی، ئێمە ئەگەر ئازاد نەبین ناتوانین پەیامەكانی خۆمان بگەیێنین”.