ڕاگه‌یانراوی هاوبه‌شی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:
ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2015/3/1 لە تەلارى ئەنجومەنى وەزیران كۆبونەوەى هاوبەشى نێوان پەرلەمانى كوردستان كە پێك هاتبوو لە سەرۆكایەتیى پەرلەمان و سەرۆكى فراكسیۆنەكان و هەدوو لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و لیژنەى دارایى و ئابوورى و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ ئەنجومەنى هەرێمى بۆ کاروباری نەوت و گاز بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرانی سامانە سروشتییەکان و دارایی و پلاندانان ئەنجام درا.

كۆبونەوەكە لەسەر داواى ئەنجومەنى وەزیران بۆ تاوتوێكردنى قەیرانى دارایى و كێشەكانى نێوان هەرێمى كوردستان و بەغدا و دوایین پێشهاتەكان و ئەوەى پەیوەندیدارە بە بودجە و وزە و چۆنیەتیى چارەسەركردنى ئەنجامدانى چاكسازى لە بوارى دارایى و نەوت و گاز، ئەنجام درا.

لە كۆبونەوەكەدا باس لە گرفت و ئاستەنگییەكانى نێوان هەرێم و حكوومەتى فیدرالى عێراق و یەكڕیزیى نێو ماڵى كورد و لێكگەیشتنى زیاتر لەوبارەیەوە كرا.

لە كۆبونەوەكەدا بریار درا كە:

1-هەوڵەكانی هەرێم لەگەڵ حكوومەتى فیدراڵى عێراق بەردەوام بێت و پێویستە بەشە بودجەى هەرێمى كوردستان خەرج بکرێت بە گوێرەى یاسای بودجە، كە چۆتە بواری جێبەجێكردنه‌وه‌.

2- حكوومەتى هەرێمى كوردستان و پەرلەمانى كوردستان بەیەكەوە هەماهەنگ بن لە داڕشتنی پلان و ستراتیژ بۆ چارەسەركردنى قەیرانى دارایى و دابینكردنى بودجە و مووچەى هاووڵاتیان، بە گرتنەبەری سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان.

3- درێژەدان و برەودان بە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە جێبەجێكردنى كارنامەى کابینەی هەشتەم، بە دانانى نەخشەڕێگاى چارەسەرى بنەڕەتى بۆ چاكسازى بە گشتى و بە تایبەتى لە بوارى كەرتى نەوت و گاز و داراییى گشتیدا.

4- دەستەبەركردنى زیاتر و برەودان بە هەنگاوەکانی هەرێم لە بواری شەفافیەت و كاراتربوونی چالاکییەکانی ئەو بوارە.

5- بۆ كارئاسانى و بەدەستهێنانى زانیارى و ئاگاداربوون لە كارى دامودەزگاكانى حكوومەتى هەرێمى كوردستان، هەردوولا بە پێویستیان زانى و هاوڕا بوون بە دامەزراندنى ژوورى زانیاریى هاوبەش لە نێوان پەرلەمان و حكوومەتى هەرێمى كوردستاندا.

6- جەخت لە پاڵپشتیى پەرلەمانى كوردستان بۆ حكوومەتى هەرێمى كوردستان كرایەوە بۆ دۆزینەوەى ڕێگەچارەسەرى گونجاو بۆ سەرجەم پرس و كێشە هەنووكەییەكانى هەرێمى كوردستان، لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا.

7- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەفتانە لە ماڵپەری خۆیدا زانییارییەکان لەسەر ڕێژەی بەرهەمهێنان و نەوتی هەناردەکراو، ڕابگەینێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com