پۆلیسی نەرویج بە تۆمەتی هاندن بۆ توندوتیژی جارێکی دیکە مەلا کرێکاری دەستگیر کردەوە.
ماڵپەڕی دوربین نزیک لە مەلا کرێکار بڵاویکردەوە، مەلا کرێکار بە ماددەی ١٤٠ لە یاسای تاوانی وڵاتی نەرویج دەستگیرکراوە کە پەیوەستە بە هاندان بۆ توندوتیژی.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، بڕیارە ئەمڕۆ مەلا کرێکار ببرێتە بەردەم دادوەر بۆ بڕیاڕدان لەسەر مانەوەی لە زیندان، یان ئازادکردنی تا کاتی دادگاییکردنی.
ماڵپەڕی دوربین ئاشکراشیکردووە، بڕیاری دەستگیرکردنەوەی مەلا کرێکار پاش ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێك بووە لەگەڵ کەناڵی ئێن ئاڕکۆی حکومی نەرویجی، کە تیایدا مەلا کرێکار تەئکیدی لەسەر پرەنسیپە نەگۆڕەکانی شەریعەتی ئیسلامی کردووەتەوە لە حکومی ئەو کەسانەی کە سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام دەکەن.
بەتۆمەتی هەڕەشەی کوشتن لە ئێرینا ستۆڵتنبێرگ، سەرۆک وەزیرانی ئێستای نەرویج، مەلا کرێکار لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە سزای دوو ساڵ و١٠ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، مانگی رابردووش دوای تەواوبوونی سزاکەی ئازادکرا.