نوچەنێت.ههولێر:
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێ،ئەمڕۆ پرۆژە یاسای لێپرسینەوەو دادپەرەوەری گەیشتۆتە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان،داواش لەلیژنە پەیوەندیدارەكان دەكات،پەلەبكەن لەتەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان، تا لەئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی بۆ بكرێت.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی ئارام شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ (نوچەنێت)ناردووە،ڕایدەگەیەنێت،دوای گەیشتنی پرۆژە یاسای پاسەوانی نیشتمانی هەر ئەمرۆ پرۆژە یاسای لێپرسینەوەو دادپەروەری گەیشتۆتە دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ئارام شێخ محمەد وتیشی: پرۆژە یاساكە لە 22 ماددە پێكدێ و ئامانجی پاككردنەوەی كۆمەڵگا و دامەزراوەكانی عێراقە لەهەموو ئەوكەسانەی لەسەردەمی رژێمی پێشودا تاوانیان دژی خەڵكی عێراق ئەنجامداوە، هاوكات گێڕانەوەی ئەو كەسانەشە بۆ سەر وەزیفەكانیان كە پلەی حزبیان لەخوار ئەندامی فیرقەو شوعبەوە بووە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی ڕونكردەوە، یاساكە پێناسەیەكی وردی بۆ هەموو كەسانە كردووە كە یاساكە دەیانگرێتەوە، لەگەڵ گێڕانەوەی مافیش بۆ ئەو كەسانەی كە بەناوی جێبەجێكردنی ئەو یاسایەوە لەڕابردودا ستەمیان لێكراوە.
هەروەك لەمادەكانی 12 و 13 و 14 بەچەند بڕگەیەك سزای ئەو كەسانە دیاریكراوە كە یاساكە دەیانگرێتەوەو سزاكەیان لەنێوان 10 ساڵ بۆ 3 ساڵ زیندانی خۆی دەبینێتەوە.
لەپرۆژە یاسای لێپرسینەوەی دادپەروەریدا، ئەرك و مەهام و پایەكانی دەستەی لێپرسینەوەو دادپەرەوەری دیاریكراوە، كە سەرۆكێك و جێگرەكەی و پێنچ ئەندام لەخۆ دەگرێت و بەپێی یاسایەكی تایبەت دادمەزرێن.
پرۆژە یاساكانی لێپرسینەوەو دادپەروەری و پاسەوانەی نیشتمانی كە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ، ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد بەدوو یاسای گرنگ و زەروری دادەنرێن بەوپێیەی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەپرسی ئاشتەوایی نیشتمانی و بەشێكیشە لە بەڵگەنامەی سیاسی كە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقی لەسەر بنیاتنراوە.