نوچەنێت.تایبەت:
له كۆبوونه‌وه‌ی نا ئاسایی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر، هه‌ردوو پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاوه‌دانكردنه‌وه و پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزار درایه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ پۆستی قایمقامیه‌تیش چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌گه‌ڵ قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كاندا بهێنرێنه ناو كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌وه.
عیماد ره‌فعه‌ت، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر له‌سه‌ر لیستی توركمان به نوچه‌نێتی راگه‌یاند: “به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر له كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی خۆیدا ده‌نگی له‌سه‌ر دوو كاندیدی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا بۆ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاوه‌دانكردنه‌وه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گه‌شتوگوزار”. وتیشی: “زرار عه‌بدولقادر، به زۆرینه‌ی ده‌نگ هه‌ڵبژێردرا بۆ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری شاری هه‌ولێر، كاوه عومه‌ر پیر داود، بۆ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاوه‌دانكردنه‌وه هه‌ڵبژێردرا”. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: “به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر و به‌پێی یاسا، ده‌بێت پێنج كاندید پێشكه‌ش بكرێت و ئێمه‌ش سێ كاندیدی لێ هه‌ڵده‌بژێرین و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دیاری ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ته‌وافوقی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرێت، كه‌س ئاماده نییه ناو بنێرێت و دواتر ده‌رنه‌چێت”.
ناوبراو روونیشیكرده‌وه: “هه‌مووان ده‌نگیان به‌و دوو كاندیده داوه و سبه‌ینێ كاندیدی یه‌كێتیش بۆ پۆستێك دیاری بكرێت ده‌بێت ئێمه و گۆڕان و پارتیش ده‌نگی پێبده‌ن”. له‌باره‌ی پۆستی قایمقامیه‌تی هه‌ولێره‌وه وتی: “ئه‌و پۆسته بۆ گۆڕان یه‌كلایی بوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ناوه‌كه‌ی نه‌هێنراوه‌ته دانیشتنه‌كانه‌وه، بۆیه ره‌نگه له‌گه‌ڵ پۆستی قایمقامیه‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كاندا یه‌كلایی بكرێنه‌وه”.