نوچەنێت.رووداو:
بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردەی پێنج حیزبی سەرەکی لە باشووری کوردستان کۆببێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
محەممەد ئەحمەد، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراونەتەوە، کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە 26ی شوبات) کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حیزبەکان بەڕێوە دەچێت و بۆ ئەو مەبەستەش کەسی یەکەمی حیزبەکان و ئەندامێکی دیکەیش لەو حیزبە کە خۆیان دەستنیشانی بکەن بەشداری کۆبوونەوە دەبن لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان”.
ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو گوتی: “لەلایەن ئێمەوە ئەمینداری یەکگرتوو و هیوا میرزا سابیر ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن”.
هەروەها سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی گۆڕان بەههمان سایتی راگەیاند” لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری ناکات و بڕیارە عومەری سەید عەلی و جەلال جەوهەر بە نوێنەرایەتی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بکەن”.
هەروەها نووسینگەی تایبەتی کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،راگەیاند، “جێگری سکرتێری یەکێتی لە ئەوروپایە و نەگەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان، بۆیە بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات”. بەڵام نووسینگەی مەلا بەختیار راگەیاند، کە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت.
هەروەها کاکەمین نەجار، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە ههمان سایتی راگەیاند” کاک نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاک فازڵ میرانی وەک نوێنەری پارتی بەشداری کۆبوونەوەکە دەبن”.
تۆفێق کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی بە بە ههمان سایتی راگەیاند” لەلایەن کۆمەڵی ئیسلامی مامۆستا عەلی باپیر و نازم عەبدوڵڵا بەشدار دەبن”.