وه‌فدێكی په‌رله‌مان هێزی پێشمەرگه له‌ رۆژئاوای دیجله‌ به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

ئەمرۆ چوار شەممە ٢٥/٢/٢٠١٥ دوا وێستگەی سەردانەکەی شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان،بەسەرکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو له‌ ناوچه‌ی زومار (رۆژئاوای دیجله‌) کە لەلایەن فەرماندەی پێشمەرگە شێخ عەلی و ئەفسەرە پلە باڵاکانی پێشمەرگە بەگەرمی پێشوازیی کران.

لەوتەیەکدا جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سڵاو و پیرۆزبایی سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی بە فەرماندەیی و گشت پێشمەگەکانی کوردستان گەیاند بەهۆی ئەو سەرکەوتنە مەزنانەی لەبەرەکانی جەنگ بەرامبەر تیرۆریستانی داعش و تێکشکاندنیان ئەنجامیان داوەو بەشی زۆری خاکی کوردستانیان لەچنگ داگیرکەرو تیرۆریستان رزگارکردوە، هه‌روه‌ك سڵاوی خەڵکی کوردستانی گەیاندە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان کە بەخوێنی ئاڵی ئەو رۆڵە قارەمانانە ئەو سەرکەوتنە مەزنانە تۆمارکراوه‌و هیوای چاکبونەوەی بۆ برینداره‌كانیش خواست.

پاشان لەلایەن شێخ علی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو دەڤەرە پوختەیەک لەبارەی جوگرافیای ناوچەکە و پیلانی تیرۆریستان و ورەی بەرزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە رۆژ بە رۆژ بەرزترەو پیلان و ئەفسانەی داعش تێکدەشکێنن و لەناویان دەبەن، شیکردنەوەی پێویستی پێشکەش کردن و وەڵامی تەواوی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە پەرلەمانتاران ئاراستەیان کرد و رێگە چارەی ئەو گرفتانەشی خستەروو کەپێویستە بۆ لەناوبردنی داعش لەئایندەیەکی نزیک دا پەیرەو بکرێ.

پاشان شاندەکە سەردانی یەکەی پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنیەکانی کرد و لەلایەن ئەفسەری پێشەرگە کارو چالاکیەکان بەوردی خرانەروو کە ئەو یەکەیە لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان سەدان مین و تەقەمەنیان پوچەڵکردۆتەوەو كه‌بەشێوازی جۆراوجۆر بۆ شەهیدکردنی هاووڵاتی و خەڵکی سڤیل و هێزەکانی پێشمەرگە دانرابۆو، بەڵام بەلێهاتووی پێشمەرگەکانی ئەو یەکەیە پوچەڵکراونەتەوە.

دواتر لەلایەن شاندەکەوە سوپاسی شەونخونی و ماندوبونی ئەو یەکەیە و تەواوی ئەو یەکانەی تایبەتن بەپوچەڵکردنەوەی مین کرا و ئەو جۆرە چالاکیانەیان بەرزنرخاند کە لەپێناو رزگارکردنی هاووڵاتیان ئەنجامیانداوەو تەنانەت شەهید و برینداریشیان هەبووە.

دواتر شاندەکە سەردانی بەرەکانی جەنگی دژ بە داعشی کرد و لەنزیکەوە لەرەوشی هێزی پێشمەرگە و توانا سەربازیەکانیان پرسی و دووپاتیان کردەوە مایەی سەربەرزیە هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرەرای ئەو قەیرانە داراییەو ئەو گرفتانەی حکومەتی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، بەڵام پێشمەرگەی کوردستان لەبەرەکانی شەڕ بەورەیەکی زۆر بەرزو پۆڵایین رووبەروی تیرۆریستان بۆتەوەو خاکی کوردستان لەچەنگ داگیر کەران رزگار دەکا.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com