نوجەنێت کێشەی قوتابییە منداڵەکە ئەگەیەنێتە پەڕلەمانی کوردستان

0

پەڕلەمان:ئەگەر زانیمان بەدواداچونی وەزارەتی پەروەدە لەئاستی پێویست و بەرپرسیارەتیدانیە، خۆمان دەچینە ناو پرۆسەکەوە

رێبوار رەزا چوچانی / هەولێر

نوچەنێت کێشەی ئەو قوتابییە دەگەینێتە پەڕلەمانی کوردستان، کە لەگرتەیەکی ڤیدیۆیدا مامۆستایەک ئازاری دەرونی دەدات، سەرۆکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پەڕلەمانی کوردستانیش، بەڵێنی بە بەداواداچون و سزادانی ئەو مامۆستای بەو کارە هەستاوە دەدات.

ئەگەرچی لە سیسته‌می قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کان و خوێندنگه‌ ئاماده‌ییه‌کان، له‌ ده‌روازه‌ی یه‌ک و به‌ندی پێنجدا هاتووە‌ “هیج جۆره‌ سه‌رکوتکردن و سزایه‌کی جه‌سته‌یی، فیزیکی یا ده‌روونی، له‌ ناو سیسته‌می فێرکاری کوردستاندا ڕێگه‌ی پێنادرێت“.بەڵام تائێستاش توندوتیژی لە قوتابخانەکاندا بەردەوامە، بەجۆرێک کە زۆر جار مامۆستاکان بەهەموو شێوەیەک سزای جەستەیی و دەرونی قوتابیان دەدەن، بەتایبەت ئەو قوتابیانەی کە تەمەنیان منداڵەو لەقۆناغی بنەڕەتی خوێندندان، لەگرتەیەکی ڤیدیۆیدا، کە لەماڵپەڕی نوچەنێت بڵاوکرایەوە، مامۆستایەک ئەشکەنجەی دەرونی قوتابییەکی مناڵی قۆناغی بنەڕەتی دەدات و سوکایەتی پێدەکات، ئەوەش بووە هۆی نیگەرانی گەورە لای زۆرێک لە نوسەران و رۆشنبیران و مرۆڤدۆستان و شارەزایانی بواری پەروەردە، کە لەماڵپەڕی نوچەنێتدا بەچەند وتارێک لەوبارەیەوە، ناڕەزایی و نیگەرانی خۆیان دەربڕی و داوای بەدواداچونیان کرد، هەر لەیەکەم رۆژی بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤدیۆیەدا، نوچەنێت پەیوەندی کرد، بە ئیسماعیل بەرزنجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەو ناوبراو بەنوچەنێتی راگەیاند” دەست دەکرێت بەلێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەو سزادانی ئەو مامۆستایەی کەبەو کارە هەستاوە”.

هەر لە درێژەی هەوڵەکانی نوچەنێت، بۆ گەیاندنی ئەو بەڵگەیەو دەسترێژی کردنی ئەو مامۆستایە بۆ سەر لایەنی دەرونی ئەو منداڵە بەلایەنە پەیوەندارەکان، ئەو کێشەیەی گەیاندە پەڕلەمانی کوردستان، عومەر نورەدینی سەرۆکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پەڕلەمانی کوردستان، بەنوچەنێتی راگەیاند “پێویستە ئەو گرتەیە ساغبکرێتەوە و ئەوەش بەداواداچونی پیویستە، تا بزانین ئەو رووداوە لەکوێ بووە؟ لەچ قوتابخانەیەک و لەچ ناوەندێکی خوێندن بووە و مامۆستاکە کێیە؟”.

نورەدینی ئاماژەی بەوەدا کە” رەنگە ئەو گرتەیە سیناریۆی مامۆستایەک بێ، بۆ مەبەستێکی تایبەت” بەڵام وەک ئەو وتی “لەهەموو حاڵەتەکاندا، ئەو توندوتیژیانە بەخراپە دەزانین، ئەگەر راستەقینە بێت و ئەگەر دروستکراویش بێت، چونکە لەهەردوو حاڵەتەکەدا ئێمە پێمان وایە ئەوە شیواندنی وێنەی راستەقینی سیستەمی نوێی پەروەردەو خوێندنە لە هەرێمی کوردستاندا، کارێکە بەهیچ پێوەرێکی یاسایی و مرۆی قبوڵ نییە، چۆن بەدواداچونی بۆ دەکەین، ئاواش سەرکۆنەی دەکەین، داواش لە وەزارەتی پەروەردە دەکەین، دەستبەجێ بەدواداچونی بۆ بکەن و ساغی بکەنەوە، پاشان بڕیاری پێوسیتی خۆشی لەوبارەوە بدات”. نورەدینی، بۆ نوچەنێت، تەئیکیدی لەسەر ئەوەش کردەوە، ئەوان وەک لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی کوردستان، بەدواداچون دەکەن بۆ ئەو گرتەیەو وتی”ئێمە بەدواداچونی بۆ دەکەین، لەڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە، ئەگەر ئەوان بەدوادا چونیان بۆ کرد، ئەوە دەستخۆشیان لێ دەکەین، ئەگەر نەشیان کرد ئێمە خۆمان بەدواداچونی بۆ دەکەین، لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەین، هەرمامۆستایەکیش بزانین پەنا بۆ توندوتیژی جەستەیی و دەرونی دەبات، لەبەرانبەر قوتابییەکانی، دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت”.

لەبارەی ئەو ڕێگایانەش کەبۆ بەدواداچونی ئەو ئەو ئازاردانە دەرونیەی ئەو قوتابیە مناڵە دەیگرنە بەر، نورەدینی وتی”سەرەتا چاودێری دەکەین، دواتر وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیە پەروەردەییەکان رادەسپێرین، کە بەدواداچون بکەن و ئەمەش ئەرکی ئەوانە، ئەگەر ئەوان ئەوکارەیان کردو زانیمان ئاکامەکانی بەو شێوەیە کە لەئاستی پێویست و بەرپرسیارەتیدایە، دەستخۆشییان لێ دەکەین، بەڵام ئەگەر زانیمان کەموکوڕی تێدایە خۆمان دەچینە ناو پرۆسەکەوە لیژنە پێکدەهێنین”.

وتیشی”ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەبێتە ئەولەویەتی کاری لیژنەکەمان، چونکە چی لەوە گرنگتر هەیە، کە مناڵێک لەو تەمەنەدا فشار بخرێتە سەری و توندوتیژی لەبەرانبەردا بکرێت، هیچ شتێک لەوە گەورەتر نییە، کە ئێمە بزانین توندوتیژی بەرانبەر قوتابییەکی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی دەکرێت، ئەوە ئەولەویەتێکی گەورەی هەیە لای ئێمە، چونکە هەم منداڵەو هەم ئنسانە و هەم قوتابییە، یەکەم ئیشمان ئەوەیە کە متابەعەی ئەو کارە دەکەین”.

facebook :Rebwar raza chuchani

بۆبینی ئەو گرتە ڤیدیۆی کە مامۆستاکەی ئازاری دەرونی مناڵێک دەدات کلیک لەسەر وێنەی ئەو منداڵەو پەڕلەمان بکە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com