نێچیرڤان بارزانی: بەرامبەر یەکگرتوویی گەلی کورد سەر دادەنەوێنم
نوچەنێت . رووداو
لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ کوردستان ریڤیو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت” لەبەرامبەر بەرگریی و یەکگرتوویی و گیانفیدایی گەلی کورددا سەر دادەنوێنم.
لە هەڤپەیڤینەكەدا، نێچیرڤان بارزانی باسی گەشەکردنی ئابووری هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت:” لەناو هەموو وەبەرهێنان و لەناو هەموو ئەولەویاتەکانی ئێمەدا، من هیچ شتێک هێندەی پەروەردە بە جەوهەریتر نازانم لەپێناو ئابووریدا. بەردەستبوونی کار و گەشەی سێکتەرە جیاوازەکانی ئابووری ئێمە تەنها هاوکاری ئەوەمان دەکات گەنجانی ئێمە لە ژن و پیاو بتوانن ئەو ئامرازانە بەدەستبهێنن کە پێویستیان پێیەتی. لە دوایین خاڵیشدا توانا و لێهاتووی هاونیشتیمانیانی ئێمە دەبنە زامنی خۆشگوزەرانی ئەم هەرێمەی ئێمە”.
من وەک سەرۆکوەزیران لەبەرامبەر بەرگری و یەکگرتوویی و گیانفیدایی گەلی کورددا سەر دادەنوێنم
پ: ئەدای ئابووری کورد لەژێر بەڕێوەبەرایەتی ئێوەدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
نێچیرڤان بارزانی: حکومەت و گەلی کوردستان گەشەیەکی چاوەڕواننەکراوی ئابوورییان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دروستکردووە، هەروەها سەقامگیری لە توانای دەستکەوتەکانی ئێمەدا لەساڵی 2014 زۆر بە تووندی تاقیکرایەوە. لەهەندێک بواردا پێشکەوتن و دەستکەوت زۆر بە روونی دیارن، من وەک سەرۆکوەزیران لەبەرامبەر بەرگری و یەکگرتوویی و گیانفیدایی گەلی کورددا سەر دادەنوێنم.
پێشم خۆشە ئاماژە بە رۆڵی کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکانیش بکەم، کە متمانەیان بە سەرکەوتنەکانی کوردستان کردووە و بەردەوامن لە خزمەتکردن بە دۆخی ئابووری ئێمە، لە کاتێکدا ململانێکان بەردەوامن. پێموایە داهاتووی ئێمە روونە، ئەمەش پەیوەندی بە کەسایەتی و بەشداری رۆژانەی هاونیشتمانیانی کوردستانەوە هەیە.
رێڕەوی ئابووری ئێمە بە تەندروستی دەمێنێتەوە. گومانی تێدا نییە هەڕەشە ئەمنییەکان لەلایەن داعشەوە، سیاسەتی کارەساتباری ئیدارەی پێشووی حکومەتی عێراق و قەیرانە مرۆییەکان کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، هانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان دا سەرنجەکانی خۆی بە لایەکی دیکەدا بگۆڕێت و هەوڵی دامەزراندنی هەندێک پرۆژەی نوێی درێژخایەن و بیرکردنەوە لە ئامانجی دیکە بدات، کە بێگومان ئەمەیان کاریگەری لەسەر گەشەی ئابووری ئێمە هەبووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە دۆخێکی کاتییە و هەر لە ئێستاشەوە ئاماژەی باشتربوونمان بەدیکردووە. من دڵنیام بازاڕەکانی کوردستان چالاکی خۆیان وەبەردێتەوە و کوردستانیش وەک یەکێک لە بازاڕە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش لەوانەیە کاردانەوەی جیهان بەرامبەر هەڕەشەکانی داعش درەنگ بووبێت، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کە جیهان بە تووندی ئایدیۆلۆژیای رق و تووندوتیژی و وێرانکەری رەتکردووەتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان خواستی هەیە و توانای ئەوەشی هەیە لە بەرامبەر تیرۆریستاندا بووەستێت و پاشەکشەیان پێبکات. لەگەڵ ئامانجی هاوبەش بۆ سەقامگیری و ئاسایش، حکومەت و گەلی ئێمە باوەڕی بە باشتربوون و بەردەوامبوون لە گەشەی ئابووری هەیە.
پ: بۆچی دەبێت وەبەرهێنەران لە سەرانسەری جیهاندا هەرێمی کوردستان وەک مەبەستێکی بازرگانی هەڵبژێرن؟
نێچیرڤان بارزانی: بەردی بناغەی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیاکردنەوەی ئازادی ئابووری تاکە کەس بووە لەگەڵ بازاڕی ئازاد کە تێیدا وەبەرهێنەران و پسپۆران کاری تێدا بکەن و توانا ئابوورییەکان تێیدا وەگەڕبخرێن، ئەمە بۆ بازرگانە ناوخۆییەکان و کۆمپانیا بیانییەکانیش هەر راستە.
پێش سەرهەڵدانی ململانێ ئەمنییەکان کە بەهۆی هەڕەشەی داعشەوە دروستبووە، وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی زۆر دراماتیکی لە زیادبووندابوو، ساڵ دوای ساڵ زیادی دەکرد، داهاتی ناوخۆش بەشێوەیەکی تەندروست لە زیادکردندا بوو. بێگومان ململانێکان کاریگەرییان لەسەر گەشەی ئابووری هەبووە، جگە لەوەش مامەڵەی ئیدارەی پێشووی بەغدا کاریگەری هەبووە، بەڵام من خۆشحاڵم بەوەی وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیاکان نەک تەنها بەردەوام بوون لە کارکردن لە کوردستان، بەڵکو لەوەش تێگەیشتن کە ئەم دۆخە تێدەپەڕێت و جارێکی دیکە بازرگانی لێرە چالاک دەبێتەوە.
پ: لەکام سێکتەردا زیاتر دەتانەوێت شوێنی کورستان ببینن و جەختی لەسەر دەکەنەوە بۆ ئەوەی گەشەکردنێکی ئابووری رووبدات و هەلی کاری زیاتر لە 2015 دابین بکرێت؟
نێچیرڤان بارزانی: سەرەڕای پاشەکشێکان لەو بوارەدا کە هەرێمی کوردستان و بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی بووەتەوە لەساڵی 2014 دا، بەڵام ستراتیژی درێژخایەنی ئێمە وەک خۆی چالاک و بەردەام دەبێت. راستە ئێمە بەهۆی ئەو دۆخە نائاساییەی لێرە هاتە ئاراوە، دەبووایە هەندێک لە پرۆژە و کاری وەبەرهێنان رابگرین، بەڵام پلانی ئێمە بۆ گەشەکردن لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت.
ئەوە روونە کە نەوت و گاز جوڵێنەری ئابووری ئێمە و ئابووری عێراقە، من ستاسیشی هەوڵەکانی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵکی ئێمە و قوتابییە گەنجەکان بۆ ئەوەی داهاتوویەک لەم بوارەدا بۆ خۆیان مسۆگەربکەن.
وەک وڵاتانی دیکەی دەوڵەمەند بە نەوت، هەرێمی کوردستان پێویستە بایەخ بە فرە رەهەندی لە ئابووریدا بدات و گەشە بە سێکتەرە جیاوازەکان بدات. وەکو، کشتوکاڵ، پیشەسازی و سەرچاوەکانی ئاو دەتوانن هەلێکی باش بڕەخسێنن، بەڵام دەبێت بەسەر ململانێکانیشدا زاڵبین. تەکنەلۆژیاش لەم خاڵەدا فاکتەرێکی گەورەیە و هیوادارم کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکان ئاوڕ لەم بوارەش بدەنەوە.
کاتێک کوردستان پێگەی خۆی لەسەر نەخشە دەدۆزێتەوە وەک میحوەرێکی وزەی جیهانی، شارە گرنگەکانی وەک هەولێر سلێمانی و دهۆک دەتوانن هەلی زیاتری ئابووری بۆخۆیان مسۆگەربکەن. هەروەها گەشتیاریش پێویستی بە وەبەرهێنانێکی حەکیمانە. حکومەتی هەرێمی کوردستان کات و وزەی پێویستی بۆ دڵنیاکردنەوە لە دروستبوونی کەشێکی دڵنیا و دادپەروەرانەی کارکردن، تەرخانکردووە، بە تایبەت لە بواری کەرتی تایبەتدا.
ئێمە کار بۆ باشترکردنی سیستەمی پەروەردەییمان دەکەین، بۆ ئەوەی لاوەکانمان لەرووی شارەزاییەوە ببن بە هیزێکی کاری چالاک. لەناو هەموو وەبەرهێنان و لەناو هەموو ئەولەویاتەکانی ئێمەدا، من هیچ شتێک هێندەی پەروەردە بە جەوهەریتر نازانم لەپێناو ئابووریدا. بەردەستبوونی کار و گەشەی سێکتەرە جیاوازەکانی ئابووری ئێمە تەنها هاوکاری ئەوەمان دەکات گەنجانی ئێمە لە ژن و پیاو بتوانن ئەو ئامرازانە بەدەستبهێنن کە پێویستیان پێیەتی. لە دوایین خاڵیشدا توانا و لێهاتوویی هاونیشتمانیانی ئێمە دەبنە زامنی خۆشگوزەرانی ئەم هەرێمەی ئێمە.