نوچەنێت.ههولێر:
بەرپرسی لقی 3ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت، ئەو داواکارییەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە عەرەب و تورکمانی قبووڵ کردووە بۆ ئەوەی ھێزێکیان بۆ خۆیان هەبێت، جیاوازە لە حەشدیشەعبی، چونکە پێویستە خەڵکی کەرکووک بن و، لەژێر دەستهڵاتی ھێزی پێشمەرگەدا بن، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش ئەستەمە بتوانن ھێز بۆ خۆیان دروست بکەن.
محەمەد کەمال,بەرپرسی لقی 3ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک و، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەكەی ڕاگەیاندوە”سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەو کاتەی سەردانی کەرکووکی کرد، ڕەزامەندیی پێشان داوە کە ھێز بۆ عەرەب و تورکمان دابمەزرێت و، وەک پێشمەرگە شەڕی داعش بکەن، بەڵام ئەمە جیاوازە لە حەشدیشەعبی، چونکە ئەمانە خۆیان خەڵکی کەرکووکن و، ئەوانەی دیکە لە بەغدا و دیالە و شیوێنی دیکەوە دێنه کەرکووک.”
(محەمەد کەمال) گوتیشی: “ئەمانەی ئەوانە دەیکەن موزایەدەیە، چونکە توانایان نیە ھێز دروست بکەن و، ھێزیان نییە و، پێیان کۆ ناکرێتەوە، بۆیە ئەستەمە ئەو ھێزەیان بۆ دروست بکرێت، ئەگەر ئەوان ئەو نیازەیان ھەیە، با بێن شانبەشانی ھێزی پێشمەرگە، شەڕ بکەن؛ پێشوازییشیان لێ دەکەن و کام بەرەشەڕ ئاسانە با ئەوێ وەربگرن.”
بەرپرسی لقی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر ھێز دروست دەکەن، پێویستە لە خەڵکی کەرکووک بێت و ھێزی دیکە نەھێنن بۆ کەرکووک؛ دەشێ لەژێر دەسهڵاتی ھێزی پێشمەرگەیشدا بن، چونکە دۆخی کەرکووک جیاوازە و، تایبەتمەند، بۆیە خەڵکی کەرکووک ناهێڵین جگە لە خەڵکی ئەوێ، ھیچ ھێزی دیکە لە دەرەوە بێتە ئەو شارەوە.