نوچەنێت- گاردیان
رۆژنامەی ” زە گاردیان ” ی بەریتانی راپۆرتێكی لە بارەی گرژی پەیوەندیەكانی نێوان كورد و عەرەب بڵاو كردەوە ، ئەوەش دوای رووداوەكانی ئەم دواییە كە شارەكانی عێراق لەلایەن رێكخراوی داعش داگیركران و لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردییەوە رزگار كرانەوە، زۆرێك لە عەرەبە سوننەكان چوونە ناو داعشەوە و ئەمەش بوە هۆی گرژی پەیوەندیەكانی نێوان عەرەب و كورد.
رۆژنامەكە دەڵێت ژیان وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ شارۆچكەی زومار ، كە پێشتر داعش لە مانگی ئابی رابردوودا دەستی بەسەردا گرتبوو ، دوای ئەوە هێزە كوردیەكان توانیان بیگێڕنەوە دوای بۆردومان كردنی لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە لە مانگی تشرینی یەكەمدا، دانیشتوانی شارەكە دەستیان كرد بە دووبارە چاككردنەوەی كارەبا و ئاوی شارەكە ، خاوەنی شوێنەبازرگانیەكان سەرلەنوێ شوێنەكانیان كردەوە.
رۆژنامەكە باسی ئەوەی كردوە كە ئەستەمە دووبارە پەیوەندی نێوان كورد و عەرەب وەك پێشووی لێبێتەوە لەم شارۆچكە تێكەڵاوەدا، دوای ئەوەی میلیشیا توندڕەوەكانی داعش دەستیان بەسەر ئەم شارەدا گرت و هێزە كوردی و شیعەكان دەستیان بە هێرشی پێچەوانە كرد بۆ گیڕانەوەی شارەكە، ئەمە وای لە دانیشتوانی شارەكە كرد لە یەكتر هەڵگەڕێنەوە.
شارۆچكەی زوممار ناوچەیەكی جێناكۆكی نێوان كورد و حكومەتی عێراقە، پێش ئەوەی داعش داگیری بكات شارەكە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقیدا بوو، بەڵام ئێستا كورد حوكمی دەكات و هیچ نیەتێكیان نیە وازی لێبهێنن.
دوای كشانەوەی داعش لە شارەكە لەسەر دەرگای ماڵ و شوێنە بازرگانیەكان نوسینی وەك ” گیراوە بۆ كورد یان ماڵی كورد یان كەمال كوردی یان محمد كوردی ” دەبینرێت.
دانیشتوانە كوردەكان گەڕاونەتەوە شارەكە كە ماڵەكانیان وێران كراوە، دوای رزگار كردنی دەستیان گرت بەسەر خانووی عەرەبەكاندا گرت كە بە یارمەتیدانی چەكدارانی داعش تاوانباریان دەكەن، شاڤان دەڵێت ئەو ئێستا لە ماڵێكدا دەژی كە خاوەنەكەی پیاوێكی عەرەبە و ئێستا چوەتە ناو داعش لەگەلچیان رۆشتوە.
كاتیك هێزی پێشمەرگە شاری زومماری رزگار كرد ، هەموو دانیشتوانە عەرەبەكەی بەجێیان هێشت و گواستیانەوە بۆ ئەو شوێنانەی كە كە لەژێر دەسەڵاتی داعشدان وەك موسڵ.
محمد عەبدولقادر كە رۆژنامەكە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەنجامداوە دەڵێت ” بڕیاری گەڕانەوەی عەرەب بۆ ناو شارەكە بۆ دەسەڵاتدارانی كورد دەگەڕێتەوە، بەڵام وەك رای خۆم باشتر وایە نەگەرێنەوە ، لەبەر ئەوەی متمانە لە نێوانماندا نەماوە ، چونكە ئەوان هەموو موڵك و سامانی ئێمەیان دزی و ماڵەكانیان وێران كردین”.
بەڵام كەمال ماجید كە دانیشتویەكی كوردە و هاوسەرەكەی عەرەبە وتی ” تەمەننا دەكەم دانیشتوانە عەرەبەكەی كە نەچونەتە ناو داعشەوە بگەڕێنەوە بۆ شارەكە و خۆیان لە هەر كێشەیەك لەگەڵ كورد بەدوور بگرن لە داهاتوودا، لەگەڵ بوونی كێشە لەنێوان هەردوولادا لە پێشوودا بەڵام بە ئاشتی پێكەوە دەژیان”
لە ناوچەكانی تری عێراق ، دانیشتوانە عەرەبە سوننەكان ماڵەكانیان بەجێهێشتوە لە ترسی ئەوەی لەلایەن هێزە كوردی و شیعەكانەوە تۆڵەیان لێبكرێتەوە دوای ئەوەی كە دەستیان گرتەوە بەسەر ئەو شار و شارۆچكانەی لەژێر دەستی داعشدان.