نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامێکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی رایدەگەیێنێت، یەکێتی و پارتی بەرپرسیارن لە دابەشنەکردنی پۆستەکان،جەختیشدەکاتەوە هەتا ئێستا لە هیچ ناوەندێکی فەرمی بڕیاردانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە باسی کشانەوە لە حکومەت نەکراوە و بە پارتی نەگوتراوە ئەوان لە حکومەت دەکشێنەوە.
دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ) کە لە رووداو پەخشدەکرێ، سەبارەت بە كۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان،رایگەیاند: “کۆبوونەوەکە زۆر راشکاوانە بوو، بزووتنەوەی گۆڕان بە دیاریکراوی تێبینییان لەسەر دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکان یاخود بەشداری گۆڕان لە پۆستەکانی دیکەی خوار پۆستی وەزیر و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان هەبوو”.
سەبارەت بە دابەشنەکردنی پۆستەکان، دڵشاد شەهاب دەڵێت: “یەکێتی و پارتی لێی بەرپرسیارن و ئێمە بەرپرسیارێتییەکەمان هەڵگرتووە، چونکە پۆستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەم خولەکەش لەسەر بنەمای رێککەوتنی ستراتیژی بەڕێوەدەبرێت، جگە لەو پۆستانەی لەگەڵ وەزیر وەک بەڕێوەبەری گشتی یان بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر، یاخود هەندێک پۆستی دیکەی نەبێت”.
لەبارەی تێبینییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری پارتی دەڵێت:”تێبینی ئێمە لەسەر گۆڕان و لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت، بەشێوەیەکی گشتی وەکو پارتی لە بابەتی خۆ بە خاوەن زانینی حکومەتە”.
سەبارەت بەوەی وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە وەزارەتەکان تا چەند دەستکراوەن یاخود گلەییان لە چی هەیە، شەهاب گوتی: “لە یەک کۆبوونەوەدا تەنانەت بە ئاماژەیەکی ناراستەوخۆش لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ئاماژە بەوە نەدراوە وەزیرەکانیان دەست بەستراوە بن، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئاسوودەیی زۆریان پیشانداوە، کە بەڵێ بە کردەیی وەزیری ئەم حکومەتەن، بڕیاردەرن لە وەزارەتەکانی خۆیان”.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی دەگوترێت بزووتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی کشانەوەی لە حکومەت کردبێت، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت”نەخێر هەتا ئێستا لە هیچ ناوەندێکی فەرمی بڕیاردانی بزووتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی کشانەوە لە حکومەت نەکراوە و بە پارتی نەگوتراوە ئێمە لە حکومەت دەکشێینەوە، نەگوتراوە ئەگەر ئەوە نەکرێت دەکشێینەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بەوەی هەیە 100% رازی بن و هیچ تێبینییەکیان نەبێت.”