نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی لیژنەی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بەمەسیحی وكوردی ئێزدی دەڵێت،مەرجی هەرە سەرەكی دادگاییكردنی ڕێكخراوی تێرۆریستی داعش و بەجینۆسایدناساندنی تاوانی دژ بە كوردی ئێزیدی و پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی دیكە.
ئەگەرچی ئەو تاوانانەی لەدژی هاوڵاتیانی مەدەنیی عیراق وهەرێمی كوردستان لەلایەن چەكدارانی رێکخراوی تێرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی نا سراو بە داعش ئەنجامدران دەکرێ بخرێنە خانەی تاوانی كۆمەڵكوژی، بەڵام بە ئەندامنەبوونی عیراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بووەتە تەگەرە بەر هەوڵەکانی ناساندنی یاسایی ئەو تاوانانە بە کۆمەڵکوژی.
مەحمود حاجی ساڵح، وەزیری كاروباری شەهید وئەنفالكراوان، و سەرۆكی لیژنەی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بەمەسیحی وكوردی ئێزدی، ئەم خاڵەی پشتڕاستكردەوە و بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمى راگەیاندوە کە “تا ئێستا عیراق ئامادە نیە ببێتە ئەندام لەو دادگایەدا،بەم شێوەیەش رێكاری یاسایی لەبەرامبەر بەجینۆسایدناساندنی ئەم تاوانانە بەڕێگایەكی سەختدا تێدەپەڕێت”.
وەزیری كاروباری شەهید وئەنفالكراوان لەلێدوانێكی راشیگەیاند، “مەرجی هەرە سەرەكی دادگاییكردنی ڕێكخراوی تێرۆریستی داعش و بەجینۆسایدناساندنی تاوانی دژ بە كوردی ئێزیدی و پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی دیكە، بەئەندامبوونی عیراقە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا، بەڵام لەمیانەی گفتوگۆی لیژنەكەیان لەگەڵ سێ باڵوێزی عێراق لە چەندین دەوڵەتی ئەورووپاییدا، وا روون بۆوە كە عێراق ئامادە نیە ببێتە ئەندام لە دادگای ناوبراودا”.
وەزیر رایگەیاند، ئەم هەڵوێستەی عیراق رێگرە لەبەردەم دروستبوونی دادگایەكی لەم جۆرە لەعیراق و لەهەرێمی كوردستان ولە یاسای عێراقیدا هیچ بڕگەیەك نیە باس لە كۆمەڵكوژی بكات، بۆیە تاكە چارەسەری لەم حاڵەتەدا ئەوەیە “عێراق ڕازی بكرێت كە تەنها بۆ ئەم كەیسە ڕەزامەندی بداتە دادگا بۆ ئەوەی لێی بكۆڵێتەوە، ئەمەش هەوڵێكی زۆری دەوێت لەلایەن نوێنەرانی كورد لە مەركەزی بڕیاردان لە حكومەتی فیدرالی بۆ دەركردنی بڕیارێكی لەو جۆرە بەمەرجێك عێراق كەیسی دیكەی لەگەڵدا تێكەڵ نەكات”.
ناوبراو رایگەیاند بەئەندامبوونی عیراق لەو دادگایەدا بەرپرسیارێتی قورس دەخاتە ئەستۆی كە رەنگە نەتوانێ جێبەجێی بكات. بۆیە بەهەر بیانوێك بێت خۆی ئەو پرسەی پشتگوێخستووە، هاوكات ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر ئەم رێكارە یاساییە ورێكارە پێشنیاركراوەكانی دیكە سەرنەكەوت ئەوا پێویستە “لەڕێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بڕیارێكی تایبەت دەربكرێت بۆ دەستبەكاربونی دادگا لە كەیسی ناوبراو یاخود بۆ دامەزراندنی دادگایەكی تایبەت بەو كەیسە بەهەمان شێوەی دادگای تاوانەكانی یوگوسلاڤیا و دادگای تاوانەكانی ڕواندا”.