نوچەنێت- ئیرەم نیوز
چالاكوانێكی عێراقی كە لە یەكێك لە دەزگاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كار دەكات، ئاشكرای دەكات كە ئێران دەستی بە پرۆگرامێكی نوێ كردوە بۆ داگیر كردنی عێراق لە رێگەی چەند دەزگایەكی بەناو كلتوری و كۆمەڵایەتی و خێرخوازییەوە، وەك ئەو باسی دەكات دوای هاتنە ناوەوەی رێكخراوی توندڕەوی داعش بۆ ناو عێراق لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا نزیكەی 25 دەزگای كلتووریی ئێرانی لە هەموو پارێزگاكانی عێراق بنیات نراون.
چالاكوان عەلی میلالی كە خاوەن روانگەیەكی لیبرالییە ، لە لێدوانێكیدا بۆ ئیرەم نیوز وتی ” چەند زانیارییەكم دەستكەوتوە كە سەلمێنەری داگیركاری ئێرانە بۆ سەر كۆمەڵگەی عێراقی لە رێگەی دەزگا كلتوری و خێرخوازییەكانییەوە” ئاماژەی بەوە دا كە ئامانجی ئەو دەزگایانە بڵاو كردنەوەی كلتوری حكومەتی ئیسلامی و پرۆژەی ویلایەتی فەقێیە.
میلالی هەروەها روونی كردەوە :” پێش دوو رۆژ چەند لافیتەیەكم بینی لە چەند گەڕەكێكی بەغدای پایتەخت كە داوای بنیات نانی “سوپای ویلایەتی فەقێ”ی دەكرد ” كە ئەو پێیوابوو ئەم هەنگاوە هەڕەشە لە پێكهاتەی كۆمەڵگەی عێراقی دەكات كە رەتكەرەوەی حكومەتی ئیسلامییە.
ئەو چالاكوانە باسی غیابی دەوڵەت و نەبوونی چاودێری لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە كرد، كە پێیوایە ئەمە هۆكارێكی سەرەكی فراوانبوونی چالاكییەكانی دەزگاكانی سەر بە ئێرانە كە لەلایەن پاسدارانەوە رێنمایی دەكرێن.
عەلی میلالی بانگی چالاكوانانی عێراق دەكات بۆ پێویستی ئاشكراكردنی مەترسیەكانی ئەم دەزگایانە كە لەژێر ناونیشانی ” كلتوری و خێرخوازی”دان ، لە رێگەی نوسین و بڵاو كردنەوەی وتار و توێژینەوە لە دەزگا راگەیاندنە عێراقی و عەرەبیەكانەوە، هەروەها روونیكردەوە كە ئەم دەزگایانە رۆڵیان بینیوە لە بە سەربازگە كردنی كۆمەڵگە و راهێنانی زۆرێك لە گەنجان لەسەر هەڵگرتنی چەك لە ناو عێراق یان ناردنیان بۆ ئێران.
جێگەی باسە وێنەی دامەزرێنەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران “ئیمام خومەینی” و رابەری باڵا ” عەلی خامنەیی” و ژمارەیەك لە سەركردەكانی پاسداران لە نێوانیاندا ” قاسم سولەیمانی” لە زۆربەی شارەكانی عێراقدا بڵاو بوونەتەوە بە تایبەتی لە بەغدا دوای ئەوەی رێكخراوی داعش دەستی بەسەر موسڵ و ناوچەیەكی فراوانی عێراقدا گرت.