نوچەنێت- ئەلغەد
بەرپرسانی عێراق رایانگەیاند كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ئامادەكاری دەكەن بۆ چوونە ناو پارێزگای كەركوك بە هەر شێوەیەك بێت ، بە بیانوی بەرگری كردن لێی ، هەرچەندە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە توندی ئەوەی رەت كردەوە.
بەرپرسێك لە ئەنجومەنی پارێزگا كەركوك روونیكردەوە كە ” توركمانە شیعەكانی پارێزگای كەركوك لە روانگەی تائیفیەوە هەوڵی یارمەتیدانی حەشدی شەعبی دەدەن بۆ هاتنە ناو شارەكە ، زۆربەی ئەو توركمانانە سەركردە و ئەندامن لە حەشدی شەعبیدا و دانیشتوی كەركوكن”
هەر ئەو بەرپرسە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات وتی ” حەشدی شەعبی لە كەركوك پێكدێت لە چەكدارە شیعە توركمانەكانی خەڵكی ئامرلی و دوز و داقووق، ژمارەیان نزیكەی 2500 چەكدار دەبێت كە هەموویان پڕچەك كراون و راهێنانیان پێكراوە”
ئەو بەرپرسە دووپاتیكردەوە :” بوونی توركمان لە باشوری كەركوك هەلی رەخساندوە بۆ هاتنە ناوەوەی میلیشیاكان لەو رێگەیەوە، ئەو پلانەی كە دانراوە لە نێوان توركمانەكان و حەشدی شەعبی ئەوەیە كە بیانهێننە ناوەوە لە رێگەی باشوری شارەكەوە، لە ناوچەكانی توركمان نشین چڕ ببنەوە بە بیانوی پاراستنیان لە داعش ، هەروەها بەشداری هیچ شەڕێك ناكەن لە دەرەوەی ناوچەكانی توركمان تەنها لە حاڵێكدا نەبێت كە ئەگەر پێشمەرگە داوایان لێبكات” ئەو بەرپرسە وتی ” هاتنە ناوەوەی حەشدی شەعبی لە ماوەی دوو رۆژی تردا ڕوودەدات ئەگەر زووتریش نەبێت”
لە لایەكی ترەوە “مەهدی بەیاتی” ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پێكهاتەی توركمان وتی ” هێزەكانی حەشدی شەعبی ئامادەیە بۆ بەرگریكردن لە هەر بستە خاكێكی عێراق و ئەركەكانی دوا ناخات بەهۆی رێككەوتنی سیاسیەكان”
بەیاتی دووپاتی كردەوە ” حەشدی شەعبی هاریكارە لەگەڵ پێشمەرگە چونكە یەك ئامانجیان هەیە ئەویش تێكشكاندنی داعشە، كاردەكەین بۆ هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە و پارێزگاری كەركوك لەسەر جیچبەجێ كردنی ئەركەكە”
هەر بەو هۆیەوە یەكێك لە شێخەكانی هۆزە عەرەبەكانی كەركوك وتی ” عەرەبەكان ترسیان هەیە لە دەستدرێژییەكانی میلیشیا شیعەكان و دووبارە بوونەوەی تاوانەكانی دیالە لە دژی عەرەبەكانی كەركوك”
هەروەها شێخ محمد عوبێدی داوای هەڵوێستێكی عەرەبی یەكدەنگی كرد بۆ رەتكردنەوەی هاتنە ناوەوەی حەشدی شەعبی بۆ ناو كەركوك ، دووپاتی كردەوە ” رۆڵەكانی كەركوك ئامادەن بەرگری لە ناوچەكانیان بكەن لە جیاتی هێنانی هێز لە دەرەوەی پارێزگاكە”
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ماوەیەك لەمەوبەر ئاشكرایكرد كە هێزە كوردیەكان و میلیشیای حەشدی شەعبی گەیشتونە رێككەوتن بۆ دابەشكردنی پارێزگا نەوتیە دەوڵەمەندەكە دوای چەند رۆژێك لە هەڕەشە كردن لەلایەن هەردوو لاوە بۆ دەسبەسەردا گرتنی شارەكە كە لە بنەڕەتدا ناوچەیەكی جێناكۆكە.
دوێنێ بەرپرسێكی ئەمنی عێراق رایگەیاند ” 800 كەس لە هاوڵاتیانی نەینەوا كە ئێستا ئاوارەی هەرێمی كوردستان و كەركوكن بە خۆبەخش هاتونەتە ناو سەربازگەكانی راهێنان بۆ رزگار كردنی پارێزگاكەیان بۆ خۆ ئامادە كردن بۆ ئەو هێرشە چاوەڕوانكراوەی سەر پارێزگاكەیان ”
ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی ” خۆبەخشەكان راهێنانی سەربازییان پێدەكرێت لەسەر دەستی راهێنەرە عێراقیەكان لە سەربازگەی ئازادكردنی موسڵ لە نزیك هەولێر ، بە شێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن” هەروەها وتی ” خۆبەخشەكان دوێنێ دەستیان كردوە بە پرۆگرامی راهێنانی شەڕی كۆڵانەو كۆڵان”
سەرچاوەكە ئەوەشی وت ” زۆربەی خۆبەخشەكان لەوانەن كە لە سوپای پێشوو یان لە هەر پێكهاتەیەكی ئەمنی تردا خزمەتیان كردوە”
لەلای خۆیەوە نایف شەمەری پەرلەمانتاری پارێزگای نەینەوا داوای لە حكومەتی عێراق كرد بۆ ئامادە كردنی میكانیزمێك بۆ پڕچەككردنی سەربازگەی رزگار كردنی موسڵ بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ هێرشكردنە سەر شارەكە.
شەمەری هەروەها وتی ” پێویستە حكومەت زۆرترین كەس لە هۆزە عەرەبەكان پڕچەك بكات پێش ئەوەی هەر هەنگاوێك بهاوێت، موسڵ تایبەتمەندیەكی گەورەی هەیە چونكە داعش بە تەواوی هەمووی كۆنترۆڵ كردوە ، ئازاد كردنێشی پێویستی بە تێكۆشانی هەموو لایەك هەیە”
جێگەی بیر هێنانەوەیە كە رێكخراوی داعش لە حوزەیرانی ساڵی پێشوودا پارێزگای نەینەوا و سەنتەری پارێزگاكە كە شاری موسڵە بە تەواوی كۆنترۆڵی كرد و خەلافەتەكەی تێدا راگەیاند.