نوچەنێت.ههولێر:
مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو داوادەكات حكومەت بە هەر شێوەیەك بووە مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا دابین بكات و داواش دەكات هاوڵاتیان بەشداری خۆپیشاندانەكان نەكەن كە مەترسی هەبێت بۆ سەر ئاسایش و ئارامی هەرێم و ئەگەری قۆستنەوەی لەلایەن نەیارەكانەوە لێ بكرێت.
سایتی فەرمی یەكگرتوو بڵاوی كردوەتەوە,ئەمڕۆ یەك شەممە 22/2/2015 بە سەرپەرشتی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و سەرجەم ئەندامانی مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەی ئاسایی سازدراوەو لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر دوا گۆڕانكاریەكانی بارودۆخی سیاسی و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداو دەرهاوێشتەكانی و شەڕو هێرش و پەلامارەكانی داعش و كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم .
راشيگەیاندوە:كۆبوونەوەكە جەختی لەسەر چەند خاڵێكی گرنگ كردەوەتەوە لەوانە,هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ڕێگەی وتوووێژ و پابەندبوون بە دەستوور و ڕێككەوتنامەكانەوەو داوای لە حكومەتی عەبادی دەكات كە بڕینی قوتو مووچە نەكاتە چەكێك دژی هاووڵاتیانی هەرێم.
هەروەها بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانەی ئێستای هەرێم مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو كۆبوونەوەی پێنج حزبەكە لە نزیكترین كاتدا بە مەبەستی گەیشتنە بڕیارو هەڵوێستی پێویست بۆ ئەم قۆناغە بە پێوست زانی، لەگەڵ گەڕانەوە بۆ لای پەرلەمان و ڕای گشتی لە هەر بڕیارو هەڵوێستێكی چارەنوسازدا .
هەروەها یەكگرتوو هاوكاری و تەبایی و لێكنزیكی هەموو هێزو لایەنەكانی هەرێم و گشت پارچەكانی تری كوردستان بە فاكتەری سەركەوتن و گەیشتنە ئامانج و داواكان دەزانێت .
هەروەها مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو سەرەڕای ئیدانەو مەحكوم كردنی هێرش و پەلامارو ستەمەكانی داعش، دووبارەكردنەوەی پشتیوانی لە هێزەكانی پێشمەرگە، پێی وایە باشترین چەك بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی مەترسیەكانی تیرۆرو ئیرهاب پەرەدانە بە فكری ئیسلامیی میانەڕەو و پیادەكردنی دادپەروەری و ئازادی و مافەكانی هاووڵاتی بوون و یاسا سەروەری و تۆكمەی ناو ماڵی كوردستانی و كارابوونی پەرلەمان و حكومەت و دەسەڵاتی قەزایی و دەمەزراوەیی بوون و نەهێشتنی گەندەڵی لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریماندا .
هەر لەو كۆبونەوەیە مەكتەبی سیاسی داوایكردوە:حكومەت بە هەر شێوەیەك بووە مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا دابین بكات و لەولایشەوە بە پێویستی زانی توێژەكان و هەموو هاونیشتمانیەك بە باشی تەفەهوومی ئەم واقیعەی ئێستای هەرێمەكەمان بكەین و وەهەر گوتارو كردارو هەڵوێست و خۆپیشاندانێك مەترسی هەبێت بۆ سەر ئاسایش و ئارامی هەرێم و ئەگەری قۆستنەوەی لەلایەن نەیارەكانەوە لێ بكرێت پێویستە لەم كاتەدا لەبەر بەرژەوەندی گشتی دووری لێ بگیرێت بەو هیوایەی لە زووترین كاتدا ئەم قۆناغە نەخوازراو مەترسیدارە تێپەڕێنین.