نوچەنێت.ههولێر:
لەبەرامبەر کێشەی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران و قەیرانی دارایی, فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، داوای لێپرسینەوە لە سەرۆکی حکومەت دەکات و بۆ ئەومەبەستەش یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە.
لەو یاداشتەدا کە فراکسیۆنی گۆڕان كە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردوە، تێیدا هاتوە “بە هەستکردن بە کێشەکانی هاوڵاتیانی هەرێم، نا تەندروستیەک لە سیاسەتی ئابوری هەرێمدا هەیە، دەبێت سەرۆکی حکومەت وەک بەرپرسیارێتی یەکەم بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت بۆ لێپرسینەوە نەک گفتوگۆکردن”.
لای خۆشیەوە ئەندازیار عومەری حاجی عینایەت، پەرلەمانتاری گۆڕان بە (سبەی) وت: یاداشتەکەی گۆڕان بۆ لێپرسینەوەیە لە سەرۆکی حکومەت و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی نەوت و غاز.
وتیشی: لە ئێستادا زیاتر لە (19) واژۆیان بۆ ئەو مەبەستە کۆکردوەتەوە، بەڵام بە کۆکردنەوەی واژۆی (1/4)ی پەرلەمانتارانیش دەتوانن سەرۆکی حکومەت بانگێشتی پەرلەمان بکەن و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، ئەو کەسانەی واژۆی بانگهێشتی سەرۆکی حکومەت دەکەن بۆ لێپرسینەوە، پەرلەمانتارانی گۆڕان و فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوە بەڵام پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی واژۆی بانگێشتی سەرۆکی حکومەت ناکەن.
ناوبراو باسی لەو هەڵوێستەی پەرلەمانتارانی یەکێتی کردو وتی: نازانین برادەرانی یەکێتی بۆ پشتگیری بانگێشتی سەرۆکی حکومەت بۆ لێپرسینەوە ناکەن؟،ئایا خۆیان بڕوایان بە بانگێشتی سەرۆکی حکومەت نیە بۆ لێپرسینەوە، یان لەبەر ئەوەیە، ئێمە خاوەنی ئەو بیرۆکەیەین بۆیە پشتگیریمان ناکەن.