دڵشادهەرتەلی.نوچەنێت:
پەرلەمانتارێكی كورد لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت” ئەگەر ئێمە نەمانتوانی موچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرەكانمان و پارەی جوتیاران بهێنین كەواتە بوونی ئێمە لە بەغدا هیچ مانایەكی نییە”.
بڕیاره سبهینێ نوێنهرانی كورد لهبهغدا لهگهڵ سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان لە هەولێر كۆببنهوه و تێیدا تاوتوێی پرسی جێبهجێنهكردنی رێككهوتنی نێوان ههولێر و بهغدا و دۆزینهوهی رێگاچارهیهك بۆ قهیرانی دارایی كوردستان و راگەیاندنی هەوڵێستێك لەمەڕ ئەو كێشانە بكهن.
لەوبارەیەوە د.ئەشواق جاف،پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (نوچەنێت)ڕاگەیاند”تا ئەم كاتە بەشێوەیەكی فەرمى ئێمە هیچمان پێنەوتراوە، چونكە بەیانی كۆبونەوەكە دەكرێت تەنها سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان ئاگاداركراونەتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو كێشانەى كە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە و هەروەها بوونی ئەو رێكەوتنەی كراوەو ئەو سەردانی ئەم دوایەی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا دەكرێت”. ئهشواق جاف روونیشى كردهوه كه”ئەو كۆبونەوەیە تەنها لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان ئەنجام نادرێت كۆبونەوەی تر لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسیە كوردییەكان و چەند لایەنێكی تر ئەنجام دەدرێت” ئامانجیش لهكۆبوونهوهكه وهك ئهو باسى كردووه” بۆ ئەوەیه بڕیارێك بدرێت لەم بابەتە و تاكەی ئێمە لە ژێر رەحمەتی دەسەڵاتی بەغدا دەمێنینەوە چونكە ئێمە هەموو جارێك پابەند دەبین و ئەوان مافی میللەتی ئێمە پێشێل دەكەن، بۆیە ئێمە چاوەڕی كۆبونەوەی بەیانی و هەڵوێستی ئەوان دەكەین بۆ ئەوەی بزانین چی دەبێت و میللەتیش رەئی خۆی دەدات“.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا نوێنەرانی كورد لەبەغدا دەست لەکار دەکێشنەوە، ئەگەر حكومەتی عێراقی بودجەنەنێرێ و كێشەكانیش هەر بەردەوامبن،ئەو پەرلەمانتارە كوردە وتی”ئێمە پابەندی بڕیاری سەركردایەیتی كوردستانین،بەڵام من وەكو ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ كە مافی مییللەتەكەم ئێستا پێشیل كراوە وەكو رەئی شەخسی خۆم پەیوەندی نیە بەكوتلەكەم من دەڵێم ئەگەر ئێمە نەمانتوانی موچەی پێشمەرگە كە شەری داعش دەكات بهێنین،نەمانتوانی موچەی فەرمانبەرەكانمان بهێنین و نەمانتوانی پارەی جوتیاران بێنین كەواتە بونی ئیمە لە بەغدا هیچ مانایەكی نییە“.
د.ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەشكرد”ئەو گفتوگۆیەی لەماوەی پێشوو لەنێوان هەرێم و بەغدا كرا كۆتایی گفتوگۆكان نییە، بەڵكو گفتوگۆیەكی تری بەدوادادێت،داواش دەكەم بۆ گفتوگۆی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغدا لایەنی سێهەم هەبێت،داواكارییەكەم لەسەر ئەو ئەساسەیە كە ئەمیریكاو یوئێن هاتنە سەرخەت بۆ ئەوەی كورد بەشداری لەم حكومەتی عێراق بكات،پێشبنی دەكەم ئەمریكا لەپێناو رزگاركردنی شاری موسڵ بێتە سەر خەت چونكە ئەمریكا پێ باشە كە حكومەتی هەرێم و بەغدا سەرقاڵی كێشەی دارای نەبن بەڵكو سەرقاڵی بابەتی سەربازی بن چونكە رزگاركردنی موسڵ تەنها بەپێشمەرگە ناكرێت و بەتەنهاش بەعێراق ناكرێت بەڵكو بەهەردوو هێزەكە لەگەڵ هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی دەتوانن موسڵ رزگار بكەن،بۆیە ئەمریكا پێ باشە هەروو حكومەتەكە قەیرانی داریان نەبێت و تەفاهومیان بێت چونكە داعش رۆژ بەرۆژ زیاتر خاكی عێراق داگیر دەكات وەكو لە چەند رۆژی رابردوو ئەنبار بینیمان خاكێكی زۆریان داگیر كرد“.
ئەو پەرلەمانتارەى پارتى وتیشی:”وەكو هەڵوێست من پێش دوو رۆژ لەمەوبەر نامەیەكى فەرمیم ئاڕاستەی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد كە لیژنەیەك لەناو پەرلەمان پێك بهێنرێت چونكە ئەركی ئێمە وەكو پەرلەمانتار تەشریع وچاودێریە،ئێمە بودجەمان پەسندكردوە،بەڵام ئێستا ئەركی دووەم ماوە كەچاودێری كردنی ئەم بودجیە مافی میللەتی ئێمە لەناو ئەو بودجەیە جیبەجێكراوە بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع وانیە و تەنها ئەم یاسایە بەس نیە،ئەو لیژنەیە بۆ ئەوەیە كە تەحقیق بكەین لەمەوزعی سیولە چونكە بەپێ ئەو زانیاریانەی كە هەمە حكومەتی عێراقی ئێستا لە دی ئیف ئای 4 ملیار دۆلاری هەیە كە سندوقی داهاتی نەوتە و 3 تریلۆن لەداهاتەكانی تر،ئەگەر بودجە هەیە بۆچی پارە نانێرێت بۆ هەرێمی كوردستان و فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگە وجوتیاران كەچی پارە دەنێرێت بۆ فەرمانبەرانی ژێر دەسەڵاتی داعش،ئەگەر نییە بۆ یاسای بودجە جێبەجێ ناكات چونكە لەناو یاسای بودجە چەند خاڵێك هەیە كەدەڵێت لە حاڵەتێك ئەگەر سیولە نەبوو دەبێت قەرزی نێودەوڵەتی بكات بۆ ئەوەی كارەكانی پێ رای بكات،ئێمە لە هەردوو حاڵەت دەتوانین پرسیار لەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجوومەنەكەی لە سەر ئەوبابەتە بكەین“.