چەند نهێنیەكی ژیانی ئەبوبەكر بەغدادی ئاشكرا دەبێت
نوچەنێت – زود دویچە
رۆژنامەی ” زود دویچە” ی ئەڵمانی وردەكاری نوێ دەربارەی ژیانی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی داعش ئاشكرا دەكات لە رێگەی چەند چاوپێكەوتنێكەوە كە لەگەڵ دانیشتوانی سامەرای شوێنی لەدایكبوونی بەغدادی ئەنجامیداوە، لە لێدوانەكانیاندا ئاماژەیان بەوە كردوە كە بەغدادی لە خوێندندا سەركەوتوو نەبوە و وەرگرتنیشی لە سوپای عێراقدا رەتكراوەتەوە.
رۆژنامەكە لە راپۆرتێكدا لە زاری چەند كەسێكی سامەراوە كە ئەبووبەكر بەغدادی دەناسن دەڵێت ” بەغدادی هەمووساڵێكی خوێندن دەكەوت بەهۆی ئاستی خراپی لە وانەی ئینگلیزیدا”
رۆژنامەكە هەروەها دەڵێت ” بەغدادی بە خوێندكارێكی مامناوەندی دادەنرا و نمرەكانی هێندە نزم بوون كە نەیتوانی كورسیەكی خوێندن لە كۆلێژی یاسای زانكۆی بەغدا بەدەست بهێنێت ، بۆیە رووی كردە خوێندنی شەریعەتی ئیسلامی كە جگە لە ئەزموونەكانی رابردووی، ئەمە رۆڵی هەبوو لە دروستبوونی فكری توندڕەوی ئەو.
یەكێك لە دانیشتوانی شارەكە و دراوسێی پێشووی بەغدادی وتی ” ئەو حەزی لە دەسەڵات بوو ، لە نێوان چوار برادا ئەو سێهەمینیان بوو ، لە سوپای عێراقدا وەرنەگیرا بەهۆی كورتبینیی زۆری چاوەكانی”
ئاماژە بەوە دەكرێت كە رێكخراوی قاعیدە لە ساڵی 2010 ئەبوبەكر بەغدادی وەك جێگرەوەی ئەبی عومەری بەغدادی دەستنیشان كرد دوای كوژرانی لەگەڵ ئەبو ئەیوبی میسری وەزیری جەنگەكەی لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە ناوچەی سەرساری پارێزگای سەلاحەددین .
لەو كاتەدا رێكخراوی قاعیدە بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە كە تیایدا هاتبوو ” دوای كوژرانی سەرۆكی دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی ئەبو عومەر بەغدادی و وەزیری یەكەمی ئەبو حەمزەی موهاجیر، راستەوخۆ ئەنجومەنی شورای دەوڵەتی ئیسلامی كۆبوەوە بۆ یەكلایی كردنەوەی بابەتی بەرێوەبردنی دەوڵەت ، لەسەر ئەبوبەكر بەغدادی رێككەوتن بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت ، هەروەها ناسرلدینیلا سلیمان وەك وەزیری یەكەم و ئەبو عەبدوڵا قورەشی وەك جێگرەكەی”
دوای ئەوە بەغدادی كاری كرد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام كە راگەیاندنەكان بە داعش ناوی دەبەن، كە ئێستا لە كێشەدایە لەگەڵ ئەو رێكخراوی قاعیدەی كە لییەوە هەڵقوڵا.