نوچەنێت.ههولێر:
ئەندامێكی كوردی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە، پەرلەمانتارانی كورد پێش ئەوەی بگەڕێنەوە پەرلەمانی عێراق، سەرەتا لە هەولێر كۆ دەبنەوە و دواتر دەچنەوە بەغدا، وتیشی ئەگەر بەغدا پارەی هەولێری نەنارد، ئەوا ناتوانین بە عێراق بڵێین دەوڵەت.
سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر پشكی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی راگەیاند: بەرلەوەی بگەڕێنەوە بۆ بەغدا و بچینەوە ناو هۆڵی پەرلەمان، سەرەتا لە شاری هەولێر كۆ دەبینەوە و دەمانەوێ كە چووینەوە بەغدا گوشاری زۆر بخەینە سەر بەغدا.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە وای دەبینێت كە ئەو هەڵوێست و رەفتارەی بەغدا كە دەڵێ “پارەمان نییە بۆ هەولێری رەوانە بكەین” جێگەی داخە و هەنگاوێكی نادروستە، چونكە بۆ هەموو بەغدا و لایەنێك دەركەوت كە هەرێم پابەندی رێككەوتنەكەیە و لە یاسایی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٥ لە ماددەی یەكەم ئەو رێككەوتنە جێگیركراوە، ئیدی بۆچی بەغدا وا دەكات.
سلێڤانەیی راشیگەیاندووە، ئەگەر بەغدا رێككەوتنەكەی نەبردە سەر و پارەی بۆ هەرێم نەنارد، ئەوا دیارە عێراق دەوڵەتی نییە و ناتوانین بە عێراق بڵێین دەوڵەت، چونكە نابێ دەوڵەت یاسا پێشێل بكات.