مەڵبەندنی سەركردە جیهانییەكان خەڵاتی ئاشتی دەبەخشێتە بارزانی.. جیهان بە سەرسورمانەوە سەیری كوردستان دەكات

0

مەڵبەندنی سەركردە جیهانییەكان خەڵاتی ئاشتی دەبەخشێتە بارزانی.. جیهان بە سەرسورمانەوە سەیری كوردستان دەكات

نوچەنێت

ئەمرۆ لەلایەن زانکۆی تافتس کە بەڵبەندی سەرکردە جیهانییەکان ناسراوە، خەڵاتی ئاشتی بەخشییە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەندامی بۆردی زانکۆکەش رایگەیاند” بۆردی زانكۆی تافتس بارزانی هەڵبژارد، بۆ ئەوەی ئەو خەڵاتەی پێ‌ ببەخشێ‌، چونكە رۆڵێكی گەورەی بینی نەك هەر لە هێنانەكایەی ئاشتی بەڵكو لە هێنانەكایەی دیموكراسی لە سەرتاسەری عیراقدا”. لای خۆشیەوە بارزانی وتی” ئێمەی گەلی كوردستان زۆر چاك لە بەهای ئەم خەڵاتە تێدەگەین، چونكە بە درێژایی مێژوو تووشی چەندەها كارەسات بووینە”.

ئەمرۆ شەممە 7/5/2011 لە مەراسیمێكیدا بەئامادەبونی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان ، پرۆفیسۆر رۆبەرت بێندتسن ئەندامی بۆردی زانكۆی تافتس و ئەندامی ئەنجومەنی بەرێوەبردنی پەیمانگای (Institute for global leader ship) ی سەر بەو زانكۆیە ، خەڵاتی ئاشتی و چالاكی دپلۆماسیی بە بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەخشی.
لە رێورەسمی خەڵاتكردنەكەدا، پرۆفیسۆر رۆبەرت بێندتسن لە وتارێكدا رایگەیاند كە شانازی و شەرەفێكی گەورەیە ئەمرۆ لە كوردستانە و شانازی و شەرەفێكی زۆر گەورەشە بۆی كە ئەمرۆ بە ناوی زانكۆی ( تافتس )ەوە ئەو خەڵاتە پێشكەش بە بارزانی دەكات، وەك رێزلێنانێك بۆ كاروكردەوە و ئەفراندنەكانی لە بورای ئاشتی و چالاكیە دپلۆماسییەكانی و هەروەها كاری بەردەوامی لە چەسپاندنی دیموكراتیەت لە عیراقدا. وتی” من بە ناوی زانكۆی (تافتس )ەوە سوپاسی دەكەم و ئەفراندنی بەرێزیان و بڕوای هەموو لایەك بە كەسایەتیەكەی فاكتەرێكی گرنگە بۆ سەقامگیری عیراق. بەچاوی خۆمان بینیمان چۆن بە هەوڵ و كۆششەكانی خۆی هەموو هێزە عیراقیەكانی لە هەولێر و دواتر لە بەغدا كۆكردەوە و بە دبلۆماسیەتەكەی خۆیشی توانی سەركەوتووانە هەنگاو بەرەو ئایندە ببات زانكۆی ( تافتس ) كە بە مەڵبەندنی سەركردە جیهانییەكان ناسراوە، ئەمرۆ بە شانازییەوە ئەو خەڵاتە ئاشتییە دەبەخشێتە سەركردەیەكی ئاشتیخوازی وەك سەرۆك بارزانی كە بە سیاسەتە حەكیمانەی خۆی هەموو لایەنە عیراقییەكان راوێژی پێ‌ دەكەن و هەر بەو سیاسەتەی خۆیشی توانی ئاشتی لە سەرتاسەری عیراقدا بێنێتەدی. ئەم خەڵاتە ساڵێ‌ جارێك دەدرێتە ئەو سەركردە و كەسایەتییە جیهانیانەی كە ڕۆڵێكی بەرچاو لە بواری ئاشتی و چالاكی دبلۆماسیانەدا دەگێڕن، ئەمساڵ ئەنجومەنی بۆردی زانكۆی تافتس سەرۆك بارزانی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ئەو خەڵاتەی پێ‌ ببەخشێ‌، چونكە لە ماوەی رابردوودا رۆڵێكی گەورەی بینی نەك هەر لە هێنانەكایەی ئاشتی بەڵكو لە هێنانەكایەی دیموكراسی لە سەرتاسەری عیراقدا. بەردەوامی پرۆسەی ئاوەدانی و بونیادنانی ژێرخانێكی پتەو، هەروا چەسپاندنی ئاشتی و دیموكراتیەت لە هەرێمی كوردستاندا هەر دووكیان بۆ ئەو سیاسەتە حەكیمانەی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەمرۆ گەلی كوردستان بە چاوێكی پڕ رێزو شانازییەوە سەیری ئەم كارانەی سەرۆك بارزانی دەكەن و هیوادارین ئەو خەڵاتە ببێتە نیشانەیەك لە ژیانی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانیش ئایندەیەكی باش چاوەڕوانی دەكات و جیهانیش بە چاوێكی سەرسورمانەوە سەیری ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان دەكات”.
لە بەرامبەردا ، سەرۆكی هەرێمی کوردستان سوپاسی پرۆفیسۆر رۆبەرت بێندتسن كردو رایگەیاند كە “جێی شانازییە ئەمرۆ پرۆفیسۆر رۆبەرت بێندتسن بە نوێنەرایەتی زانكۆی تافتس ئەو خەڵاتە پڕبەهایەم پێشكەش دەكات و ئەمەیش خەڵاتێكە بۆ هەموو تاكێكی ئەم كوردستانە، من بە ناوی گەلی كوردستانەوە سوپاسی زانكۆی ( تافتس )دەكەم و هەمیشە هەموومان وەك گەلی كوردستان شانازی بەو جۆرە خەڵاتی بكەین، چونكە تایبەتە بە ئاشتی و دبلۆماسیەتەوە، ئێمەی گەلی كوردستان زۆر چاك لە بەهای ئەم خەڵاتە تێدەگەین، چونكە بە درێژایی مێژوو تووشی چەندەها كارەسات بووینە هەر لە ئەنفال و كۆمەڵكوژی و كیمیاباران و قڕكردن و وێرانكردنی گوندەكان. خەباتی گەلی ئێمە هەمیشە بۆ ئاشتی و پێكەوە ژیان بووە و شانازیش بەو خەباتەی خۆمان دەكەین كە هەردەم دوور بووە لە توندوتیژی و ئەو خەڵاتەی ئەمرۆش بۆ ئەو خەباتە پاك و بێگەردەیە. ئەمرۆ تەواوی گەلی كوردستان قەدری ئەو ئازادییە دەزانین كە وەدەستمان هێناوە و بەڵێنیش دەدەین كە بە بەردەوامی كار بۆ ئاشتی بكەین، هەم بۆ گەلی خۆمان و هەمیش بۆ گەلانی دیكە، لە هەرێم رۆژ لە دوای رۆژ سیستەمی دیموكراتیەت زیاتر دەچەسپێ و پشتگیریش لە ئازادی دەورو بەریش دەكەین چونكە دڵنیاین كە ئایندە بۆ گەلان و دیموكراسیەت و ئازادییە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com