نوچەنێت.nrt:
ڕۆژنامەى واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکیدا باسى لە ترسى کورد کردووە لە هاتنى ژمارەیەکى زۆر لە چەکدارەکانى ھێزی پشتیوانی میللی (حەشدى شەعبى) بۆ نزیک شارى کەرکوک.
ڕۆژنامەکە نوسیویەتى بەهۆى دەوڵەمەندى کەرکوک بەنەوت وسامانە کانزاییەکان لایەنە عەرەبییەکان و کورد بەردەوام لە ململانێدابوون بۆدەستبەسەرداگرتنى کێڵگە نەوتیەکان.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی نوسیووە، کوردەکان دژى ئەوەن ھێزی پشتیوانی میللی بچنە ناو کەرکوک وەک چۆن لەچەند ڕۆژى ڕابردودا مەسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمی کوردستان ئاماژەى پێدابوو، لە وەڵامیشدا هادى عامری سەرکردەى ھێزی پشتیوانی میللی ڕاگەیاند، چەکدارەکانى کە نزیکەى ٧ هەزار کەس دەبن لە نزیک شارى کەرکوکن و هەرکاتێک بیانەوێت دەچنە شارەکەوە.
لە کۆتایدا ڕۆژنامەکە نوسیویەتى،پێشمەرگە ھێزی پشتیوانی میللی پێکەوە دوژمنێکیان هەیە کە داعشە و بۆتە مەترسى گەورە بۆسەر ناوچەکە، دەشڵێت، ئەو ناکۆکیەى پێشمەرگە و ھێزی پشتیوانی میللی مەترسى سەرهەڵدانى شەڕى لێدەکرێت، بەجۆرێک براوەى شەڕەکە لەکۆتاییدا دەستدەگرێت بەسەر کەرکوک و نەوتەکەیدا.
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی شوباتی ٢٠١٥، مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی شاری کەرکوکی کردو چەند کۆبونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسە سەربازی و ئیدارییەکانی کەرکوک و دەوروبەری ئەنجامدا ، ئەم سەردانەش وەڵامێک بوو بۆ ھەوڵەکانی ھێزی پشتیوانی میللی بۆ ھاتنە ناوەوەی کەرکوک، کەپێشتریش بارزانی فەرمانی بەسەرکردە سەربازییەکان کردبوو کەڕێگە نەدەن ھێزی پشتیوانی میللی بێتە کەرکوک.