نوچەنێت.تایبەت:
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت كە حكومەتی هەرێم نازانێت قەرز بۆچی دەكاتو كەی دەیداتەوە، بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە گومان لەو قەرزە دەكرێت كە حكومەت دەیەوێت بیكات.
سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بەنوچەنێتی راگەیاند” لەكۆتایی 2014 پرۆژە یاسایەك هاتە پەرلەمان بۆئەوەی حكومەت قەرز بكات، بەلام لیژنەی داراییو یاسایی بەو پێشنیارەی حكومەت رازی نیین، چونكە پێیان وایە ئەم دۆخەی هەرێم پێویستی بەقەرز نییە”.
ئەو پەرلەمانتارەش جەخیتكردەوە ئەوان گومانیان لەو قەرزە هەیە كە حكومەت دەیەوێت كە بەوتەی خۆی رەنگە بۆ سپیكردنەوەی پارە بێت، رونیشی دەكاتەوە حكومەت نازانێت ئەو قەرزە بۆچی دەكات، ئەگەر بۆ مووچە دەیكات ئەوە بەپێی یاسا ناتوانێت بۆ مووچە قەرز بكات، هەروەها ئەگەر بۆ پرۆژەكانیش دەكرێت حكومەت پرۆژەكان ناخاتەڕوو ئەو پرۆژانە كامانەن كە قەرزی بۆ دەكەن.
سەبارەت بەرێكەوتنەكەی هەرێمو بەغداش سۆران عومەر كە لەهەمان كات پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامیە دەڵێت:” حكومەت لەساڵی 2015 دەبوایە رۆژانە ئەو بڕەی بۆ دیاری كراوە بینێرێت، بەڵام هەرێمی كوردستان ئەو نەوتەی نەناردوە، چووە لەنەوتی كەركوكی رەوانە كردوە بەناوی نەوتی هەرێمەوە بەغداش بەوەی زانیوەو دەڵێت ئێمە پارە نانێرین”.
لەبارەی داهاتی ئەو نەوتەی ئێستا لەرێگەی تانكەرەوە رەوانەی دەرەوە دەكرێت ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەوە دەخاتەڕوو كە تائێستا نەوت لەرێگەی تانكەرو بۆرییەوە دەڕوات، بەڵام پەرلەمان ئاگای لێی نییەو تەنیا سەرۆكی حكومەتو وەزیری سامانە سروشتییەكان داهاتەكەی دەزانن.