بارزانی: هەموو رێگایەك دەگیرێتە بەر بۆ ئازادكردنی ئەو پێشمەرگانەی لەلای داعش دیلن

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆكی هەرێم لە سەردانەكەی بۆ شاری كەركوك لەگەڵ كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كە لە لایەن تیرۆریستانی داعش بە دیل گیراون كۆبووەوە و وتی هەموو رێگایەك دەگیرێتە بەر بۆ ئازادكردنیان.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هه‌رێم بڵاوی کردەوە”ئەمرۆ سێشەممە 17ـی 2ـی 2015، لە چوارچێوەی سەردانی بۆ شاری كەركووك،مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كە لە لایەن تیرۆریستانی داعش بە دیل گیراون، كۆبووەوە“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لەو دیدارەدا، كەسوكاری پێشمەرگە بەدیل گیراوەكان داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە هەموو هەوڵەكان بخرێتە گەر بۆ ئازادكردنی دیلەكان و زانینی راست و دروستی چارەنووسی رۆڵەكانیان كە لە لایەن داعشەوە بەدیل گیراون. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ئەو دیدارە كە لەخەم و ئازارەكانیان كەم دەكاتەوە“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”بارزانی لە وتەیەكدا،هاوخەمی و هاوسۆزی خۆی بۆ كەسوكاری پێشمەرگە بەدیلگیراوەكان نیشاندا و گوتی” كە ڕۆڵە و كوڕەكانتان ڕۆڵە و ئازیزی ئێمەن و كەسوكاری ئەوان كەسوكاری ئێمەن، لەم شەڕەدا كە شەڕی مان و نەمانە، دەبێت چاوەڕوانی هەموو شتێك و كارەساتێك و قوربانیدانێك بكەین، لەوانە لەدەستدانی ئازیزان و شەهیدبوونی كەسوكارمان، بەڵام گرنگ ئەوەیە كەئیرادەمان بمێنێت و نەشكێت و ئیرادەی دوژمن بشكێنین“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”بارزانی پێشمەرگە بەدیلگیراوەكانی بە قارەمان و فیداكار وەسف كرد و ئەوەشی خستەڕوو كە هەموو رێگایەك دەگیرێتە بەر بۆ ئازادكردنیان و داواشی لە كەسوكاری پێشمەرگەكان كرد كە سەبر و تەحەمولیان هەبێت و گوێ بە پرۆپاگەندەكان نەدەن و هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەیشی بەوەدا كە گەلی كوردستان و پێشمەرگە خاوەنی ئەخڵاق و رەوشتی بەرزن و لەبەرامبەر ئەو دوژمنە بێ ڕەوشت و بێ پرەنسیپە رەوشتبەرزیی خۆیان دەپارێزن“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”بارزانى ئەوەشی بۆ كەسوكاری پێشمەرگەكان شی كردەوە كە ئەو پێشمەرگانە هێشتا لەژێر دەستی تیرۆریستاندان و ئامادەین هەموو شتێك بكەین بۆ گەڕاندنەوەیان و تیرۆریستانیش بەرپرسن لە ژیانیان و ئەگەر هە شتێك بەسەر پێشمەرگەكان بێت ئەوە تیرۆریستانی داعش و ئەوانەی پاڵپشتیانن لێی بەرپرسن و بە توندترین شێوە باجەكەی دەدەن“.

هەر بەپێ هەواڵەكە”لە بەشێكی ئەو دیدارە،كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا پشتگیری وتەكانی بارزانی كرد و ئەوەشی بە ئامادەبووان راگەیاند كە لەگەڵ عەشیرەتەكان و خەڵكی ناوچەكە لە پەیوەندیدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پێشمەرگانەی لە لایەن تیرۆریستانی داعش بە دیلگیراون“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com