کێ خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتی سازکرد؟ خەڵک ، یان حزب ؟ : : یەکگرتووی ئیسلامی ئاشکرای دەکات
نوچەنێت
ئەگەرچی لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات، هەریەک لە سێ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکەی کوردستان رەتیاندەکردەوە ئەوان خۆپیشاندانەکانیان سازکردبێ، و بەخۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازییان ناودەبرد، سەرکردەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی راستییەکان ئاشکرای دەکات، و دەڵێت خۆپیشاندانەکان لەلایەن ئەو سێ هێزەوە سازکران.
ئەبوبەكر كاروانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەبەرنامەیەکی کەناڵی کوردسات ئاشکرای دەکات، خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات لەسلێمانی، حزبە سیاسییەکان لەپشتی بوون و سازیانکردووە، نەک رۆشنبیران.
کاروانی دەڵێت”کۆمەڵ و گۆڕان و کۆمەڵ، پێکەوە ژووری عەمەلیاتی هاوبەشیان هەبووەو خەڵکیان ناردووە بۆ ساحەکە”
رەتیشیدەکاتەوە کە رۆشنبیران بوبن لەپشتی خۆپیشاندانەکانەوە، وەک ئەو دەڵێت” روناکبیران بەشداری تیاکرد، ئەگەرنا ئەوەی لەپشتی خۆپیشاندانەکان بوو هێزە سیاسییەکان بوون، روناکبیر ناتوانێ ئەو خەڵکە ئاوا بهێنێتە سەرجادە”.