نوچەنێت.رووداو:
پێشاندانی وێنەی پێشمەرگە دیلەكان لەلایەن چەكدارانی داعش لە حەویجەی،كاردانەوەی توندی شەقامی كوردی و نێوەندی سیاسی و میدیایی بەدوای خۆیدا هێنا و زۆركەس داوا دەكەن ئاو و كارەبا لەسەر قەزای ناوبراو ببڕدرێ كە بووەتە لانكەی چەكدارانی داعش و پهرلهمانتارێكی یهكێتیش دهڵێت، دەبێ وەكو پێغەمبەر ئاو لەسەر حەویجە ببڕین
د.رێبوار تەها، پهرلهمانتاری یهكێتی له پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند”ئەوەی داعش دەیكات لوتكەی سووكایەتی و شكاندنی بەها مرۆڤایەتییەكانە، بەتایبەتی لە نمایشكردنی پێشمەرگە دیلەكان و گەڕاندنیان بە نێو شار و بازاڕدا، بۆیە پێشنیازم بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و حكومەتی خۆجێیی كردووە بڕیارێكی بە پەلە و خێرا بدەن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو رەفتارە و پێویستە ئاو و كارەبا و تەواوی پێداویستییەكانی ژیان لەسەر قەزای حەویجە ببڕن،چونكە دانیشتووانی حەویجە هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ داعش نییە”.
رۆژی 13/2/2015 چەكدارانی داعش گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاوكردەوە كە تێیدا ژمارەیەك پێشمەرگەی دیل دەردەكەون لەنێو قەفەزی ئاسنیندا بە پۆشاكی پرتەقاڵییەوە و بە شەقامەكانی حەویجەدا دەیانگەڕێنن.
رێبوار تەها دەڵێ “لە سەردەمی پێغەمبەریش لە شەڕی بەدردا ئەو تاكتیكە بەكارهاتووە كاتێك ئاوی لەسەر قورەیشییەكان بڕی، بۆیە دەبێت كوردیش ئاو و كارەبا و هەموو شتێكیان لەسەر ببڕێت، بۆ ئەوەی جورئەت نەكەن سووكایەتی بە پێشمەرگە و دیل بكەن”.
ئەو پەرلەمانتارە كوردە دەڵێت قەزای حەویجە دوو پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی عێراق هەیە، كەچی هیچ هەڵوێست و لێدوانێكیان لە بەرامبەر ئەو كردەوەیەی بەشێك لە دانیشتووانی قەزای حەویجە نەبوو “ئەوەی ئێستا لەژێر حوكمی داعش دەژی و چەپڵە بۆ ئەو كارە قێزەونانەی داعش لێدەدات، بۆ ئێمە هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ داعش”.