نوچەنێت.رووداو:
شەڕی چاوەڕوانكراوی رزگاركردنی مووسڵ لەدەستی هێزەكانی داعش بەگوێرەی شیكردنەوەی شارەزایەكی سەربازی پێویستی بە 30 هەزار سەربازە و وا مەزەندەش دەكرێ كە هێرشی زەمینی بۆ دەركردنی چەكدارانی داعش لە شارەكە بكەوێتە مانگی حوزەیرانی داهاتوو كە هێزی پێشمەرگە تێیدا تەنیا وەك هێزی پشتیوانی بەشداری دەكەن و ناچنە ناو شارەكە.
شاری مووسڵ هەشت مانگ لەمەوبەر و لە 9/6/2014 بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆ لەلایەن سوپای عێراقەوە، كەوتە دەستی چەكدارانی داعش كە لەبەری لای رۆژئاوای شارەكەوە چوونە ناوی.
عەقید روكن مەسعود ساڵح، شارەزای سەربازی و یەكێك لەو ئەفسەرانەیە كە پاش ئازادكردنی عێراق بۆ خولی مەشقی سەربازی براونەتە ئەمریكا و ئاگاداری وردەكارییەكانی سەرەتای دروستكردنەوەی وەزارەتی بەرگریی عێراقە ،بۆ (رووداو) روونیكردەوە كە كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ بە سێ قۆناغ دەبێ و گوتی “ئێستا دەست بە قۆناغی یەكەم كراوە كە بریتییە لە چاودێریكردن، كۆكردنەوەی زانیاری، مەشقی سەربازی بە سوپای عێراق و پڕچەككردنی هۆزەكان”. قۆناغی دووەمیش وەك ئەو گوتی، بریتی دەبێت لە “شیكردنەوەی زانیارییەكان و دیاریكردنی ئامانجەكان و دانانی نەخشەی سەربازی و داڕشتنی پلانی شەڕ، پاشان دیاریكردنی كاژێری سفری هێرش و لێدانی رێگاكانی پاڵپشتیكردنی چەكدارانی داعش كە لە سووریا و بەعاج و قائیمەوە دێن. قۆناغی سێیەمیش دەستپێكردنی هێرش دەبێ لە سێ میحوەری رۆژهەڵات و باشوور و رۆژئاوای شاری مووسڵەوە.
دەربارەی رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە لەو هێرشەدا، عەقید روكن مەسعود ساڵح دەڵێ “هێزی پێشمەرگە بەشداریی شەڕی زەمینی ناكات بۆ رزگاركردنی مووسڵ، بەڵكو تەنیا وەكو هێزی پشتیوانی بە چەكی قورس پاڵپشتی سوپای عێراق دەكات. هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی كەمینەكان دەپارێزن لە بەرتلە و حەمدانییە و باشیك و شوێنەكانی دیكە”.
ئەو شارەزا سەربازییە وای لێكدەداتەوە كە هەر میحوەرێكی ئەو شەڕە پێویستی بە 10 هەزار سەرباز دەبێت. لە هەریەك لەو 10 هەزار سەربازە هەشت هەزاریان شەڕكەرن و دوو هەزاریش یەدەك دەبن. ئەو بەجۆرێك لە دڵنیاییەوە دەڵێت شەڕی مووسڵ درێژخایەن دەبێ و رەنگە 10 مانگ بخایەنێ، ئەگەرچی هەندێ فەرماندە پێچەوانەی ئەوە بیردەكەنەوە و وای بۆ دەچن كە هێزەكانی داعش لەناو مووسڵ تووشی داڕمان دێن.
مەسعود ساڵح ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە داعش دەمێكە لە دەوروبەری مووسڵ دەستی بە لێدانی خەندەق كردووە، هەروەها خۆكوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و دانانی بۆمب لە تەنیشت رێگاكان بە شێوەیەكی بەرفراوان ترس دەخەنە دڵی سوپاوە و پێشڕەوییەكانی خاودەكەنەوە. شەڕی نێو شاریش ئەستەمە بەوپێیەی خەڵكی مەدەنی لەنێو شاردا هەیە و ئامانجەكان بەباشی دیارنین، ئەمانە هەموو دەبنە هۆی درێژكردنەوەی ماوەی ئۆپەراسیۆنەكە”.
گوتیشی “هەموو مەزەندەكان وا دەردەخەن كە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو دەست بە هێرشەكە دەكرێ و لە بنەڕەتیشدا ئەو شەڕە نزیكەی شەش مانگ ئامادەكاری پێویستە، ئێستا ئەوە دوو مانگە ئامادەكاری دەكرێ، كەواتە نزیكەی چوار مانگی ماوە”.