محەمەد هەریری: چۆن کورد ڕزگاری دەبێت لە ژێر کاریگەری فۆرمی عەرەبی بۆ ئیسلام؟

0
چۆن کورد ڕزگاری دەبێت لە ژێر کاریگەری فۆرمی عەرەبی بۆ ئیسلام؟
محەمەد هەریری
بەڕای من سۆفیەت لە بنەڕەتدا کە دروست بوو، هەوڵێك بوو بۆ قووڵبوونەوە لە لایەنی ڕووحی و مەعنەویات، و جۆرێك لە یاخیبوونی بێ دەنگانە بوو لەو ڕوحیەتە جەنگاوەرەی کە زاڵە بەسەر کۆی دەقەکانی ئیسلامدا، وەك لە زنجیرەیەک وتار باسم کردوە بە ناوی: ئیسلام وەك ئاینێکی جەنگاوەر!
هەروەها ئەنجامی کارلێکەری عەقڵیەتی میللەتانی نا عەرەبی و عەرەب بوون. بۆیە کە دەڕوانیتە کەسە هەڵکەوتوەکانی تەسەوف لە زۆربەی هەرە زۆریاندا عەرەب نین. میللەتانی ناعەرەب تووشی شۆك هاتن کە بینیان هەڵمەتی سوپایی گەورە وەك گەردەلوولەی بیابان دێت بۆ سەریان بە ناوی دین و لە ژێر دروشمی دینیدا! چونکە بەرلەوە هێرشەکان هەر بە ناوی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەت و سیاسەتی داگیرکردن و ڕووتاندنەوە دەهاتن، وەك هەڵمەتەکان و شەڕەکانی دەوڵەتی ڕۆم وفارس، هەرچەندە قورئان دەیەوێت ڕەهەندێکی دینی بداتە ئەو شەڕانە، وەك شەڕی مەجوسیەت و ئەهلی کیتاب باسی دەکات، و دەڵێت موسڵمانان حەزیان بە سەرکەوتنی ڕۆمەکانی ئەهلی کیتاب دەکرد! بەڵام لە هەقیقەتدا ئەوە تەنها شعوری موسڵمانان بوە کە لە زووەوە تەفسیری دینیان بۆ هەموو ڕووداو و دیاردەیەك کردوە، دەنا ئەو شەڕانە لە ژێر هیچ دروشمێکی دینیدا نەدەکرا، وەك شەڕ و غەزای موسڵمانان.
سۆفیەت هەر بۆیە زۆر زوو دەرکەوت لە گۆڕەپانی ئیسلامدا، ویەکەم کەس کە ناونرابێت سۆفی وەک لە قسەکانی ابن تیمیة و”كشف الظنون” هاتوە [ أبو هاشم الصوفي] کە لە ساڵی سەد و پەنجای کۆچی ١٥٠ هـ وەفاتی کردوە.
بێگومان کوردیش ڕۆڵی کاریگەری هەبوو لە دەرکەوتنی سۆفیەت وگەشەکردنی، شێخ عەبدولقادری گەیلانی و مەولانا خالیدی نەقشەبەندی وسوهرەوەردی کوردبوون ، کە ئەوانە بە کەسە هەرە دیارەکانی ئەو مەیدانە دادەنرێن، جگە لەو کەسایەتیە سۆفیانەی کە سەرەرای مەزنایەتیان، بەڵام شوهرەتیان هەر لە ناو کوردستان مایەوە، وەك مەلای جزیری و مەحوی و ئەحمەدی خانی وگەلێکیتر.
تەریقەتی سۆفی دیاردەیەکی ئیسلامی گشتی بووە، بەڕای من تەنها شێوازی دینداری کورد نەبووە، بەڵکو زۆر لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکانی عەرەبی و فارسی وئەفغانی وهیندستانی وئەفریقایی و مەغریبی وئەندەلوسی تەریقەت لە ناویاندا باو بووە. ئینجا دوو تەریقەتی تەسەوف کە هەبووبێت لە ناو کورددا، تەریقەتی قادری و نەقشەبەندی بوون، یەکەمیان هەتا ئەگەر خاوەنەکەشی کورد بێت، بەڵام لە کوردستان لە دایك نەبوو، بەڵکو لە بەغداوە دەرکەوت وبڵاوبۆوە وگەیشتەوە کوردستان لەوێوە! نەقشەبەندیش هەر لە بوخارا وهیند دەرکەوت، مەولانا بەپێی خۆی چوو بۆ هیندستان و لە شاه عبداللە ی دهلەوی وەریگرت و هێنای بۆ کوردستان، هەرچەندە مەولانا خالید ئیزافاتی خۆشی خستە سەر تەریقەتەکە و سەرلەنوێ بنیاتی نایەوە، و ئەو قۆناغەی تەریقەتەکە بە ناوی ئەو ناونرا: نەقشەبەندی خالیدی! لەبەر ئەو هۆیانە من بە ڕەهایی لەو باوەڕە نیم کە دینداریەکی تایبەت بە کورد بێت، بەڵام دەکریت بڵێین کە تەسەوف نزیکترین شێوازی دینداریە بۆ دەروون و نەزعەی دینداری کوردی، لە سوودەکانی تەریقەتی نەقشەبەندیدا: نووسەری کتێبی النقشبندية نشأتها وتطورها لدي الترك، الدكتورة بديعة محمد عبد العال، الطبعة الأولى القاهرة ، الدار الثقافية للنشر، 2009، ص22: 28، دەڵێت: بە دەرکەوتنی مەولانا خالیدی نەقشبەندی، گیانی زوهد ودینداری زۆر بڵاوبوەوە و ڕێژەی تاوان و دزی و راوەڕووت و ڕێگری زۆر کەم بوەوە لە ناوچە کوردیەکان، ودەڵێت کاریگەری ڕابیتەی سۆفی ڕۆڵێکی گرنگی بووە لە هێورکردنەوەی ئەعسابی خەڵك و دوورکەوتنەوە لە خاتیرەی شەڕ و دووژمنکاری لە دەروونی مرۆڤایەتی! لە ژێر کاریگەری ڕێنوێنی وتەعالیمەکانی مەولانا.
ئینجا تەریقەت توانی خەڵك بپارێزێت لە هیرشی مەزاهیبی توندرەوی سەلەفی، چونکە ئەگەر سەلەفیەت بگەیشتبا کۆمەڵگای کوردی، کوردیش خۆی سروشتێکی جەنگاوەرانەی هەڵچووی هەیە، ئەو کاتە کۆمەڵگای کوردی دەبووە داخراوترین و توندڕەوترین کۆمەڵگای ئیسلامی، ودەبوایە سعودیە بێت لە ئێمەی کورد فێری توندڕەوی بووایە، وەك چۆن ئێستا کەسانێکی تووندڕەوی خۆمان لەوێوە تووندرەویمان بۆ هاوردە دەکەن، تازە بە تازە باسی حەڕامێتی سەیارە لێخوڕین و ناردنی کچ بۆ خوێندنی زانکۆ، ودەم وچاو دەرکەوتنی ئافرەت دەکەن!
سەرەڕای ئەوەش ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی کوردی زیرەك بوایە، کە قەت نەبووە، دەیتوانی سەرەڕای ئەمن وئاسایشی کۆمەڵگا کە ئەو تەریقەتە دابینی دەکرد، سوودێکی زۆری لەو گوێڕایەڵی سەرتاسەریەی بۆ قسەی مەولانا خالید بکردبایە بۆ یەک دەنگی کورد و پڕۆژەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی فراوانی هەموو کوردستان بگرێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە وەك شێخ عەبدولکەریم مودەریس ئاماژەی پیدەکات، کە دەسەڵاتی بابانەکان تۆقیبوون لەبەر گوێڕایەڵی خەڵك و خۆشەویستی خەڵك بۆ مەولانا خالید، هەر بۆیەش ئاگری دووبەرەکێی هەردوو تەریقەتی قادری ونەقشەبەندیان گەرمتر دەکرد، تا ئەو ڕادەیەی مولانا بە ڕاکردن ڕای کرد لە سلێمانی، بۆ ئەوەی هیچیتر کێشەکان پەرەنەستێنن، وپاشاکانی بابان یش تەنها وەك تەماشاکەرێك دویانڕواننیە ئەو هەموو کێشە وبیشەیە بێ ئەوەی هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن!
مەولانا وادەردەکەوێت وەك کوردە هەڵکەوتوەکانیتر نەبوو، کە گەیشتە بەغداد، کوردستانی لە بیربچێتەوە، بۆیە سەڕەڕای ئەو ناوناوبانگەی لە بەغدا دەریکرد و هەزاران موریدی لە دەورە کۆبوونەوە، بەڵام لە یەکەم دەرفەتدا کاتێ محمود پاشای کوری عبدوڵرەحمان پاشای بابان داوای گەڕانەوەی کرد بۆ سولێمانی، یەکسەر گەڕایەوە لە دەوروبەر ١٢٣٠ هـ دا. دوایێ جارێکیتر هەمان بەزمی پێدەکەن تا لە ١٢٣٦ هـ جارێکیتر ڕادەکاتەوە بەغدا و دوایش بۆ دیمەشق، کە هێندە شوهرەت وڕیزدار وپایەدار دەبیت لەناو خەڵکدا، هەتا خەلیفەی عوسمانی لیی دەکەوێتە گوومان ونامە بۆ والی بەغدا دەنیرێت دەربارەی نیازی سیاسی مەولانا خالید!! خوا خێری والی بەغدا بنوسێت کە بەرگریەکی جوانی لێدەکات لای خەلیفە، دەنا لە بەغداشیان وەدەر دەنا! کەوابوو هۆکاری سیاسی و جیاوازی تەریقەتی نێوان قادری ونەقشەبەندی ببوە مایەی نارەحەتی وپشێویەکی زۆر لەناو کۆمەڵگای کوردی! ئەگەر لەسەر دەستی مەولانا خالید ئەو یەکێتیەی چین وتوێژەکانی کورد لەسەر ڕێڕەوی تەریقەت دانەمەزرێت، ئەوە لە نەبوونی
ئەوە ڕاستە تا ڕادەیەکی زۆ کە تەریقەت لایەنی پۆزەتیڤی زۆری هەبووە بۆ کۆمەڵگای کوردی، بەڵام وەك هەر شتێك تەریقەتی سۆفیەت لە ناو کوردا لایەنی نێگەتیڤیشی هەبووە، لەبەر خەلك مەشغولکردن بە زیکر وئەوراد و عیبادەتی زۆر، زیاتر ئەو شێوازە دینداریە گونجاوە لەگەڵ کۆمەڵگای کشتوکاڵی کوردی، ئاسان نییە گونجانی لە ژیانی هاوچەرخدا، دووەم ڕۆڵێکی ترسناکی گێڕاوە لە بڵاوبوونەوەی نەخوێندەوار و جەهل لە کاتی خۆیدا، چونکە هەموو بایەخەکان بۆ لایەنی رووحی ودەروونی بوو، لایەنی فێرکاری بە تەواوی فەرامۆشکرا بوو لەو تەریقەتانە. تەنها بۆ نوخبەیەك نەبێت.

یەکیکیتریش لە لایەنە نێگەتیڤەکانی تەریقتی تەسەوف لە ناو کوردا، خراپ بەکارهێنانی شێخەکانی تەریقەتە بۆ تەعالیمەکانی تەریقەت کە دەڵێت مورید لەگەڵ شێخەکەی یان لەگەڵ مورشید دەبێت هێندە گوێڕایەڵ و مل کەچ بێت، وەك مردوو بێت لە ژێر دەستی مردوو شۆر!! یانی هیچ بیرورا و کەسایەتی و کەرامەتی نە بێت، چی پێگووترا جێبەجیی کات، ئەو شتەش زیاتر قوڵدەکرێتەوە لە ڕێگای جۆری زیکرەکانی تەریقەت وەك لە نەقشەبەندیدا دەبێت مورید ڕوحی مورشید بهێنێتە بیری خۆی کاتێ زیکر دەکات، مورشیدیش ڕوحی پێغەمبەر [د.خ] و پێغەمبەریش خوا!!
هەموو کەسێكیش مەولانا نییە ئیستیغلالی ئەو ملکەچیە و لاشە مردوە وبێ دەسەڵات وبێ ئیڕادەیە نەکات بۆ مەرامە کەسێتیەکانی خۆی، بۆیە شێخەکانی تەریقەتە جیاوازیەکان بە خراپترین شێوە کەرامەتی مرۆڤە شوێن کەوتوەکانی خۆیان دەسڕنەوە، ومرۆڤێکی ترسنۆک وبێ ڕەئی و دەمارگرژی بودەڵە بنیات دەنێن، کە هەموو ئاواتی ئەوەیە دەست وپێ و کەوشەکانی شێخەکەی ماچ بکات! ئەوە لە کاتێکدا لە ئیسلامدا ئەو مرۆڤ پەرستیە نییە، وپێغەمبەر پەرستیش نییە، بەڵکو نابێت زیادەڕۆیش لە خۆشەویستی بکرێت، وهەتا قورئان لە چەندین جێگادا جەخت لەسەر بەشەریەتی پێغەمبەر [د.خ] دەکاتەوە، و پیی دەڵێت: قل انما انا بشر مثلکم! واتە بڵێ من تەنها مرۆڤێکم وەك ئێوە! ئەوەش بۆ ئاسایی کردنەوەی وێنەی پێغەمبەرە لە زهنیەتی ئیمانداران.
بۆیە بەڕای من تەریقەتەکان ئەگەر بیانەوێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لەناو کۆمەڵگای کوردی، دەبێت چاکسازی زۆر گەورە بکەن لە ڕێنوێنیەکانی و جۆرێتی کەسەکانی، و هەوڵی خۆ گونجاندن بدات لەگەڵ ڕۆژگاری هاوچەرخدا، دەنا بەو شێوەیەی ئێستا زۆر زەحمەتە سەرنجی مرۆڤی کوردی دیندار بۆ خۆی ڕاکیشێت. هەرچەندە بەڕای من تەریقەت ناتوانێت بەربەستیەکی تەواو و کاریگەر بکات لە بڵاوبوونەوەی توندڕەوی سەلەفی، چونکە چەندە تەریقەت داوای ملکەچی دەکات لە موریدان وشوێن کەوتووانی بۆ شێخەکان ومورشیدەکان، هێندەش سەلەفیەت دژایەتی ملکەچی دەکات بۆ شێخ و مەشایخەکان، مرۆڤی کوردیش بە سروشت یاخییە زیاتر، هەرچەندە خەڵکی ئاسایی تێناگەن کە سەلەفیەتیش جۆرێکە لە چەپاندن و کۆیلایەتی کردن بۆ دەقگەلێك بە ناوی دەقی پیرۆزی حەدیس و کۆیلەی دەقە زۆروبۆرەکان، وکۆیلەی قال فلان و حدثنا فلان، بە ناوی گوێڕایەڵی بۆ پێغەمبەر [د.خ] !!
بەڕایی من کورد لە کۆنەوە گوزارشی کردوە لە زەرورەتی وجودی مەزهەبێکی سەربەخۆی خۆی، بەڵام لەبەر نەبوونی متمانە بە خۆ، ئەو پڕۆژە تا ئەمڕۆش دواخراوە، کەسێکی وەك شێخ ڕەزای تاڵەبانی لەبەر جورئەتی زۆری لە کۆپڵە شیعرێکدا، سەرەڕای ئەوی کە زیاتر لە ٩٠% کورد سوونی مەزهەبن، بەڵام بە ئاشکرا ئیدانەی مەلای سوونی دەکات وتانە لە مەلای سوونی دەدات ودەڵێت:
بە چۆکا هات قوتەی مل نێرکە کاردو
وەکو بولبول دەخوێنێ وەعز و گوفتار
لە گوێی مەگرن قسەی ئاخوندی سوونی
بە ئاشوبن مەلای سەر لینگە دەستار
بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە کە کەسێکی وا بلیمەت لەو سەردەمەدا وا بیری کردبێتەوە و وا پەست بوبێت لە سوونی بوون و داوا بکات گوێ نەدەنە مەلای سوونی! لەو شیعرەی شێخ ڕەزا لەو سەردەمەدا‌‌‌‌ هەستی بەجیاوازی سروشت و ڕوحیەتی کوردی کردوە لەگەڵ مەزهەبی سووننەكان، ئەوەش مانای مەیلداری شیعایەتی ناگەیەنیت، چونکە رای بەرامبەر شیعەش هەر نێگەتیڤ بووە، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم شێخ ڕەزا هەستی بە پێویستی هەبوونی مەزهەبێکی تایبەت بە کورد کردوە دوور لە سوونە و دوور لە شیعە، وەک چۆن یەمەنیەکان مەزهەبیکی مامناوەندی نێوان شیعە و سوونەیان دروستكردوە بە ناوی زەیدی. خۆزگە زانایانی دینی ئەو سەردەمە بە قەد نیوەی شێخ ڕەزا هەستیار دەبوون، چونکە بەڕاستی جێگای ئەسەفە زانای گەورەی وامان هەیە هەموو ژیانی لە ناو زانستە ئیسلامیەکان سەرف کردوە، کەچی هەر شوێن کەوتەی مەزاهیبە باوەکانە بست بە بست!
ئەمرۆ خۆشبەختانە ئەو بابەتە زۆر بە شێوەیەکی بەهێز لەناو رۆشنبیرانی دینداری کورد دەوروژێنرێت، بەڕای من دەبێت ئەو کارە بە منەوەر و ڕۆضنبیرانی دینداری ناو جەماوەر بسپێردرێت، نەك بە مەلای تەقلیدی کە ناوێرێت قسە لە قسەی فەقیهێکی شافیعیش بکات، نەك ئیمام شافیعی خۆی!
موسڵمانی کورد هەر لە ئێستادا زۆر خاسیەتی عەمەلی وئیعتیقادی تایبەت بە خۆی تێدایە کە دەکرێت کار و توێژینەوەی دەربارە بکرێت، کورد پێویستی بە مەزهەبێکی دینییە:
– کە دوور بێت لەو ناکۆکیە مێژوویە بێ مانایانەی نێوان شیعە وسونە، لە بواری عەمەلیش هەر وایە، کورد هێندە دەربەست بەو مێژووە نیە.
– نزیکتر بێت لە قورئان و هیچ حەدیسێك و قسەیەكی توراسی دینی وەرنەگرێت کە پێچەوانەی قورئان دەکات.
– ئیسلام دابڕێنێت لە ڕوحی جەنگاوەری و بیباتەوە سەر ئەسڵی دینی عیبادەت کردن، و ڕوانینە ئەو دەقانەی کە لەسەر جەنگ وجیهاد هاتوون وەك ئەحکامێکی مەڕحەڵی وتایبەت بە قۆناغی چەسپاندنی دین.
– جەختکردنەوە لەسەر تەوجیهاتە مەدەنی ومرۆییەکانی ئیسلام، ڕاگرتنی هەر ئەحکامێكی مێژوویی کە مەشروعیەتی نەماوە وەك کۆیلایەتی و دەستبڕینی دز، وستیتر، چونکە کە دەستت بڕی دەبێتە کەمئەندام، کەمئەندامیش ئەمڕۆ لە وڵاتانی دونیا دەوڵەت ناچارە هەموو نەفەقاتی ژیانی بکێشێت!
– هەڵگرتنی سزا توندەکانی کە لە قورئاندا نەهاتوە وەك بەردباران کردنی زیناکەران و سزای هەڵگەڕانەوە.
ئەوە جەند سەرباسێك بوون دەکرێت زیاتر تێیدا فراونتر باس بکرێت، هیوادارم بەرچاو ڕوونیەکم کردبێت لەسەر چۆنیەتی ڕزگار بوونی کورد لە کەوتنە ژێر کاریگەری نەتەوەکانی تر.
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com