گرتەیەکی ڤیدۆیی کە چەمکی زانستی سیستەمی پەروەردەو رەهەندی ئەخلاقی پەروەردەکار دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
کەژاڵ نوری
بە بینینی گرتەیەکی ڤیدۆیی، لە سەرتۆری کۆمەلایەتی فەیسبوک ، ئەژنۆم لەرزی، بەهاوارو گریانی مناڵیکی چاو شکێنراو، ورەم بەزی، تاقەتم پروکاو لە بێهودەیی دا چۆکم نیشتە سەرزەوی و کڕنوشێکم بۆ کەرامەت و غروری شکاوی برد. ئەمە چیرۆکی ئەو منالە رەنگ بزڕکاوەیە کە لەو گرتە ڤیدۆیەدا وەدەردەکەوێ، کە لەلایەن کەسێکەوە گیراوە کە هەرخۆشی جێ بەجێ کاری تاوانەکەیە،جائایا مامۆستاکەی بێ یان هەرکەسێکی دیکەی ناو پرۆسەی پەروەردەکردن بێ (پرۆسەی پەروەردەکردن چ لەمال و چ لە خوێندنگە، یان شوێنە گشتیەکانی تایبەت بەپەروەردە )قسەو باسێێکم لە سەری نی یە، هێندەی قسەم لەسەر ناوەرۆکی ئەوڤیدۆیەی بەردەمم و ئەو لێپرسینەوە پۆلیسی ئامێزەی کە لەلایەن کەسێکی ( ؟)داینەسۆر ئاساوە بەرامبەر بە دەم وجاوێکی غەمناک و تاساوو ترساوی منالێکی پەشۆکاو و تەواو دڵتەنگ ئەنجام دەدرێ.
تاوانبارێک کە لە مرۆڤایەتی بێبەری یە، کە پێ دەچێ پاشماوەی هێشتا لەناو نەچوی داینەسورێکی کۆن بێ و لە شێوەو فۆرمی داینەسۆرێکی بچوکی سەردەمدا خۆی دروست کردبێتەوە.
منالێک، قوربانی ! هەر تەواو قوربانی یەکی گەورە.سەراپای ئەو سەرزەنشتەی کە لە میانی ئەو سوکایەتی پێکردنەیدا پێ ی کراوە پرۆسەیەکەبۆ سڕینەوەی هەستی خۆ بە گەورە زانین و برواو متمانە بەخۆبونی بشێوەیەکی هێمنانەو درێژخایەنانە لە سەرجەم قۆناغەکانی ژیانیداو نەهێشتن و سڕینەوەی هەستکرنیەتی بە کەرامەتی خۆی، کە ئەمەش زەنگێکی مەترسی دارە لە خولق و پەروەردەو زهنی داو بۆ هەتا هەتایە لە گەلیدا دەژی و دەیکا بە تاکێکی کەسێتی لاوازو بۆهەمیشە فێردەبێ چاو شۆری و سوکایەتی پێکردن قبول بکات لە هەر رووبەروو بونەوەیەکیدا بێ، بەرامبەر بە هەر کێشەیەک لە ژیانیدا، ئەگەر چارەسەری خێرا وەرنەگرێ بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو ترس وتۆقاندنەی کە بەرامبەری بەکار هینراوە.
ئەو گرتەیە نەک رەهەندە نائەخلاقیەکانی پەروەردەی ناتەندروست گەورە دەکات، بەڵکو ئەو مانایەش لە پرۆسەکە دەسێنێتەوە کە دەیکا بە سیستەمێکی چالاک و پربەرپرسیاریەتی لە مەر پێگەیاندنی زانستیانەی تاکەکانی کۆمەڵگادا، ئەبێ ئێمە لەو راستی یە تێ بگەین کە پەیوەندیەکی ناوەکی توند و هەمە لایەن لە نێوان زانستی پەروەردەیی و تەندروستیی کۆمەلگادا هەیە، بۆ رەخساندنی کۆمەلگایەکی تەواو تەندروست، بە هەموو رەهەندەکانی و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.
کەسی پەروەردەکار پێویستە هەرتەواو ئەخلاقی بێت، بەرلەوەی کەسێکی زانستی بێت، چونکە ئەودوانە دووچەمکی لێک دانەبڕاوو بەیەکدی کۆک و پێویستن، بەلە دەست دانی یەکێکیان پرۆسەی پەروەردە دەبێ بەهۆکاری بەرهەم هێنانی نەوەیەک و هێزێکی ناتەندروستی کۆمەڵایەتی کە لە کەسێتی تاکەکانیدا رەنگ دەداتەوە و ئەگەر کۆمەڵگاش لە وتەرحە گروپ و هێزو کەسێتی شکاوانە پێک هاتبێ، ئەوە ژیانی گشتی وێران دەکات و پەیوەندیە تاکەکەسی و کۆمەلایەتییەکانیش لە سەربنەمای برواو متمانە بەیەکتری کردن و لەپەنای یەکتریدا ژیان لە ناو دەبات.
چارەسەر،چی بکرێت باشە؟
بەر لەهەموو شت پەیام و بانگەوازی من بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگای کوردستانە، بە هەموو ناوەندەکانیەوە بە گشتی و رۆشنبیران ورۆژنامە نوسان زانایان و پسپۆرانی بواری پەروەردەو مرۆف دۆستان و مناڵ دۆستان بەتایبەتی ئەوەیە، هەرچی زوترە وەک زەرورەتێکی ئەخلاقی ومرۆیی لە بەردەم ئەو گرتەیەو هاوێشێوەکانیدا، بێدەنگ نەبین و کەمپێنیک بە ئالیەتێکی تەواو جیاواز لەو کەمپینانەی کە پێشتر سەبارەت هەر روداوو دیاردەیەک راگەیەنراون و سودێکی ئەوتۆیان نەبوەو نەیان توانیووە ببنبە کارتی فشار و کارتێکی سوتاوبون و ئامانجیان نەپێکاوەپێک بهێنرێت، ئەمەش لە پێناوی دوو ئامانج دا، کە یەکێکیان هەنوکەیی یە و ئەویدی پرۆسەیەکی درێژ خایەنە، سەبارەت بە هەنوکەیی یەکە مەبەست لێ ی دۆزینەوەی ئەو تاوانبارەی کە بەو گرتە ڤیدۆیە هەستاوەو هەرچی زوترە پێویستە راپێچی دادگاو لێپرسینەوەی یاسایی توند بکرێت و خۆی و هاوشێوەکانی بە شێوەیەک چاوشکێن بکرێن کە جارێکی دی نەتوانن ئاوا بە ئارامی، ئامێرێکی کۆمۆنیکەیشن بەدەستەوە بگرن و کەفاڵێکی تراژیدیا ئامێزی مناڵێکی هەر تەواو روتکراوە لە چەمکەکانی نەک هەر رێزو بروا بە خۆ پەیدا کردن، بەلکو لێسەندنەوەی هەستی سۆزو بەزەیی ورەحم پێکردنیش تۆمار بکەن و وا بێ باکانە بەرووی کۆمەلگادای وەشان کەن.
ئامانجی دووەمی لە پرۆسەیەکی درێژ خایەن بۆ چاک سازی ریشەیی بواری پەروەردەبێ، پێویستە ئیتر سەراپای سیستەمی پەروەردەو ئەوجەنابی عالی مەقامانەش کە دەسەلاتی یاسادانان و جێ بەجێ کردنیان هەیە، بخرێنە بەردەم لێپرسینەوە لە هەمبەر ئەو سستی و بێ باکی یەی کە لە کارکردن بە سیستەمی نوێ ی پەروەردە کراوە و تا ئێستاش توندو تیژی لەپرۆسەی خوێندن وخوێندنگاکاندا بەرێوە دەچێت، تا ئێستاش کەسی پەروەردەکاری راهێنراو و پسپۆر و شارەزا لە شوێنی شیاوی خۆیاندا دانەنراون و کارەکانین پێ نەسپێراوە، تائێستاش مامۆستایان لە بەرگی پۆلیس دا هەڵسوکەوت لەگەڵ فێرخوازاندا دەکەن و تا ئێستاش بینای خوێندنگاکان هاوچەرخ نین و شوێنی یاریگاو سەوزایی گونجاوو پۆلی هاوچەرخ و خواردنی تەندروست و ئامێرو کەرەستەی زانستی مۆدێرن لە پرۆسەی خوێندن و خوێندنگاکان دا نیە.
پێویستە ئیتر هەموان، وەدەنگ بین لەپێناو گۆرینێکی شمولی پرۆسەی پەروەردەدا و داواکار بین کە هەموو ناتەواویەکان لە رەگ وریشەوە چارەسەربکرێن.
نوچەنێت/ بۆ بینی ڤیدیۆکە کلیک لەسەر وێنەی کەژاڵ نوری نوسەری ئەم بابەتە بکە.
نوچەنێت: تێبینی نوچەنێت ئەو گرتە ڤیدیۆیەی لە پرۆفیلی کەژاڵ نوری وەرگرتووە لە فەیس بووک سوپاس بۆ بەڕێزیان
