مەلا کرێکار:لەهیچ شوێنێک جێگام نابێتەوە تەنها دەتوانم لە دەوڵەتی خیلافە بژیم
نوچەنێت.ههولێر:
نەجمەدین فەرەج ناسراو بە مەلا کرێکار ڕایگەیاند شەڕی داعش شەڕی کورد نیە، کورد دەبێت کەرکوک بپارێزێت نەک بچێت شەڕی موسڵ بکات، دەشڵێت “داعش ناناسم بۆیە ناتوانم قسەی لەسەر بکەم”.
مەلا کرێکار شەوی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند”من کاتێک وتم ئوسامە بن لادن تاجی ئومەتی ئیسلامە لەبەر ئەوەی پێشتر بینیومە ژیاوم لەگەڵیدا و دەیناسم،بەڵام ئەبوبەکر بەغدادیم نەبینیوەو نەناسیومە،بۆیە ناتوانم قسەی لەسەر بکەم، من پەلەم نیە لەسەر دەوڵەتی خیلافەکەی و بۆیە بۆچوونی خۆم ناڵێم لەسەر داعش بێ ئەوەی بیناسم”.
مەلا کرێکار دەشڵێت”پێویستە وەفدێک لەلایەن منەوە بچێت، بۆئەوەی داعش بناسێت، ئەگەر من بۆچونێکی ئیجابی بدەم لەسەریان خۆشم نەچم پێنج بۆ شەش هەزار پێشمەرگەیان پێوە دەلکێت و ٦٠٠ گەنجی کورد لە ئەوروپا گوێ لەمن دەگرێت تاکو بۆچوونی خۆم لەبارەی داعشەوە بڵێم و بچێتە ناویان، من پێم وتوون سەبر بگرن با نەکەوینە واقیعێکەوە کەخەڵکێکی تر دروستیان کردوە”.
کرێکار رونیشكردوەتەوە”نەگەیشتوومەتە ئەو بڕیارەی بڵێم دەوڵەتەی داعش ڕەسمییەو ئاینییە،ئەگەر هەر بڕیارێك بدەم لەبارەی داعشەوە ناترسم و لەبەردەم دادگای نەرویج رایدەگەیەنم”.
مەلا کرێکار لەبارەی گەڕانەوەی بۆ کوردستان دەڵێت “نە لەکوردستان دەتوانین بژین، نە لەنەرویج شوێنی ئێمە لەهیچ شوێنێک نابێتەوە، تەنها شوێنمان لە زیندایە، مەگەر بچین بۆ دەوڵەتی خیلافەکەی موسڵ”.
مەلا کرێکار لە دوای دوو ساڵ و ١٠ مانگ مانەوەی لە زیندانی وڵاتی نەرویجدا، ڕۆژی (٢٥/١/٢٠١٥) لە زیندان ئازادکرا.
مەلا کرێکار ساڵی ١٩٥٦ لە سلێمانی لە دایکبووە. ماستەری لە زانستی فەرمەدەوانیدا هەیە. تێکەڵ بە ڕەوتە ئیسلامییەکان بووە. گروپی ئەنسارولئیسلامی لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دامەزراندوە و بۆ خۆی سەرۆکی گروپەکە بووە تاوەکو ساڵی ٢٠٠٢.
لە ساڵی ٢٠٠٣ دادگای نەرویجی برٍیاری دەرکردنی بۆ مەلا کرێکار دەرکرد،چونکە بە کەسێکی مەترسیداریان دەزانی بۆ ئاسایشی نەرویج.سەرباری ئەوەی دادگای ئۆسلۆ و داگای باڵای نەرویجی بڕیاری دەرکردنەکەیان پەسەند کرد، بەڵام بە هۆی دۆخی عێراقەوە نەگەڕێندرایەوە بۆ عێراق. کرێکار لە ساڵی ٢٠٠٦ ناوی لە لیستی تیرۆری رَێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تۆمار کرا.