لەنێوان قادرى و نەقشبەندى
سوارچاكانى عەشقى ئيلاهى لە حزورى خۆشەويستدا
وەرگێرانى : فەيسەڵ خەليل
كاتێك بەيانى رۆژى هەينى دەچيتە تەكيەى شێخ كاكە لە هەولێر. هەست بەوە دەكەي شێخ ئامادەيەكى بەهێزى هەيە. لەناوەڕاست دانيشتووە، پێشوازى لە موريدەكانى دەكات و دەبينى موريدەكانيش دەستى ماچ دەكەن. ئەو ديمەنە بەردەوام دەبێت تا سەدان كەس كۆدەبێتەوە. ژمارەيان هەندێك جار دەگاتە ٥٠٠ كەس. ئەو كاتە سرودخوێنەكان دەست دەكەن بە خوێندنێكى ناوازە لە گوتنەوەى ستايشەكانى پێغەمبەر. لەگەڵ دەنگى دەفەكان وەك ئەوەى خۆرەى ئاو بێت لە سەروى دوندى چيايەك بێتەخوارەوە بۆ ئەوەى تاڤگەيەك لەناو دەرويشەكان دروست بكات.
ئەوان سەلەوات لەسەر پێغەمبر دووبارە دەكەنەوە. تەنانەت هەندێك لەدەرويشەكان دەگەنە حاڵەتى “وەجد” ئەو كاتە بەگەرمى دەگرين و دواتر لەهۆش خۆشيان دەچن و دەكەونە سەر زەوى. ئەو ديمەنانە تۆ دەبەنە جيهانێكى ديكە، كە ئەويش جيهانى سۆفيگەرييە.
چوونە ناو دونياى سۆفيگەرى لەكوردستان، وەك ئەوەيە بچيتە جيهانێكى داخراو، كە ئەفسانەكان دەخولێنەوە، كەچى پاڵەوانەكان بەزيندوويى دەمێننەوە بۆ ئەوەى بەرهەمەكانيان دووبارە بكەنەوە. ئەوان وادەزانن لە ساتەوەختێك دەژين كە نزيكترن لە خودا.
تەكيەى شێخ كاكە
لەتەكيەى شێخ كاكە، رۆژانى هەينى كۆڕى زيكرى جەماعى لەناو مزگەوتەكە دەبەسترێت. بەشێوەيەك هەموو بازنەيەك دروست دەكەن و چەند دەروێشێكى قژدرێژيش لەناوەڕاست دەوەستن. كۆڕى زيكر بە تەعزيمكردنى خوداى گەورە دەست پێدەكات و دواتريش دەفەكان دەژەنن، هەندێك لەدەرويشەكان بەلاى راست و چەپ هەڵدەبەزنەوە. ئەوانى ديكە لەشوێنى خۆيان لار دەبنەوە و تێرامان دەكەن، هەرهەمووش زيكرى ” الله حەى حەی ” دووبارە دەكەنەوە.
يەكێك لەشێخەكان كۆڕى زيكرەكە بەرێوە دەبات. لە كۆڕێكەوە بۆ كۆڕێكى ديكە بازنەكان رێك دەخات، ئەوانەى تازەش دەگەن دەخاتە ناو بازنەى زيكرەكەوە بۆ ئەوەى بۆشاييەكان پر بكاتەوە. كەچى شێخ رەشيدى كاكە لەگەڵ هەندێك شێخى ديكە لە ميحرابەكە دەوەستن و بەشدارى زيكرەكە دەكەن.
هەركە دەنگى تەپڵ و دەفەكان زياد دەكات، حەماس و پەڕۆيشيش زياد دەكات. تا گەيشتنە ئەو حاڵەتەى يەكێك لە دەروێشە قژدرێژەكان گەيشتە حاڵەتى وەجد و دەستى كرد بەگريان وفيغان، دواتر كەوتە سەرزەوى و بێهۆش كەوت. دواى تەواوبوونى بازنەى زيكر لەناو مزگەوتەكە. دەرويش و موريدەكات پشوويەكى كورت دەدەن، بۆ ئەوەى دواتر لە دەرەوەى مزگەوت بەهەمان شێوە زيكرە سۆفیگەرييەكەى خۆيان دووبارە بكەنەوە.
تەكيە بەناوبانگەكەى شێخ كاكە پەيڕەوى تەريقەتى قادرى دەكات و لەلايەن شێخى رەشيدى كوڕى بەڕێوە دەچێت، ئەو كاروبارى كۆڕى زيكر بەرێوە دەبات و ئاگادارى دەروێشەكان دەبێت. دەروێش و موريدەكان پێيانوايە كۆڕى زيكر لە تەكيە، جۆرێكە لە عيبادەتێكى بەرزى رۆحى كە بەندە پەيوەست دەكات بەخوداوە. ئەو عيبادەتەش بەپێى تێگەيشتنى سۆفى رۆح بەرزدەكاتەوە و بەربەرەكانێى شەهوات دەكات، وا دەكات نەفس لە لەزەتەكان دووربكەوێتەوە بۆ ئەوەى بگاتە سەفاى ئەوليا.
رۆژانى هەيينى، تەكيەى شێخ رەشی لە هەولێر شوێنى بەيەكگەيشتنى هەموو موريدەكانە، لەناوچەكانى هەولێر وگوندەكانى دەوروبەرى دێن بۆ ئەوەى بەشدارى لەو بۆنە ئاينى و كۆمەڵايەتييەى هەفتانە بكەن. سەرەڕاى ئەمەش شێخ رەشيد پێشوازى ئەو ميوانانە دەكات كە بۆ سەلام كردن دێن. تەنانەت هەندێك لەمێوانەكان عەرەبن لە سامەرا و ديالە و موسڵ و بەغدا دێن.
دواى نوێژى هەيينى شێخى مێواندارى موريد و میوانەكان دەكات، سفرەى خواردن رادەخرێت بۆ ئەوەى هەر هەموويان لەحاڵەتێكى برايانەى روحى بەر لە رۆيشتن خواردنەكەيان بخۆن.
سەرەتاى پەيدابوونى سۆفيگەرى
سۆفيگەرى لەجيهانى ئيسلامى لەسەدەى سێيەمى كۆچى پەرەى سەندووە و بڵاوبۆتەوە، كە بانگەشەيان بۆ زوهد و دووركەوتنەوە لە ئارەزووەكانى دونيا كردووە. ئەمەش وەك پەرچەكرارێك بوو لەبەرامبەر ئەو رووچونەى كە لەخۆشگوزەرانى شارستانيەت ئەوسا موسڵمانان تێكەوتبوون. دواتريش ئەمە گەشەى كرد بۆ ئەو رەوتانەى كە دواتر بە سۆفيگەرى ناسرا. لەرووى فيكر و كردارەوە پێشكەوت و دواتر بۆوە چەندين قوتابخانە لەكۆمەڵگاى موسڵمانان. ئەو جۆرە خودا پەرستيەش پەروەردەى دەروونى و بەرزبوونەوەى كۆدەكاتەوە بۆ گەيشتن بە ناسينى خوداى گەورە بە كەشفكردن و موشاهەدە.
لەكوردستانيش سۆفيگەرى بەخێرا لەگەڵ بلاَوبوونەوەى ئايينى ئيسلام گەشەى كردووە. ئەوەى هاوكارى خێرا بلاَوبوونەوەى كردووە، نزيكبوونى كوردستانە لەو شوێنانەى كە سەرەتاى دەركەوتنى سۆفيگەرى بوون وەك بەغدا و كوفە و بوخارا و بەسرا و چەندين شوێنى ديكە. يەكەم دەركەوتنيشى لەكوردستان وەك رێبازێكى فەلسەفى و ئايينى بوو، لە سەدەى چوارەمى كۆچى لەسەر دەستى محەمەدى نوربەخش كە دواتر بە تەريقەتى نوربەخشى ناسرا.
لەكاتى قسەكردن لەسەر سۆفيگەرى لەكوردستان ناتوانرێت باس لەپەيوەندى سۆفيگەرى و سيستەمى كۆمەلاَيەتى خێڵەكى و عەشايەرى نەكرێت كە لەلاى كورد هەيە. دواتر رێباو و قوتابخانەكانى سۆفيگەرى لەلاى هۆزە كوردييەكان بلاَوبۆتەوە بەدرێژايى مێژووش پشتگيرى شێخى عەشيرەتەكانى بەدەست هێناوە. لەهەمانكاتيشدا رێباز و قوتابخانە سۆفييەكان و شێخەكانيان وەك دەسەلاَتێكى ئايينى بوون كە هۆزەكە بەو هۆيەوە رەوايەتى بەبلاَوبوونەوەى دەسەلاَتى دەدا لەناوچەكانى كوردستان.
لەكوردستانى عێراق كۆمەڵێك تەريقەتى سۆفيگەرى هەيە، وەك قادرى و نەقشبەندى لەو تەريقانەدا موريد پەيڕەوى رێنماييەكانى تەريقەت دەكات، هەندێك لەشێخەكانيش لەدانانى تەريقەتى سەربەخۆ خۆيان پاراستووە تەنها پەيوەست دەبن بە چوارچێوەى گشتى تەريقەتى سەرەكى.
شێخ محەمەد خەيلانى، شێخى تەكيەى خەيلانى قادرى لەهەولێر دەڵێ زيكر لەلاى قادرييەكان بەشێوەيەكى ئاشكرايە، بەلاَم لەلاى نەقشبەندييەكان بەشێوەيەكى نهێنييە. هەردوو تەريقەتيش لەسەر هەقن چونكە هەردووكيان گەيشتنە بەخودا و زيكرى خودايە. لە نەريتەكانى زيكريش لەتەريقەتى قادرى ئەوەيە ئەوان بە قيام و عقود زيكرى خوادەكەن وەك لە ئايەتێكى پيرۆزى قورئان ئاماژەى بۆ كراوە.
سەرەراى ئەوەى زيكر لەتەريقەتى قادرى بەنهێني نیە، كەچى هەقيقەتى نهێنى پەيوەندييەكە لەنێوان خودا و بەندەكەيەتى. شێخ رەشيدى شێخ كاكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ” خوداپەرستى زيكر كار لەسەر پاكركردنەوەى دەروونى بەندەكان دەكات. ئەمەش پەيوەنديەكى تايبەتە لەنێوان زيكركار و خودا، چونكە مەوداى راستگۆيى بەندە نازانين تەنها خودا نەبێت. سۆفي راستەقينەش حەز لەوە ناكات كەسێك تايبەتمەندى و نهێنى پەيوەندييەكەى بزانێت”. جگە لەمەش شێخ رەشيد دەڵێ” سۆفيگەرى كرۆكى ئاينى ئيسلام و گەوهەرييەتى. ئەوا لە هەقيقەتى پەيوەندى نێوان بەندەكان و خودا نزيك دەبێتەوە. لەرێگاى خۆىدا سۆفيگەرى بەرەو بەندايەتى دەروات كە مرۆڤى لەپێناو دروست كراوە”.
ئامادەيى سياسى
يەكێك لە توێژەرە كوردەكان كە ناوى سەلام ئيبراهيمە، پێيوايە تەريقەكانى سۆفيگەرى لەكوردستانى عێراق موريد و دەروێشەكانيان بۆ مەبەستى سياسى بەكارهێناوە. سۆفيگەريش لەناو كورد برەوێكى چاكى هەيە چونكە كورد پەرۆشييەكى توندى بۆ سۆفيگەرى هەيە. بۆيە پياوى ئايينى لەلاى كورد هەرچەندە لەرووى زانست و مەعريفە بەهێز بێت، بەلاَم نەيتوانيەوە بەسەر هەستە كەسيەكانى زاڵ بێت ئەمەش بەرەو سۆفيگەرى دەبات. بەلاَم هەندێك لە تەريقەتەكان داواى نەتەوەييان هەبووە بۆ نموونە يەكێك لەو تەريقەتانە كە نەقشبەندييە و لەجەمسەرێكى دا كە مەلا مستەفاى بارزانى بووە، شۆرشى لە سيەكانى سەدەى رابردوو ئەنجام داوە تا دەگاتە حەفتاكان.
هەروەها لەكوردستان پياوانى ئايينى پشتگيرى بزووتنەوەى رزگاريخوازى كوردستانيان كردووە وتێكەڵى ريزەكانى جوڵانەوەى ديموكراسى عێراقى بوون، لەوانە لە ١٩٢٠ و ١٩٤١ و ١٩٥٨ ، جگەلەمەش هەندێك جار ئايينيان بۆ بەرژوەندى دەسەڵاتدار و دەرەبەگەكان بەكارهێناوە. دەرويشيەكانيان لەلادێيەكان بۆ دامركردنەوەى رەوتى شۆرشگێرى جووتياران بەكارهێناوە.
هەندێكيش هەن حكومەتە يەك لەدواى يەكەكانى عێراق، هەر لەسەردەمى داگيركارى ئينگليزەوە تا رژێمى بەعسى بەوە تۆمەتبار دەكەن. كە هەست و سۆزى جووتيارانى كوردى لەرێگاى پيرۆزكردنى وەلى و سۆفيگەرى بەكارهێناوە، گوايە ئەو حكومەتانە كۆمەكى ئاغا و بەگ و شێخەكانيان كردووە لەرێگاى سازدانى رێورەسمە ئايينيەكان خەڵك گومڕا بكەن و خەباتى جووتياران لە رێرەوەى نيشتمانى و رزگاريخوازى خۆيان لابدەن.
توێژەرێكى ديكەى كورد كە ناوى محەمەد ساڵحە، پێيوايە كە سۆفيگەرى لەلاى سوڵتانى توركەكان بەكارهاتووە. و پارێزگاريان لێكردووە ئەمەش بۆتە هۆى پارچە پارچەكردنى گەلى كورد، هۆكارێكيش بووە بۆ لاوازبوونى كورد. سەرەراى هەموو بۆچوونەكان تەريقەتەكانى سۆفيگەرى لەكوردستان روخسارێكى گۆرەپانى سياسين و شێخەكانى سۆفيگەرى دەسەلاَت و كاريگەرى خۆيان دەكەنە يەكێك لەبنەماكانى دەسەڵاتيان، بۆ تێپەڕاندنى هەر سياسەت و هەڵوێستێكى سياسى. بەلاَم لەكۆتايدا هەوڵى دەروێشەكان بۆ گەيشتە بەخودا، لە هەر هەينيەكى كۆڕى زيكردا. ديمەنى روحانى ئەوان جێگاى بايەخە دوور لەهەر باكگراوەندێكى كۆمەڵايەتى و سياسى .
دەروێشەكانى تەكيە
دەروێش لەلاى سۆفيگەرى ئەو كەسەيە كە نەزرى لەنەفسى خۆى گرتووە بۆ پەرستن و خۆتەرخانكردن لەپێناو خودا. هەڵسوكەوتى دەروێش لەتەريقەتيكەوە بۆ يەكێكى ديكە دەگۆڕێت. لەزۆرترين حاڵەتدا ئەو لەگەڵ ئەو فەلسەفەيە يەك دەگرێتەوە كە دەڵێ هەموو شتێك لەگەردووندا دەخوڵێتەوە لەوانە رۆژ و مانگ و ئەستێرە و هەسارەكان و سوڕى خوێن لەجەستەدا. جا بيرۆكەى دەروێشەكان وەك لە وڵاتى شام بە مەولەويە ناو دەبرێت، لەوە وەرگيراوە كە هەموو شتێك لەخولانەوە دايە وەك ئيعتراف كردنێك بەخالق. دەرويشەكانيش نازناوى سوارچاكى عەشقى خودايى بۆ خۆيان بەكاردەهێنێن ، ئەوان بەرێتێمێكى ئايينى داواى تۆبە و غوفران لەخودا دەكەن.
دەروێشى لەسۆفيگەرى تايبەتە بەپياوان، ئەمەش لەبەر ئەستەمى و ترسناكى. گەوهەرى ئەو وەرزشەش بريتيە لە زاڵبوونى تەواو بەسەر دەروون. هەردەم بە سەرپەرشتيارى شێخ ئەنجام دەدرێت ئەو ئيزن دەفەرمۆى بۆ سەركەوتنى. دەروێش هەر لەسەرەتاى تەمەنييەوە دەست دەكات بە ئامادەبوون لە تەكيە و كۆڕەكانى زيكر. لەباوكيشى فێرى هەموو هونەرەكانى دەروێشى دەبێت. لە قادريەت دا دەروێشى بەوە پێوانە دەكرێت كە چەند دەروێشەكە دەتوانێ تەنى تيژ بخاتە جەستەى ئەگەرهاتوو ترسناكيش بێت. زەكەريا عەبدولجەواد پسپۆر لە فيكرى فەلسەفى سۆفيگەرى روونى دەكاتەوە، ئەوانەى ئەو كارانە دەكەن پێيانوايە ئەمە شێوازێكە بۆ گەرانەوەى دەروون بۆ هەق و دروستى. بەڵام ئەو رێگايەك نييە كە تەنها پێويست بێت ئەنجام بدرێت.
كەچى هەندێك لە سۆفيگەران لەگەڵ ئەو شێوازانەى لێدان و ئەزيتى جەستەيى رێك ناكەون، بەڵكو تەنها كاريان درێژكردنى قژ دەبێت ئەمەش وەك كاریگەربوون بە سوننەتى پێغەمبەر. ئەمەمان لە تەكيەى شێخى رەشيدى شێخ كاكە بينى. لەگەڵ سەماى دەروێشانە بۆ گەيشتن بە قۆناغى وەجد . لە تەريقەتى قادريش دا بازنەى تايبەتى زيكر بۆ ژنان هەيە كە لەلايەن ئافرەتێكەوە بەڕێوە دەبرێت بە خەليفەى شێخ ناودەبرێت.
تەكيە يان خانەقا، بريتيە لەخانەى خوداپەرستى سۆفيگەرى، كە مزگەوتێك دەكەنە مەڵبەندى خۆيان، سەرۆكى تەريقەتيش شێخ يان پيرە كە بە رێنيشاندەر و زەعيمى رۆحى موريد و دەروێشەكان دادەنرێت. خانەقاش جێگايەكە بۆ داڵدەدانى دەروێشەكان، بۆ خوداپەرستى و زوهديان. وشەى تەكيە لە تەريقەتى قادرى بەكاردێت لەبنەڕەتەوە لە دوو وشە پێكهاتووە كە يەكێكيان بەماناى تاك دێت و ئەويش بەماناى شوێن دێت واتە شوێنى تاك. كەچى لەلاي تەريقەتى نەقشبەندى وشەى خانەقاه بەكاردێت كە ئەويش لەدوو وشە پێكهاتووە كەوشەکەش توركيە، خان واتە سوڵتان يان دەسەڵاتدار، كەچى قاه بەماناى شوێن دێت ئەميش شوێنێكە بۆ خوداپەرستى وزيكركردن.
لە رۆژنامەى ئيتحادى ئيماراتى وەرگيراوە