سۆفيگەرى وەك جێگرەوەى ئيسلامى سياسى
نوچەنێت- ئەلعەرەبى چاپى لەندەن
بزوتنەوەى سۆفيگەرى وەك ئەلتەرناتيڤێكى جدى بزوتنەوە ئيسلاميەكانى تر خۆى دەنوێنێت، كە دەتوانرێت پشتى پێببەسترێت بۆ دەرهێنانى شارستانيەتى عەرەبى لە زيندانى ئيسلامى سياسييەوە بەرەو ئاسۆيەكى پەسەند تر.
سۆفيگەرى ئيسلامى چەندين خاسيەتى ئەوتۆى هەيە، كە بەهۆيەوە توانيويەتى رەگ دابكوتێ لە هەموو جيهانى ئيسلاميدا، تەنانەت وڵاتە ئيسلاميەكانى تێپەڕاندوە و بەرەو رۆژئاوا گوازراوەتەوە، لەم سەردەمەدا بە جۆرێك پێشوازى لێدەكرێت كە هەرگيز لە پێشوودا بەخۆيەوە نەبينيوە.
لە ميانەى لێكۆڵينەوەيەكدا كە زانكۆى ييلى ئەمريكى ئەنجاميداوە، دەركەوتوە كە سێيەكى ناوچەكانى جيهان لە رێگەى سۆفيگەرييەوە ئيسلاميان پێگەيشتوە، ئەم ئەنجامەش توێژەرى ئەمريكى جيزيلا وێب دوپاتى دەكاتەوە:” سۆفييەكان ئيسلاميان بۆ ناوچەكانى دەرەوەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست گواستوەتەوە، هەر لەو چوارچێوە باوەدا، سۆفيەكان هەمان رۆڵ دەگێڕن لە ئەمريكا”.
توێژەكانى كۆمەڵگە عەرەبييەكان لە رابردوودا لە سۆفيگەرى و مەسەلە رۆحيەكان دوور بوون ، بەڵام ئێستا بەرەو سۆفيزم دەچن و بەشدارى دەكەن لە چالاكييە سۆفيگەرييەكاندا. مرۆڤى سۆفى دواى ئەوەى گوێى لە دەربڕينێكى “زی نون” يان بەيتە شعرێكى رابيعەى عەدەوى يان پارچەيەكى سۆفييانەى شازلى يان وتەيەكى نەقشبەندى، يان سرودێكى وەسفى سۆفيگەرانە دەبێت، بە شێوەيەكى جياوازتر هەست بە ژيان و بوون دەكات.
لەگەڵ راپەڕينەكانى بەهارى عەرەبى زۆر لە ئەندامانى رەوتە ئيسلاميەكان، توانيان وتارە دينيەكانيان بگەيەننە بەشێكى بەرفراوانى گەلان. ئەمەش بە رێكەوت نەبو بەڵكو درێژبوونەوەيەكى سروشتى ئەو كەناڵە ئاسمانيانە بوو، كە ببوە بەديلى راگەياندنى فەرمى دەوڵەت لەبارەى ئەو كێشانەوە كە پەيوەنديان بە ئايينەوە هەبوو. بەهۆى ئەوەى دەوڵەت بەشێوەيەكى فەرمى وتارى ئايينى نەگرتبوە خۆى بۆ ئەوەى پێداويستييە ئايينيەكانى خەڵك پڕبكاتەوە، ئەندامانى ئەم رەوتانە توانييان ئەو بۆشاييە پڕ بكەنەوە، بە دابەزينيان بۆ ناو واقيعى خەڵك و خەمەكانيان و خستنەڕووی پێشنیاری چارەسەر بۆ كێشەكانيان.
لەناو چوارچێوەى ململانێ مەزهەبيەكانى نێوان بزوتنەوە ئيسلامييە سياسييەكاندا، جوڵانەوەى سۆفيزم توانى هەوادارى زۆر بۆخۆى رابكێشێت، بە رەچاو كردنى سروشتى بزوتنەوەى سۆفيزم كە بە جوڵانەوەيەكى هێمن و ميانڕەو جيا دەكرێتەوە، هەروەها بەهۆى فشارى زۆرى كۆمەڵە ئايينييەكانى ترەوە كە گەنجانى بێزاركرد لە رەوتى توندڕەوانەيان.
رەوتى سۆفيزم تەنها وەك رەوتێكى رۆحى ناو ئيسلام يان تێگەيشتنێكى تايبەتى رێنمايى و فەرزە ئاينييەكان خۆى نانوێنێت ، بەڵكو لە ناوەرۆكى سۆفيزمدا چەندين ئەڵتەرناتيڤى كلتوورى و كۆمەڵايەتى و روانگەى گشتيی بۆ سياسەت هەيە. سۆفيزم لە چوارچێوەى سياسيدا وەك ئەڵتەرناتيڤێكى جدى و گونجاو سەير دەكرێت كە دەتوانرێت پشتى پێببەسترێت بۆ دەرهێنانى شارستانيەتى عەرەبى لە بازنەى ئيسلامى سياسى بەرەو ئاسۆيەكى پەسەندتر، كە تيايدا بنەما گشتييەكانى سۆفيگەرى سەردەكەوێت بەسەر ئەو هەموو وردەكاريانەى ئيسلامييە سياسييەكان خەڵكيان پێوە ماندوو كردوە و دڵى زۆر خەڵكيان لە ئيسلامى سياسى رەنجاندوە.
لە سايەى ئەو ململانێ سياسى و ئايينيەى لە نێوان رەوتە ئيسلامييەكاندا هەيە ، ميسر وەك نموونە، گەنجەكان گرنگى زۆرتر بە سۆفيگەرى دەدەن وەك رێچكە و وەك ئەزمونێكى جياواز، ئەمەش رەنگە لەبەر ئەوە بێت، كە لەم شێوازە دينداريە سياسيەى ئێستا بێزار بوون و هەست دەكەن خەريكە ئەو رەوتانە لە ئامانجە ئايينيە راستەقينەكەى خۆيان دور دەكەونەوە، بۆ پڕ كردنەوەى خوليا ئايينييەكانيان گرنگييەكى بەرچاو بە دەركەوتەكانى ئەم رەوتە رۆحيە دەدەن، لە ئەدەب و هونەر، گرنگى دەدەن بە گوێگرتن لە سۆفيەكان و ئەو گێڕانەوانەى بابەتەكانيان سۆفيگەرانەيە و كەسايەتيەكانيان سۆفين، وەك رۆمانەكانى سالم بن حميش و عەبدولئيلاه بن عەرەفە، هەروەها ئەو نوسينە فارسيانەى كە وەرگێڕاونە سەر زمانى عەرەبى وەك نوسينەكانى ئيدريس شا، هەروەها بنەماكانى چل عەشقى ئەليف شافاقى توركى.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سۆفيزم وەك بزوتنەوەيەكى پێنەگەيشتوو لە بوارى سياسيدا دەبينرێت بەتايبەت لەڕووى كارى رێكخراوەيى و چۆنێتى مامەڵەكردن لەگەڵ سياسەت و سياسييەكان.
شارەزايان دوپاتي دەكەنەوە كە بڕياردان و هەڵوێست وەرگرتن و دروستكردنى هاوپەيمانيەكان بابەتى قورسن بەلاى سۆفيەكانەوە بە رەچاو كردنى ئەوەى كە باكگراوند و شارەزايي كلتورى سياسيان نيە و لە روانگەى سۆفييەكانەوە، پياوى ئايينى دەبێت ئامۆژگارى فەرمانڕەواكان بكات تا خۆيان چاك بكەن، نەوەك خۆى داواى پايە و دەسەڵات بكات.
ئەمەش وا لە بزوتنەوەى سۆفيگەرى دەكات كە بەشێوەيەكى گشتى زياتر دوچارى بەكارهێنان ببێتەوە لەلايەن دەسەڵاتەوە ، بێئەوەى ئەو بزوتنەوانە تواناى سەربەخۆيي و بڕياردان و بەشداريكردنى بەهێزى سياسيان هەبێت.
بەڵام وەك توێژەرى ئيتالى جۆزێبى سكاتولينى دەڵێت ” هيچ بوارێك نيە بۆ دووبارە وتنەوەى ئەو بۆچوونانەى كە هەندێك لە رۆژهەڵاتناسە سەرەتاييەكان دووبارەيان كردەوە، كاتێك بۆ يەكەمجار هۆنراوەكانى جەلالەدينی رۆمييان دۆزيەوە كە تيايدا هەستى رۆحى و عيرفانى زۆر قوڵيان تێدا بينى كە بە تەواوى جياواز بوو لەو شێوازەى لە پڕتووكە فيقهيە كلاسيكييە ئيسلامييەكاندا هەبوو، هەندێك كەس پێيان وابوو كە لە ئاينى بوزيەوە ئەم روانگانەى وەرگرتوە، لەبەر ئەوەى رومى لە شارى “بەلخ” ى ئەفغانستانەوە هاتبوو، كە زۆربەى دانيشتوانەكەى پەيڕەوەى ئاينى بوزييان دەكرد ، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنى لێكۆڵينەوە رۆژهەڵاتناسيیەكان وەك لێكۆڵينەوەكانى مانيسۆنى رۆژهەڵاتناس دەركەوت، كە سۆفيزم لە قورئان و سوننەتەكانى پێغەمبەر(د.خ) هاتوە، هەروەها سۆفيزم دەتوانێت بەديلێكى گونجاو و باش بێت بۆ ئيسلامى سياسى شكستخواردوو”.